|
"ته‌نیا رێگای پاراستنی ده‌سه‌ڵاته، شه‌ڕێكی به‌رده‌وامه"،
چه‌ند دێڕێك له‌مه‌ر بیر و ئه‌ندێشه‌ی لئۆ شتراوس، یه‌كێ
له ئیلهامده‌رانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

سه‌ره‌تا
مه‌به‌ست له‌م وتاره لێكدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆشباوه‌ڕانه‌ی
هیزه سیاسییه‌كانی كوردی سه‌باره‌ت به ئه‌مریكا نییه،
به‌ڵام پێموایه ئاگاداربوون له هه‌ندێ له بنه‌ماكانی
فكریییه‌كانی تاقمی ده‌ورانپشتی بووش و هه‌روه‌ها به‌شێ له
بنه‌ماكانی سیاسی ئیداره‌ی بووش زیانی نییه. دیاره ئێمه‌ی
كورد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌شێكی زۆر له كارته‌كانمان
له‌م یارییه سیاسییه‌دا دۆڕاند و له‌بڕی پشتبه‌ستن به
هێزی خۆمان و به‌تایبه‌ت له‌بڕی كه‌ڵكوه‌رگرتن له هێزی
خه‌ڵك، هه‌ولمان داسیاسه‌ته‌كانمان له سه‌ر ئه‌ساسی
به‌ڵێنیی نادیاره‌كانی ئه‌مو ئه‌و كاربه‌ده‌ستی ئه‌مریكی
داڕێژین. سیاسه‌تی كوردی له باشوری كوردستاندا تا ئێستا
سیاسه‌تی داكۆكی له ئه‌مریكا نه‌بووه، به‌ڵكو
خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێكی ته‌واو بووه و ئه‌و چه‌شنه
خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌ش له عورفی سیاسی‌دا ته‌نیا بایه‌خی
كوردی هێناوه‌ته خوار و نادڵنیایی وڵاتانی ئوروپایی لێ
زیاد كردووین.
به‌هه‌ر حال ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه تا راده‌یه‌ك تیشك
ده‌خاته سه‌ر به‌شێ له بنه‌ماكانی سیاسه‌تی ئه‌مریكا، ئیتر
با هه‌ر كه‌سه خۆی ئه‌نجامی خۆی لێ هه‌لێنجێ.
شتراوس كێ بوو؟
تا ئه‌م دواییانه لئۆ شتراوس، ماموستای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
و یه‌كێ له بیركارانی نوێكۆنسێرڤاتیزمی ئه‌مریكا، له
ده‌ره‌وه‌ی دنیای ئاكادێمیدا ناوێكی هینده ناسراو و
به‌ده‌ره‌وه نه‌بوو. به‌ڵام دوای هاتنه‌سه‌ركاری جۆرج بوش
ناوی شتراوس به‌رده‌وام له كۆڕ و كۆمه‌ڵی جیاوازدا
ده‌بیسترێ. شتراوس كێ بوو و بیری ئه‌و چ پێوه‌ندییه‌كی به
سیاسه‌تی ئێمڕۆی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تی 'بوش'ـه‌وه هه‌یه؟
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م تا راده‌یه‌ك رۆشنایی بخه‌مه
سه‌ر هه‌ندێ له ره‌هه‌نده‌كانی فه‌لسه‌فی شتراوس و دواییش
ئاماژه‌یه‌ك به پێوه‌ندی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی شتراوس
له‌ته‌ك سیاسه‌تی (ده‌ره‌وه‌ی) ئێستای ئه‌مریكا بكه‌م.
به‌ر له هه‌موو شت چه‌ند دێڕێك سه‌باره‌ت به شتراوس و
ژیانی ئه‌م فیلسۆفه.
لئۆ شتراوس له ساڵی 1899 له ئا‌ڵمانیا له دایك بوو و له
ساڵی 1938 دوای راكردنی له ده‌ست نازییه‌كانی هیتله‌ری
په‌نای برده ئه‌مریكا و تا كۆتایی ژیانی هه‌ر له‌وێ
نیشته‌جێ بوو. به‌ر له راكردنی بۆ ئه‌مریكا له‌ژێر
چاوه‌دێری ماموستایانی به‌ناوبانگی فه‌لسه‌فه له
ئالمانیادا (له‌وان: كاسیرێرCassirer،
هایدێگێرHeidegger
و شمیت
Schmitt)
ده‌رسی خوێندبوو و ماوه‌یه‌كیش له كه‌مبریج و پاریس
خه‌ریكی توێژینه‌وه بوو. دوای هاتنی بۆ ئه‌مریكا
ماوه‌یه‌ك وه‌ك ماموستا له ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ی
زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و پاشانیش بۆ ماوه‌ی بیست
ساڵ له زانستگای شیكاگۆدا وانه‌ی فه‌لسه‌فه و زانستی
سیاسی گووته‌وه. شتراوس له ساڵی 1973دا له شاری
ئاناپۆلیسی مێریله‌ند
Annapolis, Maryland
كۆتایی به ژیانی دێت. ئه‌م فیلۆسۆفه نووسه‌ری نزیك به
بیست كتێبه و ته‌فسیره‌كانی ئه‌و له فیلسۆفه
به‌ناوبانگه‌كان كۆن و هاوچه‌رخ مشتومڕێكی فره‌ی له‌سه‌ر
بووه و به‌تایبه‌ت ته‌فسیری ئه‌و سه‌باره‌ت به ئه‌فڵاتۆن
و گزێنۆفۆن هه‌ڵایه‌كی زۆری له كاتی خۆیدا ساز كرد و
هه‌روه‌ها هه‌ندێ جاریش وه‌ك نوێئه‌ره‌ستۆیست باسی
لێده‌كه‌ن.[i]
شتراوس دوای مردنی تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ته‌نیا وه‌ك
یه‌كێ له فیلسۆفانی سیاسه‌ت له بواری ئاكادێمیدا باسی
لێده‌كرا، به‌ڵام به‌تایبه‌ت دوای ده‌سه‌ڵاتگرتنی ئیداره‌ی
بوش ناوی ئه‌م فیلۆسۆفه له زۆر شوێنان وه‌ك باوكی
نوێكۆنسێرڤاتیزم و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌مریكا ده‌بیسترێ. دیاره شتراوس ته‌نیا بیركارێكی
كۆنسێرڤاتیڤ نه‌بووه و كه‌سانێكی زۆر ناسراوتر و
ناوبه‌ده‌رتر له‌و ده‌وری خۆیان گێراوه، به‌ڵام شتراوس
گرینگ‌ترین فیلۆسۆفێك بووه كه به‌تایبه‌ت له كۆتایی
په‌نجاكان و دوای شێسته‌كان، بازنه‌یه‌كی رۆشنبیری ساز كرد
و دواتریش ئه‌وه ته‌نیا شتراوس بوو كه توانی
قوتابخانه‌یه‌كی فكری پێك بێنێ و ئێستا ئێمه شتێكمان به
ناوی بورهامیسم یان مێیه‌ریسم نییه، كه‌چی شتراوسیسم وه‌ك
قوتابخانه‌یه‌كی نوێكۆنسێرڤاتیڤ هه‌یه.[ii]
به‌شێكی گرینگی ئه‌ندامانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئێستای ئه‌مریكا له ڕێڕره‌وانی
شتراوس پێكهاتوون و ئه‌و كه‌سانه ده‌ورێكی به‌رچاویان له
دارشتن و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی سوپایی و ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌مریكادا هه‌بووه و هه‌یه. له‌وانه‌ی كه زیاتر له
هه‌مووان وه‌ك رێڕه‌وێكی خه‌ستی شتراوس ئاماژه‌ی
پێده‌كرێت، پۆل ڤۆلفۆویتس
Paul Wolfowitz
جێگری وه‌زیری به‌رگرییه (كه ئێستا وه‌ك ڤۆلفۆویستی
عه‌ره‌بی و، وه‌ك دارێژه‌ڕی ستراتێژی ئه‌مریكا دوای
یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر ده‌ناسرێ). هه‌روه‌ها ڤیلیام كریستل
William Kristol
سه‌رنووسه‌ی
Weekly Standard
و گه‌ری شمیت
Gary Schmitt
به‌رپرس و كارگێڕی تاقمی
پرۆژه بۆ سه‌رده‌می نوێی ئه‌مریكا[iii]
چه‌ند كه‌سێكن كه له‌م ره‌وته‌دا و له‌م تاقمه‌دا
ده‌ورێكی به‌رچاویان هه‌یه. ئه‌م گروپه شه‌ش ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زرا و كه‌سانێكی فره به‌ناوبانگی
ده‌زگای ئیداری بوش له‌ودا ئه‌ندامن، له‌وان جێگری سه‌ره‌ك
كۆمار دیك چه‌ینی
Dick Cheney
و ره‌ئیسی پێنتاگۆن دۆنالد رامسفێلد
Donald Rumsfeld
تێیا ئه‌ندامن.[iv]
بوش خۆی له وتارێكیدا ئه‌ندامانی ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ك
كارامه‌ترین بیركارانی ئه‌مریكا نێو ده‌بات و ده‌ڵێ كه
هه‌ر ئێستا نزیك به بیست كه‌سی ئه‌م تاقمه‌یه له
ده‌وڵه‌تی ئه‌ودا خه‌ریكی كار و خزمه‌تن.[v]
یه‌كێكی دیكه له‌م كه‌سانه، به وته‌ی سه‌یمۆر هێرش
Seymour Hersh
یه‌كێ له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی گۆڤاری
The New Yourker’s،
ئه‌برام شولسكییه
Abram Shulsky.
شولسكی هه‌ر ئه‌و كه‌سه بوو كه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه
كرد كه مه‌سه‌له‌ی سه‌دام به "القاعده" ببه‌سترێته‌وه
و پێی وابوو به‌م چه‌شنه مه‌سه‌له‌ی خۆتێهه‌ڵقورتانی
سوپایی ئه‌مریكا له عێراق گه‌لێ ئاسانتر و بێهه‌ڵڵاتر
ده‌بێت. هه‌روه‌ها یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌ك
بنیاتنه‌ری نوێكۆنسێرڤاتیزمی ئه‌مریكا و رێڕه‌وی شتراوس
ده‌ناسرێ، ئا‌لبێرت ڤولشته‌تێر
Albert Wohstetter،
پرۆفسۆری ماته‌ماتیك و ستراتێژی سوپاییه، كه هه‌ر به
وته‌ی سه‌یمۆر پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی شه‌خسی له نێوان و
ئه‌و و پێرل و ئه‌حمه‌د چه‌ڵه‌بیشدا هه‌یه. چه‌له‌بی
قوتابی ڤۆلشته‌تێر بوو و دوای ده‌سه‌ڵاتگرتنی بوش
پێوه‌ندیی خۆی له‌ته‌ك رامسفێلد و هه‌روه‌ها ده‌گله‌س
فه‌یس و لویس لیبی[vi]
به‌هێزتر كرد.[vii]
دیاره له‌م دواییانه‌دا جێگای پێ لێژ كراوه و ئه‌و
پله‌یه‌ی بۆ نه‌ماوه.
شتراوس، مافی سروشتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
شتراوس خۆی وه‌ك جووله‌كه‌یه‌ك مه‌سه‌لی جووی وه‌ك پرسێكی
هه‌میشه‌یی له كاره‌كانیدا پاراست و سه‌رنجی تایبه‌تی
به‌م مه‌سه‌له‌یه دا. خودی ترادیسیۆنی رۆژئاوا له‌ڵای
شتراوس له سه‌ر دوو كۆڵه‌كه‌ی فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ی
یۆنان و ئاینی جوو راوه‌ستاون. "له هه‌موو
روانگه‌یه‌كه‌وه وا پێده‌چێ كه خه‌ڵكی جوو، خه‌ڵكێكی
هه‌ڵبژارده‌وه بن، هه‌رنا به‌م مانایه كه گرفتی
جووله‌كه یه‌كێكه له خویاترین هێماكانی گرفتی مرۆڤ تا
ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌م كێشه‌یه وه‌ك پرسێكی سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تی ببیندرێ" (شتراوس،143 :1997). له‌م روویه‌وه
شتراوس پێی وابوو كه سیستمێكی لیبراڵی به ڵانی زۆره‌وه
ده‌توانێ ته‌نیا له ئاستێكی سیاسی‌دا پێشی جیاكاری و سته‌م
له جووله‌كه بگرێ، به‌ڵام ئه‌و جیاكارییه له ژیانی
رۆژانه‌ی خه‌ڵكدا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه و بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر
لیبرالیزم بیه‌وێ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م بواره خسوسییه
بكا، ئه‌وسا ناكۆكی له‌گه‌ڵ پرینسیپه بنچینه‌ییه‌كانی
خۆیدا ده‌بێ. سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تێكی یه‌هوودیش بۆ
شتراوس چاره‌سه‌ری كێشه‌ی جووله‌كه نه‌بوو و پێیوابوو كه
ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وا لایه‌نی ئایه‌تی و پۆزیتیڤی خۆی ده‌بێ
به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه جیاوازییه‌كی ئه‌وتوێی له‌گه‌ڵ
پرۆژه‌یه‌كی لیبرالیدا نابێ. بۆ شتراوس چاره‌سه‌ری كێشه‌ی
جووله‌كه به‌ند بوو به تێگه‌یشتنێك، كه مه‌سه‌له‌ی
جووله‌كه‌ی ته‌نیا وه‌ك كێشه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی
نه‌ده‌دیت، به‌ڵكو ئه‌و كێشه‌یه‌ی ده‌به‌سته‌وه به
ناوه‌رۆكی ئه‌و ئیلهام و ’وحی‘ یانه‌ی له تۆراتدا
هاتبوون. بۆیه لای شتراوس كێشه‌ی جووله‌كه هێماكه‌ری
گرفتی مرۆڤ بوو له شارستانییه‌تی رۆژئاوادا و بۆیه‌ش
تێگه‌یشتنێك له رۆژئاوا ته‌نیا له چوارچێوه‌ی
خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز له ته‌وراته مومكینه.
دیاره له ڵای شتراوس ئه‌وه ته‌نیا ته‌ورات نییه كه
كۆڵه‌كه‌ی شارستانییه‌تی رۆژئاوای پێكدێنێ، به‌ڵكو
كۆڵه‌كه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌م پێكهێنانه‌دا كه به‌هه‌مان
راده ده‌وری گێڕاوه، میراتی فه‌لسه‌فی یۆنانی كۆنه.
بۆیه‌ش هه‌رچه‌شنه لێكدانه‌وه‌یه‌ك له كێشه‌كانی مرۆڤ
به ڵای شتراوسه‌وه ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌و دوو میراته‌ی
(ئایینی جوو و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان، یان خود ئاتێن و
یورۆشه‌لیم) بدا. شتراوس له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه ژیان و
بوونی ئێمه راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ به‌رهه‌می
رابردوویه و ئه‌و رابردوویه‌ش به باشترین شێوه به ناوی
دوو شاری ئاتێن و یورۆشه‌لیم وێنا ده‌كرێت بۆیه‌ش "بۆ
ئه‌وه‌ی له خۆمان تێبگه‌ین و رۆشنایی بخه‌ینه رێگای
نه‌خشنه‌كراوی داهاتوو، ده‌بێ ئێمه له ئورشه‌لیم و ئاتێن
تێبگه‌ین" (شتراوس، وه‌رگیراو له ئۆر، 179 :1995).
وه‌كشتراوس ده‌نووسێ، "شارستانییه‌تی رۆژئاوا له دوو ماك
پێكهاتووه، دوو ریشه‌ی هه‌یه كه [ئه‌و ماكانه] له
ناته‌باییه‌كی ریشه‌یی له‌ته‌ك یه‌كتردان. ئێمه ده‌توانین
ناوی ئه‌و ماكانه ، هه‌ر وه‌ك من له شوێنی دیكه
كردووه‌مه، بنێین ئورشه‌لیم و ئاتێن، یان بۆ ئه‌وه‌ی
به‌زمانێكی مێتافۆرانه نه‌دوێن، [ئه‌و ماكانه بریتین
له] تۆرات و فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان" (شتراوس، 104 :1997).
به‌م شێوه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مێژووی رۆژئاوا بۆ
شتراوس بریتییه له دوو سه‌رچاوه و ئاراسته‌ی جیاواز و
ناته‌با. دیاره شتراوس ئه‌و ناته‌باییه ته‌نیا وه‌ك
شتێكی نایه‌تی نابینێ، به‌ڵكو به پێچه‌وانه پێی وایه
كه به‌شێ له ده‌ستكه‌وتانی رۆژئاوا ئه‌نجامی ئه‌و
ناته‌باییه‌ن. ئه‌وه‌ی كه شتراوس نیگه‌ران ده‌كات ئه‌و
ناته‌باییه نییه، به‌ڵكو ئه‌و شته‌یه كه ئه‌و وه‌ك
ته‌نگانه و قه‌یرانه‌ی مۆدێرنیته باسی لێده‌كا. ره‌خنه‌ی
ئه‌و له مۆدێرنیته ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌و
له مرۆڤ و له تیۆری مافی سروشتی و پێیوایه به
سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیته عه‌قڵێكی دیكه شوێنی عه‌قڵی
كڵاسیكی گرتۆته‌وه. شتراوس پێی وایه ئه‌و عه‌قڵه
مۆدێرنه، بنه‌ماكه‌ی له سه‌ر توانستی مرۆڤه‌كان
راوه‌ستاوه و ده‌یه‌وێ دنیا به پێی ئه‌و عه‌قله
شیكاته‌وه و دیتنێكی یه‌كسانخوازانه‌ی له مرۆڤه‌كان
هه‌یه. به‌ڵام شتراوس بڕوای به‌و یه‌كسانییه نییه و
جه‌ختێكی زۆر ده‌كاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له هه‌موو
كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌بێ جیاوازییه‌ك له نێوان مرۆڤه‌كاندا
هه‌بێ و هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ش مرۆڤه‌كان له كۆمه‌ڵگادا ده‌بێ
ئه‌ركی جیاواز و پله‌ی جیاوازییان هه‌بێ.
بۆیه سه‌یر نییه كه سه‌ره‌ڕای وێنه‌ی جیاواز له شتراوس
زۆربه‌ی نووسه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه شتراوس
فیلۆسۆفێكی ئێلیتیست (نوخبه‌گه‌را
élitist)
بووه (هه‌رچه‌ند ئه‌و نوخبه‌گه‌راییه ڵای شتراوس گه‌لێ
جار شاراوه‌یه) . ترسی ئه‌و له جه‌ماوه‌ر، واته
بێباوه‌ڕی به جه‌ماوه‌ر و ترسی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی له ده‌ست جه‌ماوه‌ردا ببێته هۆی تێكچوونی نه‌زمی
سیاسی، ڵایه‌نێكی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش بوو كه ئه‌و ئاراسته‌ی
لیبرالیزمی ده‌كرد. ریشه‌كانی ئه‌و بۆچوونه له دوو هۆكاری
جیاوازدا ده‌بیندرێن: له ڵایه‌كه‌وه خوێندنه‌وه و
راڤه‌ی تایبه‌تی شتراوس له مێژووی سیاسه‌ت و له ڵایه‌كی
دیكه‌شه‌وه، ته‌جروبه‌ی ئه‌و له شكستی كۆماری وایمار.[viii]
به‌م چه‌شنه ئێمه ده‌توانین بڵێین كه ره‌خنه‌ی سه‌ره‌كی
شتراوس له مۆدێرنیته، له شێوه‌ی روانین و تێگه‌یشتن به
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه كه دوای ماكیاوێللی و هۆبز
ناوه‌رۆكی كڵاسیكی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی تۆر هه‌ڵده‌ده‌ن و
ناوه‌رۆكێكی نێوی پێده‌به‌خشن. خاڵی هه‌ره سه‌ره‌كیش له‌م
گۆڕانكارییه‌دا ئه‌وه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌خڵاق له
ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ خودی مرۆڤ. واته
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن سروشتی له‌یاد كرد و ئه‌خڵاق و
سیاسه‌تی كرده به شتێكی مێژوویی و جودا له‌یه‌كتر. به
بڕوای شتراوس به‌م چه‌شنه كۆمه‌ڵگای مۆدێرن سه‌باره‌ت به
ئامانجه‌كانی خۆی تووشی نادڵنیایی هاتووه و ته‌نیا رێگای
چاره‌سه‌ری ئه‌م ته‌نگانه‌یه دووركه‌تنه‌وه‌یه له
پرۆژه مۆدێرن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و بۆ تێگه‌یشتنی
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌ی مۆدێرنیته دووچاری
هاتووه، شتراوس پێی وایه ئێمه نه ته‌نیا ده‌بێ سه‌رنجی
فه‌لسه‌فه‌ی كه‌ونی یۆنان بده‌ین، به‌ڵكو هاوكات ده‌بێ
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیشمان له بیركارانی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش
هه‌بێ كه ده‌ستپێكه‌ری پرۆژه‌ی مۆدێرن بوون.
ئامانجی پرۆژه‌ی مۆدێرن له دیدی شتراوسه‌وه دامه‌زراندن
و پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌ردوونی و یونیڤه‌رساڵ بوو،
كۆمه‌ڵگایه‌كی پێكهاتوو له نه‌ته‌وه و تاكه یه‌كسان و
ئازاده‌كان. ئه‌و ئامانجانه به شێوه‌یه‌كی زۆر
به‌رجه‌سته له شۆڕشه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ده‌ركه‌وتن
كه دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان و ئازادیان وه‌ك
دروشمی سه‌ره‌كی خۆیان دیاری كردبوو. سه‌رچاوه‌ی
مۆدێرنیته له گۆشه نیگای شتراوسه‌وه دوو ماكی سه‌ره‌كی
هه‌بوو. ماكێكی هۆكارانه و ماكێكی هێرمێنیڤتییانه
(راڤه‌یی).[ix]
ماكی هۆكاریانه به‌م مانایه كه مۆدێرنیته وه‌ك
ئه‌نجامی نووسینی بیركارانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌و
قۆناغه ببیندرێ و ماكی راڤه‌ییشی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر
دیدی شتراوس سه‌باره‌ت به هه‌ندێ له‌م فیلۆسۆفانه‌ی كه
ئه‌و پێیوایه به‌ئاگاییه‌وه ڵایه‌نگرییان له گۆڕانێكی
ریشه‌یی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا كرد، بۆ وێنه: ماكیاوێللی،
هۆبز، سپینۆزا یان ڵاك.
هه‌ر وه‌ك ده‌بینین شتراوس بۆ سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیته
ئاماژه به ره‌وتی مێژوو یان هۆكاری مێژوویی ناكا، به‌ڵكو
بنه‌مای ئه‌و گۆڕانه له چه‌مك
re-conception
دا و به‌تایبه‌ت له روانینی نوێ به چه‌مكی ’سروشت‘دا
ده‌بینێ. ئه‌و پێیوابوو دوو روانینی سه‌ره‌كی به سروشت
هه‌یه؛ ئه‌وانه‌ی سروشت به نه‌زمێك ده‌زانن كه ده‌بێ
مۆدێڵێك بێت بۆ كۆمه‌ڵگا و، ئه‌وانه‌ی وه‌ك هێمای
بێنه‌زمی (كائووس) سه‌یری ده‌كه‌ن و پێیان وایه ده‌بێ
له‌ناو بچێ. به گوێره‌ی یه‌كه‌م تاریف، (واته بیبینی سروشت
وه‌ك مۆدێلێك بۆ نه‌زم و حكومه‌تكردن كه شتراوس خۆی بڕوای
پێ بوو) ئیراده و ویستی مرۆڤ له‌م ره‌وته‌دا هیچ ده‌ورێك
نابینێ. به‌ڵام تاریفه دووه‌م تاریفێك بوو كه شتراوس
پێیوابوو مۆدێرنیته له سروشتی ده‌كات و سروشت ده‌بێته
كۆمه‌ڵێ ماف و سه‌رچاوه‌ی هه‌مووی ئه‌مانه‌ش له خودی
مرۆڤدا ده‌بیندرێ.
شتراوس له كتێبی سه‌ره‌كی و هه‌ره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا،
مافی سروشتی و مێژوو،
داكۆكی له مافه سروشتییه‌كان ده‌كات و پێیوایه
هه‌رچه‌شنه ژێرپرسیار خستنێكی ئه‌و مافانه ده‌توانێ
ئه‌نجامی كوشنده‌ی هه‌بێ و پێشانده‌ری ناراستی عه‌قله
(چونكو ئه‌و عه‌قڵه كه دوای مۆدێرنیته، مافی سروشتی
وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ كێشه‌ی ماف له كۆمه‌ڵگادا ره‌ت
ده‌كاته‌وه و له بڕی ئه‌و مافه، مافه پۆزیتیڤه‌كان
جێگیر ده‌كات كه ریشه‌یان له عه‌قڵ و تێگه‌یشتنی
مرۆڤدایه).[x]
كۆمه‌ڵگایه‌ك كاتێ به دوور له گرژی و زه‌بر و زه‌نگ
به‌ڕێوه ده‌چێ كه له‌ودا كه‌سانێ عاقڵ و نه‌جیبزاده‌كان
ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بێت و ئه‌وانی دیكه ته‌نیا
فه‌رمانه‌كان به‌جێ بگه‌یه‌نن. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و فكره وه‌ك
جه‌وهه‌ر له‌ڵای هه‌ندێ فیلۆسۆفی كۆنی وه‌ك ئه‌فڵاتۆنیش
هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌فڵاتۆن پێی وابوو ئه‌وه ته‌نیا
فیلۆسۆفه‌كانن كه ده‌توانن به باشی حكومه‌ت له‌سه‌ر
خه‌ڵك بكه‌ن و فیلسۆفیش بۆ ئه‌و كه‌سێ بوو كه جیا له
ئاستی به‌رزی فكری، پله‌یه‌كی فره به‌رزی ئه‌خڵاقیشی
هه‌بێ. له حاڵێكدا شتراوس ئه‌و كه‌سانه به كارامه
ده‌زانێ كه توانستێكی فه‌لسه‌فیان هه‌یه. به‌ڵام هه‌ر
چه‌شنه باوه‌ڕێك به پێوه‌ندی ئه‌خلاق، یاسا پۆزیتیڤه‌كان
و سیاسه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت بۆ شتراوس ئه‌وه
ئایینه كه ده‌توانێ ده‌ورێ پێوه‌ندیده‌رانه‌ی هه‌بێ و
كۆمه‌ڵگا وه‌ك چرێشێك به یههکه‌وه بله‌كێنێ.
هه‌ڵبه‌ت شتراوس ده‌زانێ كه له سه‌رده‌می مۆدێرندا
ئه‌وه مافه سروشتییه‌كان بوون كه وه‌ك بنه‌مایه‌ك له
تیۆرییه لیبرالییه‌كاندا رێگایان بۆ روانینێكی نوی به
مافی مرۆڤ خۆش كرد، به‌ڵام ئه‌و له كتێبی
مافی سروشتی و مێژوو دا جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئه‌و
خاڵه كه لایه‌نی سه‌ره‌كی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی كلاسیك
(واته لای ئه‌فڵاتۆن، ئه‌ره‌ستۆ و هتد) ئه‌وه بوو كه
باشترین شێوه‌ی نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی ساز بكه‌ن نه‌ك
كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان. به‌شێ له‌م فكره‌یه هه‌ر وه‌ك
گوتم ریشه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی شتراوس له فیلۆسۆفانی
سیاسه‌ت و به‌تایبه‌ت هۆبزHobbes
دایه. هۆبز یه‌كێ له‌و فیلۆسۆفانه بوو كه شتراوس له
زۆر رووه‌وه ئیلهامی لێوه‌رگرتووه. ڵای هۆبزیش
ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز ته‌نیا كاتێ ده‌یتوانی ده‌سته‌به‌ر
بكرێت كه كۆمه‌ڵگا مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی له سه‌ر بێت.
چونكو خودی پێكهاتنی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت ڵای هۆبز
پێوه‌ندی به ترسی مرۆڤه‌كان له فه‌تانیان بوو. له دیدی
هۆبزه‌وه مرۆڤ گورگی مرۆڤه و بۆیه‌ش مرۆڤه‌كان ناچارن بۆ
خۆپاراستن واز له ئازادییه سروشتییه‌كانیان بێنن و
هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به حاكم ببه‌خشن تا له
به‌رانبه‌ردا گیانیان بپارێزرێ. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ڵاواز
بوو كه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و مه‌ترسییه‌كی
به‌رده‌وام ده‌یتوانی ناچاریان كات ببنه یه‌ك و بنه‌مای
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێك بێنن. شتراوسیش هه‌ر له‌و
چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ڕوانێته سیاسه‌ت و پێی وایه كه
ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ته‌نیا كاتێ ده‌توانێ سه‌قامگیر بێت
كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر وڵات بێت و بۆیه‌ش
شتراوس پێی وابوو ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه نه‌بێ وا
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌بێ خۆیان مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی
ئه‌وا بخوڵقێنن (دابتاشن). ئه‌و فكره شتراوس
ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه كه ئه‌وه شه‌ڕێكی
به‌رده‌وامه كه ده‌توانێ كۆمه‌ڵگا له فه‌وتان رزگار
بكات، نه‌ك ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام كه ته‌نیا كاره‌ساتی
به‌دواوه ده‌بێت. ئه‌و فكره‌ش هه‌ر وه‌ك سه‌باره‌ت به
هۆبز باسكرا، له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه شتراوس مرۆڤ
به بوونه‌وه‌رێك ده‌زانێ كه هه‌میشه مه‌ترسی بۆ
ده‌ورانپشتی خۆی هه‌یه و له‌م كێشه به‌رده‌وامه‌دا ئه‌و
كه‌سه ده‌یباته‌وه كه به‌هێزتره. بۆیه بۆ پێش‌گرتن له
هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وی دیكه، ده‌بێ ئه‌و كه‌سه خۆی
ده‌ستپێشخه‌ر بێت و به‌ر له قه‌ومانی شه‌ڕ،
به‌رانبه‌ره‌كه‌ی خۆی شكست بدات. هه‌ر ئه‌و فیكره‌شه كه
له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك شه‌ڕی پێشگیرانه[xi]
باسی لێوه ده‌كرێت. فكرێك كه بانگه‌شه بۆ چه‌شنه
داروینیزمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات.
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی نێهیلیزمی سیاسی سه‌ده‌ی نۆزده و
بیسته‌م له نه‌بوونی ستاندارێكی سه‌ربه‌خۆ له یاسا
پۆزیتیڤه‌كان دایه.[xii]
به واته‌یه‌كی دیكه ئه‌و پێوابوو ستاندارێك و پێوانه‌یه‌كی
گشتی كه دیاریكه‌ری راست و هه‌ڵه‌ێ كردار و ئاكاره‌كانی
مرۆڤ بێ، ده‌توانێ ئێمه له‌و نێهیلیزمه رزگار بكات. ئه‌و
نێهیلیزمه، ریشه‌ی له په‌ره‌سه‌ندنی زانسته
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له سه‌ده‌كانی نۆزده و بیسته‌مدا
هه‌یه. واته شێوه‌گرتنی مێژووگه‌رایی یه‌كێك له
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و نێهێلیزمه‌یه. چونكو مێژووگه‌رایی
ره‌تكردنه‌وه‌ی باوه‌ر به ئیده‌یه‌كی یونیڤه‌رساڵ و
گه‌ردوونی بوو كه شمولی هه‌موو شوێن و كاتێكی ده‌كرد. به
بڕوای شتراوس ئه‌و چه‌شنه مێژووگه‌راییه
نامانگه‌یه‌نێته رۆشنگه‌ری، به‌ڵكو به پێچه‌وانه ئێمه
به‌ته‌نیا و به بێ هیچ رابه‌ڕ و رێپێشانده‌رێكی عاقڵ
ده‌هێڵێته‌وه. بۆیه ته‌نیا رێگای چاره‌سه‌ر، بڕواهێنانه
به مافه سروشتییه‌كان و روانینێكی ئاوه‌زمه‌ندانه كه
ده‌كرێ كه له رابردوو فێر بین. به واته‌یه‌كی دیكه
شتراوس له دژی پرۆژه‌ی مۆدێرنیته بوو و پێی وابوو ئه‌و
ره‌وته هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی روحانی نه‌ریته‌كان ده‌كوژێ
و كۆمه‌ڵگا تووشی ته‌نگانه ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و ته‌نگانه
خۆی رێگایه‌ك ده‌كاته‌وه بۆ رزگاربوون له ره‌هه‌نده‌كانی
نایه‌تی مۆدێرنیته؛ به‌و واتایه كه ئه‌و ته‌نگانه‌یه،
مۆدێرنیته ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كانی.
مۆدێرنیته به‌م مانایه، ریشه‌كانی له دووباره
فۆرمۆله‌كردنه‌وه‌ی ئاگایانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی
له‌ڵایه‌ن بیركارانی سه‌ده‌كانی شازده و هه‌ڤده و
به‌تایبه‌ت ڵای ماكیاڤێللی و هۆبز دابوو. بۆ شتراوس
سه‌رچاوه‌ی مۆدێرنیته له گۆڕانكارییه‌كانی مێتافیزیكی و
ئایینی یاخود زانستیدا نه‌بوو، به‌ڵكو له گۆڕانكارییه‌ك
دابوو كه روانینی به سیاسه‌ت و ئه‌خڵاق گۆڕی. شتراوس
به‌م چه‌شنه باسی سێ شه‌پۆلی مۆدێرنیته ده‌كات كه هه‌ر
له سه‌ره‌تاوه چه‌شنه نێهیلیزمێكی له‌گه‌ڵدا بوو،
به‌ڵام دوایی زیاتر ئاشكرا بوو. بۆ شتراوس فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی كه مۆدێرنیته‌ی به‌رهه‌م هێنا به سێ شێوه وێنا
ده‌كرا، وه‌ك داكێشانی ئاسۆكان، وه‌ك تێگه‌یشتنێكی نوێ له
سروشت و وه‌ك جێگیركردنی ئیراده مرۆڤ له بڕی سروشت وه‌ك
سه‌رچاوه‌ی پێوانه‌كان. واته بنه‌مای مۆدێرنیته لای
شتراوس له‌و گۆڕانكارییانه دایه كه ئه‌خڵاق له
سروشته‌وه راده‌گوێزێته ناو سوژه‌ی مرۆڤانه و وه‌ك
ئه‌نجامێك فه‌رامۆشی سروشت و مێژوویاندنی ئه‌خڵاق و
پێوانه سیاسییه‌كانی به‌دواوه دێت.
دیاره ئه‌و كۆنسێرڤاتیزمه‌ی شتراوس جیاوازییه‌كی زۆری
له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی بورك یاخود كۆنسێرڤاتیزمه
ئایینییه‌كانه‌وه هه‌یه؛ ئه‌وه ئاین یان نه‌ریت نییه
كه بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی شتراوس پێكدێنێ، به‌ڵكو ئه‌وه
شێوه‌یه‌كه له ئاوه‌ز و له فه‌لسه‌فه كه بنه‌ماكانی
زۆر جیاوازه له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه رۆشنگه‌ری
بنه‌ماكانی داڕشت، واته فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه له رێگای
ژێرپرسیارخستنی هه‌ندێ بڕوا و روانین، بنه‌ماكانی
وه‌فاداری و بڕوای ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگای بنكۆڵ كرد.
فه‌لسه‌فه ڵای شتراوس له ئه‌ساسدا پێوه‌ندی به
كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. به‌ڵام فیلۆسۆفان نابێ ئه‌و فكرانه
بۆ جه‌ماوه‌ر باس بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و شتانه به
شێوه‌یه‌كی نه‌هێنی له نووسراوه‌كانیاندا بێنن كه به
هه‌موو كه‌س هه‌ڵنه‌درێ. شتراوس خۆی پێیوابوو كه هه‌موو
نه‌هێنییه‌كانی ئه‌و فیلسۆفانه‌ی هه‌ڵداوه و
دۆزیوه‌ته‌وه.
شتراوس له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه فه‌لسه‌فه به
ماكیاڤێلله‌وه‌یه دووباره گۆڕانی به‌سه‌ر هات؛ واته
ماكیاڤێللی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی نائه‌خڵاقی ده‌كات و به‌م
شێوه‌یه رێگا بۆ سه‌رهه‌ڵدانی زانستی سیاسی خۆش ده‌كات و
له بڕی فه‌زیله‌ت، 'به‌رژه‌وه‌ندی خود' وه‌ك سروشت
سه‌ره‌كی سیاسه‌ت له قه‌ڵه‌م ده‌دا. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی
رۆشنگه‌ری ده‌یه‌ویست مرۆڤ له رێگه‌ی زانسته‌وه به‌سه‌ر
سروشتدا زاڵ بێت و باری ژیانی خه‌ڵكی ئاسایی و ره‌شه‌كی
باشتر بێت و له‌م رێگایه‌شدا فه‌لسه‌فه ده‌وری چاكسازی
بگێڕێ. به‌ڵام فه‌لسه‌فه به‌م شێوه له كرده‌وه‌دا خۆی
ده‌فرۆشێ و ده‌كه‌وتێه خزمه‌تی خه‌ڵكی ئاساییه‌وه (كه
شتراوس پێیوابوو ئه‌و خه‌ڵكه نه له فه‌لسه‌فه تێده‌گا و
نه پێویستی به فه‌لسه‌فه هه‌یه). به‌م چه‌شنه
فه‌لسه‌فه ده‌مرێ، چونكو چیتر ناتوانێ به‌رهه‌مهێنه‌ری
نهێنییه‌كان و ده‌سته‌به‌رێكی نوخبانه بێت. ئه‌رێ
فه‌لسه‌فه له خزمه‌ت خه‌ڵكدا ناوه‌رۆكی خۆی ده‌دۆڕێنێت و
ده‌بێته به ئامرازێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێ هه‌قیقه‌تی
ره‌ق و به‌مجۆره نێهیلیزم و له كۆتایشدا یه‌كی وه‌ك
هیتلێر به‌ر سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ ده‌بێت.
به‌كورتی، شتراوس رێزی بۆ فیلۆسۆفانی كۆن زیاتره تا
ئه‌وانه‌ی هاوچه‌رخ و بۆیه‌ش داواكاریی ئه‌وه‌یه كه‌ئێمه
بتوانین له‌وان به هه‌مان شێوه تێبگه‌ین كه ئه‌وان
خۆیان له خۆیان حاڵی بوون. ئه‌م چه‌شنه هه‌وڵه دژه به
پرینسیپه‌كانی زانستی مۆدێرن كه حاشا له ئێمكانی ئه‌و
چه‌شنه خوێندنه‌وه‌یه ده‌كات، چونكو له‌م روانگه‌یه‌وه
هه‌موو نووسه‌رێك له پاشخان و زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و
سیاسی خۆیدا ده‌نووسێ و ناتوانێ رێپێشانده‌ری ئێستای ئێمه
بێت.
بیری شتراوس له كرده‌وه‌ی سیاسی‌دا
به سه‌رنجدانێك به‌و خاڵانه‌ی باسكران، به چ شێوه‌یه‌ك
شتراوس له كرده‌وه‌ی سیاسی ئه‌مریكادا ره‌نگدانه‌وه‌ی
هه‌بووه و هه‌یه؟ با لێره هه‌ندێ به كورت باسی به‌شێك له
ئه‌نجامه‌كانی فكری شتراوس له هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌ی سیاسی
و به‌تایبه‌ت له سیاسه‌تی ئیداره‌ی بوش‌دا بكه‌ین.
1. سیاسه‌ت به‌م شێوه‌یه بریتی ده‌بێ له هونه‌ری فرت و
فێڵ و درۆ و ساخته‌چێتی. دژایه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌قڵگه‌رایی
مۆدێرنیته لای شتراوس رێگا بۆ ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه
تێگه‌یشتنێكی نوێ له سیاسه‌ت له سه‌ر بنه‌مای درۆ و فرت و
فێڵ دابمه‌زرێ. نموونه‌ی درۆكانی ئیداره‌ی بووش بۆ هێرش بۆ
سه‌ر عێراق و مه‌سه‌له‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و هتد، به‌شێك
بوون له دروۆاینه‌ی كه ئێستا ئه‌وان خوشیان نایشارنه‌وه.
2. به گوێره‌ی تێگه‌یشتنی شتراوس له یاسای سروشتی، هه‌ق
هه‌میشه به زۆرداره. به‌م پێیه ئه‌وه ئه‌ركی سیاسه‌ت نییه
كه داكۆكی له كه‌سانی زوڵم لێكراو یان چه‌وساوه بكاته‌وه،
به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی خۆی
به هێز بكات. به‌م پێیه‌ش ئه‌و بڕوا ساویلكانه‌یه‌ی كه
به‌تایبه‌ت و به‌داخه‌وه لای كورده‌كان فره به‌هێزه و
به‌هێز بووه، كه ئه‌مریكا داكۆكی له به‌رژه‌وه‌دی كورد
ده‌كا و یان ئێمه به‌ڵێنیمان پێدراوه و هتد، زوو یان
دره‌نگ مه‌علوم ده‌كات كه ئه‌مریكا كورده‌كان به‌ر كه
هه‌موو لایه‌كی دیكه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی قوربانی ده‌كا.
هه‌ڵبه‌ت تا ئێستاش هه‌ر ئه‌و كاره‌ی كردووه.
3. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی شتراوس له سه‌ر بنه‌مای
نوخبه‌گه‌رایی راوه‌ستاوه، به‌م مانایه كه كه‌سێك كه به
گوێره‌ی ئه‌و فكره بنواڕێته سیاسه‌ت، هیچ باوه‌ڕێكی به
هێزی گه‌ل نییه و نابێ. بۆیه‌ش به گوێره‌ی ئه‌و دوكترینه
خه‌ڵك نه پێویسته ئاگاداری شته‌كان بن و نه پێویسته
به‌شداری بڕیاره‌كان. دیاره ده‌وله‌تی بووش له به‌ر
راگه‌یاندنه گشتییه‌كان ناچاره تا رادیه‌ك گوێڕایه‌لی رای
گشتی بێ، به‌ڵام هه‌روه‌ک رۆبێرت ڵاك ده‌ڵێ، له روانگه‌ی
شتراوسه‌وه خه‌لك پێویسته هه‌ر ئه‌وه‌نده بزانن كه پێیان
ده‌گووترێ. دیاره بووش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تا ئێستا
ره‌چاو كردووه.[xiii]
4. شتراوس دژی دێمۆكراسی بوو و پێی وابوو هاتنه‌سه‌ر كاری
هیتلێر خه‌تای دێمۆكراسی بوو. هه‌موو حكومه‌تێكی
دێمۆكراتیك له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی فه‌وتانی كۆمه‌ڵگا،
بۆیه‌ش مه‌سه‌له‌ی ئایین لای شتراوس وا به‌هێزه، چونكو
ئه‌و پێی وابوو كه ئایین ده‌توانێ پێشی سه‌قامگیربوونی
دێمۆكراسی بگرێ. ئێمه له ئه‌مریكا و له‌و دو خوله‌ی سه‌رۆك
كۆماری ئه‌مریكادا بینیومانه و ده‌بینین ه چۆن بووش
هه‌ولی به‌هێزكردنی دامه‌زراوه ئایینییه‌كانی داوه و چۆن
دوای یازده‌ی سێپته‌مبر، مه‌سه‌له‌ی ئیسلام و مه‌شیحییه‌تی
كردووه‌ته ت‌وه‌رێكی شه‌ر و به‌م چه‌شنه‌ش راسیزم و
كه‌شی دژی ئیسلام و وڵاتانی هه‌ژاری چه‌ند قات كردووه.[xiv]
[i]
په‌راوێزه‌كان
ناوی
چه‌ند كتێبی شتراوس لێره به تایتلی
ئینگلیزییه‌وه بریتین له:
The Political Philosophy of Hobbes: Its Basis
and Its Genesis
(1936); Natural Right and History (1953);Thoughts
on Machiavelli (1958); The City and Man
(1964); On Tyranny (1968); What Is
Political Philosophy: and Other Studies
(1988); Liberalism Ancient and Modern
(1995); The Political Philosophy of Hobbes:
Its Basis and Its Genesis (1996);
Socrates and Aristophanes (1996);
Philosophy and Law, Essays Toward the
Understanding of Maimonides and his Predecessors
(1987).
[ii]
فرانك مێیه‌ر
Frank Meyer
و جه‌یمز بورنهام
James Burnhamدوو
بیركاری گرینگ بوون كه له په‌نجاكانه‌وه
چالاكییان هه‌بووه، به‌ڵام نه‌یانتوانی ببنه
سه‌رچاوه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی فكری.
[iii]
Project for the New American century (PANC)
[iv]
ده‌زگای ئیداری بوش له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا
به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ره‌چاوی ئه‌و پێشنیارانه‌ی
كردووه كه ئه‌م تاقمه له نامه‌یه‌كی ئاوه‌ڵادا
بۆ سه‌ره‌ك كۆماری ئه‌مریكا نووسیبوویان و له‌وان
سیاسه‌تی
pre-emption
كه ئه‌وان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها
ده‌گووترێ كه ئه‌وه ئابرام شولسكیAbram
Shulsky
(له كه‌سانی نزیكی پێرل و یه‌كێ له
كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی رامزفێلد) بوو كه
مه‌سه‌لی سه‌دام و بن لادنی به‌یه‌كه‌وه به‌ست و
رێگای بۆ تێهه‌ڵقورتانی ئه‌مریكا خۆش كرد.
هه‌روه‌ها ناوی سته‌فن كامبۆن كه ئێستا یه‌كێ له
نزیكانی رامزفێلده، به یه‌كێ له‌و شتراویستانه
باسی لێده‌كرێت.
[v]
جه‌یمز ئه‌تله‌س، نیۆیۆرك تایمز، 4 مه‌ی 2003.
[vi]
Douglas Feith
&
Lewis Libby
[viii]
Weimar Republic
(ئالمانیا
له نێوان سالأنی 1933ــ1919دا به‌م نێوه
ده‌ناسرا)
دوای شكستی ئالمانیا له شه‌ڕ و هه‌ره‌سهێنانی
شوڕشی چه‌په‌كان له ساڵی 1919دا كۆمارێكی
دێمۆكراتیك دامه‌زراو و ئالمانیا وه‌ك كۆماری
وایمار ناوی ده‌بردرا كه یه‌كه‌م سه‌ره‌ك كۆماری
ئه‌م كۆماره فره‌دریش ئێبرت
Friedrich Ebert
ی سوسیال دێمۆكرات بوو. ئه‌و كۆماره هه‌م له
لایه‌ن چه‌په په‌رگره‌كان (پارتی سپارتاكوس)
وهه‌میش راسته په‌رگره‌كانه‌وه فشارێكی زۆری
كه‌وته سه‌ر. ته‌نگانه‌ی ئابووری دوای شه‌ڕ و
بێگارییه‌كی گشتی و هه‌روه‌ها ته‌وه‌رومی پاره
currency inflation
ئه‌و كۆماره‌ی تووشی گرفتێكی زۆر كرد، به‌ڵام ئه‌و
هێزانه‌ی كۆماری وایماریان به‌ده‌سته‌وه بوو، له
سه‌ره‌تای سییه‌كاندا (له 1933) زۆرینه‌ی
پارله‌مانیان له ده‌ست چوو و به‌مجۆره
ده‌سته‌ودامه‌نی هیتلێر بوون و ده‌وری كانسلێریان
دا به هیتلێر كه له‌ئه‌نجامدا وه‌ك هه‌مومان
ده‌زانین هیتله‌ر هاته سه‌ر حوكم. ته‌جروبه‌ی
كۆماری وایمار ده‌ورێكی زۆری له دووباره
بیركردنه‌وه سه‌باره‌ت به دێمۆكراسی و كێشه‌ی
كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا سازكردووه و زۆربه‌ی
فیلۆسۆفانی سیاسی كارتێكه‌ری ئه‌و كاره‌ساته‌یان
له سه‌ربووه (بۆ وێنه بێنیامین و شمیت). بۆ
شتراویش وه‌ك زۆر كه‌سی دیكه ئه‌و ئاڵوگۆره
واپێده‌چێ ده‌ورێكی زۆری له تێگه‌یشتنی ئه‌و له
چۆنییه‌تی حكو‌مه‌تگێڕی و سیاسه‌تدا هه‌بووبێ.
[ix]
A causal elements and hermeneutical element
[x]
تیۆری مافی سروشتی
natural right
باسی شێوه‌ی ژیانی سیاسی یان خود ناوه‌رۆكی
كۆمه‌ڵگای سیاسییه، ئه‌م تیۆرییه
وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه به‌م پرسیاره كه مرۆڤه‌كان
چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێ به‌یه‌كه‌وه بژین.
وه‌ڵامدانه‌وه‌ش به‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێته‌وه
سه‌ر روانین به مرۆڤ و بۆیه‌ش تیۆرییه‌كانی مافی
سروشتی به گوێره‌ی ئه‌و بینینه جیاوازییان
له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌یه. ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی شتراوس
له مافی سروشتی دیاره له زۆر رووه‌وه جیاوازی
له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی باودا هه‌یه، شتراوس به گشتی
له‌م تیورییه ده‌یه‌وێ ئه‌و ئه‌نجامه وه‌ربگرێ كه
مرۆڤه‌كان هه‌میشه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێك به‌زه‌بر و
زه‌نگیان له‌سه‌ر بێت ئه‌گینا هه‌ره‌ج و مه‌ره‌ج
دنیا داده‌گرێ، هه‌ر به‌م پێیه‌ش شتراوس پێیوایه
نایه‌كسانی نێوان مرۆڤه‌كان وه‌ك شتێكی سروشتی
نابێ ده‌ستی تێوه‌ردرێ، چونكو به پێی سروشت
هه‌میشه ئه‌وه‌ی لاواز و بێده‌سه‌ڵته ده‌بێ مل بۆ
به‌هێز و ده‌شه‌ڵاتداره دابنوێنێ.
[xii]
مه‌به‌ست له یاسای پۆزیتیڤ ئه‌و یاسایانه‌ن كه
مرۆڤ داڕێژه‌ر و دانه‌ری بووه (له به‌رانبه‌ر ماف
و یاسای سروشتی به‌كار دێت).
[xiii]
شادیا دروری
Shadia Drury
پرۆفسۆر له تیۆری سیاسی‌دا كه كتێبێكی به‌ناوبانگی
سه‌باره‌ت به شتراوس نووسیوێ، له چاوپێكه‌وتنێكدا
سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی سیاسه‌تی بووش و
فه‌لسه‌فه‌ی شتراوس ده‌ڵێ:
سازكردنی درۆ و كه‌ڵكوێه‌رگرتن له درۆ بنه‌مایه‌كی
تێگه‌یشتنی شتراوس له سیاسه‌ت پێكدێنێ كه ئیداره‌ی
بووش به باشتری شێوه كه‌ڵكیان لێوه‌رگرتووه.
به‌ڵام ئێستا كه درۆكان ئاشكرابوون، ئه‌وان ده‌ڵێن
كه هۆی سه‌ره‌كی شه‌ڕ پێوه‌ندی به ئه‌لقاعیده‌وه
نه‌بووه. بۆیه بۆ كه‌سێ كه ئاگاداری بیر ورای
شتراوس بێ، ده‌زانێ كه ئیدیعای ئیداره‌ی بووش بۆ
بڵاوكردنه‌وه‌ی دێمۆكراسی جێگای تیز و پێكه‌نینه.
[xiv]
با
ئه‌وه‌ش بڵێین كه دیاره هه‌موو كه‌سێك ئه‌و
لێكدانه‌وه‌ی نییه و كه‌سانێك هه‌ن كێ پێیان وایه
به‌ستنه‌وه ئیداره‌ی بووش به فه‌لسه‌فه‌ی
شتراوسه‌وه، چه‌شنه به‌زۆرگرتنێكی ئه‌و
كه‌سانه‌یه و ئه‌وانه له اری رۆشنفكرییه‌وه
ئه‌وه‌نده‌یان له بار دانییه و هه‌روه‌ها شتراوس
زۆر خۆی به‌لایه‌نی پراكتیك و سیاسی
فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی ماندوو نه‌ده‌كرد. بۆ وێنه
بڕواننه وتاره‌كه‌ی ستێفن برونر
Stockholm: 26/june/2004
سه‌رچاوه‌كان
Lobe, Jim, ”The Strong Must Rule the Week: A
Philosopher for an Empire”, (Silver City, NM &
Washington, DC: Foreign Policy In Focus.
May 12, 2003).
Drury, Shadia, B. (1998), Leo Strauss and the
American Right, Basingstoke: MacMillan.
James Atlas, ”The Nation: Leo-Cons; A
Classicist’s Legacy: New York Empire Builder”,
New York Times 4 May, 2003.
Robertson, Neil G. (1998), ”The Closing of the
Early Modern Mind: Leo Strauss and Early Modern
POlitical Thought”, Animus 3 (1998).
www.wsgc.mun.ca/animus
Seymour M. Hersh, “Donald Rumsfeld has his own
special sources. Are they reliable?” The New
Yorker 2003.05.12
Strauss, Leo (1997), Jewish Philosophy and
the Crisis of Modernity, ed. Kenneth Hart
Green. Albany: State University of New York
Press.
Orr, Susan (1995), Jerusalem and Athens:
Reason and Revelation in the Works of Leo
Strauss, Lanham, MD: Rowman & Littlefield.
”Leo Strauss on Jerusalem and Athens: A
Girardian Analysis”:
http://www.sla.purdue.edu/academic/idis/jewish-studies/cov&r/papers/rainier.pdf
Postel, Danny, Noble lies and perpetual war: Leo
Strauss, the neo-cons, and Iraq:
http://www.opendemocracy.com/debates/article.jsp?id=2&debateId=107&articleId=1542
(16-10-
2003)
Stephen Eric Bronner, “Constructing
Neo-Conservatism”, Logos 3.2: 2004.
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|