|
ژن له نێوان سرووشت و کوولتور
ئۆکتۆبری 2008

جیاوازی جنسی ژن و
پیاو، پێناسه‌ی ئه‌و جیاوازییانه و هه‌روه‌ها کارکرد،
ناوه‌رۆک و ئه‌نجامی ئه‌وان،
پرسیارگه‌لێکی فره ناوه‌ندی تیۆری فێمینیستی و جووڵانه‌وه‌ی
ژنانن. وه‌ڵام به‌م پرسیارانه، به گوێره‌ی بارودۆخ و
پاشخانی مێژوویی، گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام مه‌به‌ستی
سه‌ره‌کی، هه‌میشه هه‌ولدانێک بووه بۆ کۆتایی پێهێنان به
ژێرده‌ستی ژنان و، ڕه‌وایه‌تیدان به یه‌کسانی مافی ژن و
پیاو. ئه‌و پرسیارانه، هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا پرسیارگه‌لێکی
سیاسی نین، به‌ڵکو هاوکات ره‌هه‌ندێکی گرینگی ئیپیستمۆلۆژی
فێمینیزمیش پێکدێنن.
له سه‌رنجدانێکی سه‌رپێیی به وه‌لامه
فره‌چه‌شنه تیۆرییه فێمینیستییه‌کانی قۆناغه جۆراوجۆره‌کان،
که له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا وه‌ک سێ شه‌پۆلی فێمینیزم
باسیان لێده‌کرێت، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که ئاڕاسته‌ی
سه‌ره‌کی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له ئاستی فکری، له
بایۆلۆژییه‌وه بۆ کولتور و دواتریش بۆ زمان گواستراوه‌ته‌وه
و، له ئاستی سیاسیش‌دا، ئه‌و ئاڕاسته‌یه، له داواکاری
حقوقییه‌وه بۆ سیاسه‌ت و دواتر، بۆ گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی
له سیستم و ساختاره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کاندا
و، سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و زمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. له
ئاستێکی گشتیدا ده‌توانین بڵێین که ڕوانگه‌ی جه‌وهه‌رگه‌رایانه،
که له شه‌پۆلی یه‌که‌می فێمینیزمدا زاڵ بوو، له شه‌پۆلی
دووه‌مدا، زه‌برێکی کاریگه‌ری وێکه‌وت و، به‌تایبه‌ت ئه‌و
جه‌وهه‌رگه‌راییه له شیوه‌ی بایۆلۆژیسمدا، له سۆنگه‌ی
چه‌مکاندنی جیاوازییه‌کان له ڕێگه‌ی داهێنانی چه‌مکی
ژێنده‌ر و جنس، زۆر که‌مره‌نگ بووه‌وه. دواتر ئه‌و چه‌مکاندنه،
خۆی وه‌ک دوالیزمێک که‌وته به‌ر ره‌خنه‌ی شه‌پۆلی سێیه‌م.
لای بیرکارانی ئه‌و شه‌پۆله، جنس هه‌ر له سه‌ره‌تاوه
ژێنده‌ره و بۆیه‌ش، دوالیزمی ژێنده‌ر و جنس، له وێنه‌ی
سروشتاندنی جیاوازییه‌کانی بیرکارانی شه‌پۆلی یه‌که‌م، وه‌ک
جه‌وهه‌رگه‌رایی به‌رپرچ دراوه.
له‌و ره‌وته‌دا و له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو سه‌د ساڵه‌دا،
جوولانه‌وه‌ی ژنان له ئاڕاسته‌یه‌کی ته‌واو حقوقییه‌وه،
بووه به جوولانه‌وه‌یه‌کی هه‌راوی سیاسی و به‌تایبه‌ت
دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، سیمایه‌کی رادیکاڵی سیاسی به
خۆیه‌وه گرت و، توانی خۆی له قاوغی دیسکۆرسی ماف ڕزگار
بکات و، ئه‌مجاره‌یان، ره‌خنه‌ی سه‌ره‌کی خۆی ئاڕاسته‌ی
سیستم و ساختاره کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و سیاسییه‌کانی
سه‌رمایه‌داری و باوکسالاری بکات. له هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانه‌وه،
به گوێره‌ی ڕوانگه‌ی هه‌ندێ که‌س، ده‌سکه‌وته‌کانی
فێمینیزم له ئاستی ئاکادێمیکدا زیاتر بووه له ده‌سکه‌وته
سیاسییه‌کانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و
گریمانه‌یه راستیش بێت، وا ده‌بێ ئه‌وه به ئه‌نجامی
دۆخێکی تایبه‌ت بزانین که زۆربه‌ی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی
و سیاسییه‌کانی دوای کۆتایی شه‌ڕی سارد، تووشی خاوییه‌کی
سیاسی هێناوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ئێمه نابێ به‌هێزی و
کاریگه‌ری ڕه‌خنه‌ی دژه‌مێتافیزیکی ئه‌و فێمینیزمه و ڕه‌خنه‌ی
ئه‌وان له لیبه‌رالیزم و هه‌روه‌ها له پرۆژه یۆتۆپیاکانی
ژێرتاوی مارکیسزمی شه‌پۆلی دووه‌م و، به‌تایبه‌ت چه‌مکاندنی
جیاوازیی ئه‌وان، له ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات به
له‌ش، سێکسوالیته، ناسیۆنالیزم و ئازادی و هه‌روه‌ها
نرخاندنه‌وه‌ی دووباره و ڕه‌خنه له پڕۆژه‌ی
ڕزگاریخوازیی پێشوو، به‌که‌م بگرین.
با ئه‌وه‌ش بڵێم که ڕوانین به
جیاوازی جنسی له باری ناوه‌رۆکه له‌و سێ شه‌پۆله‌دا،
خاسله‌تی تایبه‌تی و لێکنه‌چوویان هه‌بووه. له حاڵێکدا
جیاوازی جنسی لای زۆربه‌ی بیرکارانی شه‌پۆلی یه‌که‌م،
جیاوازییه‌کی بایۆلۆژییانه بووه، وا لای شه‌پۆلی دووه‌م
ده‌بێته به‌رهه‌می ڕه‌وتێکی مێژوویی و کولتوری. لای
بیرکارانی شه‌پۆلی سێیه‌م، ئه‌و جیاوازییه تا ڕاده‌یه‌ک
زمانییه، به‌ڵآم نه‌ک زمان وه‌ک ئامرازی پێوه‌ندی، به‌ڵکو
وه‌ک ماکێکی بوونناسانه‌ی مرۆڤ و وه‌ک سه‌رچاوه‌ی جیاوازی،
که پێکهێنه‌ری شووناسه. واته زمان وه‌ک دیسکۆرس.
ئه‌گه‌ر ئێمه بێینه سه‌ر کێشه‌ی
فێمینیزم و ناسیۆنالیزمی کورد، ئه‌وسا ده‌بینین که
فێمینیزمی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئاستێکی
فکری‌دا، ته‌مه‌ن کورته و خاوه‌نی ده‌سکه‌وتێکی زۆر نییه،
به‌ڵام له ئاستی سیاسی و کرده‌وه‌ییدا، هاوته‌مه‌نه له
گه‌ڵ ناسیۆنالیزم و هه‌ر دووکیان به‌رهه‌می هاوبه‌شی
مۆدێرنیته‌ن له‌م ناوچه‌یه‌دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له
حاڵیکدا پرسی فێمینیزم وه‌ک دیارده‌یه‌کی نوێ باسی لێده‌کرێت،
وا ناسیۆنالیزم تا ئێستاش وا دیارده‌یه‌کی نامێژوویی ده‌نرخێندرێت.
ناسیۆنالیزم وه‌ک به‌رهه‌م و ئه‌نجامێکی مۆدێرنیته،
باسێکی نوێیه و هێشتا نه‌بووه‌ته به به‌شێك له ئه‌ندێشه
و باوه‌ڕی ئێمه.
هه‌ژاریی فکریی فێمینیزمی کورد هه‌ڵبه‌ت نابێ به هیچ چه‌شنێک
له هه‌ژاریی فکریی ناسیۆنالیزمی کورد هه‌ڵاویردرێ. چونکو
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناکۆکییه‌کانی نێوان ناسیۆنالیزم و
فێمێنیزم، ئه‌وان به هۆی دۆخی تایبه‌تی مێژوویی و سیاسیی
نه‌ته‌وه‌یی کورد، وه‌ک دووانه‌یه‌ک وان و زه‌حمه‌ته لێک
جیا کرێنه‌وه. پێوه‌ندی ژنان به ڕه‌وتی ناسیۆنالیزم ره‌هه‌ندی
جیاوازی به خۆیه‌وه ده‌گرێ. هه‌ر وه‌ک هه‌ندێ بیرکار
ئاماژه‌یان پێداوه، ژنان له لایه‌که‌وه به هۆی ده‌وری
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بایۆلۆژیی، له لایه‌که‌وه ده‌وریان
له پێکهێنانی شووناسێکی هاوبه‌ش و پێناسێکی هاوکۆییدا و،
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌وریان له به‌رهه‌مهێنانه‌وه
ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی، ئه‌وان ده‌کاته کۆڵه‌که‌ی ئه‌سڵی
جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌مه‌ش له ئاستێکی
فه‌رمی و فۆڕمی، له ڕواڵه‌ت و له مێژوونووسی کوردی‌دا.
مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد، ته‌نیا مێژووی کرده‌وه‌ی
پیاوانی کورد بووه. ژنان له‌و مێژوویه‌دا ته‌نیا وه‌ک
پاشکۆیه‌ک باسیان لێکراوه. ئه‌وه‌ش یه‌کێ له‌و کۆمه‌ڵه
هۆکارانه‌یه که به‌رده‌وام فێمینیزم و ناسیۆنالیزم ده‌خاته
گرفت و ناته‌باییه‌وه. بۆ؟
چونکو ژن له دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا، ته‌نیا دایکی
پێشمه‌رگه بووه و یان خود وه‌ک ئۆبژه‌یه‌ک ڕه‌وایه‌تی
داوه به بوونی پیاوانی کورد وه‌ک داکۆکیکه‌ری شه‌ڕه‌فی
ئه‌وان له به‌رانبه‌ر بێگانه‌دا. ویستی ژنان هه‌میشه به
ویستێکی لاوه‌کی ناسراوه و، به‌ڵێنیی چاره‌سه‌ریشی خراوه‌ته
دوای رزگاری نه‌ته‌وه‌یی.
ناسیۆنالیزم له هه‌مان حاڵ‌دا وێنه‌یه‌کی
درۆینه‌ی له خۆی هه‌یه. به گوێره‌ی ئه‌و خودوێنه‌یه (self-image)، مێژووی کورد، کوردبوون
و نه‌ته‌وه، هاوشان و هاوته‌ریبی پێکهاته‌ی خێزان و بنه‌ماڵه‌ن.
له‌و ئانالۆگییه‌شدا، بێگومان کێشه‌کانیش به‌رهه‌م دێنه‌وه.
ئه‌نالۆگیی بنه‌ماڵه، واته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی
هیرارشییه‌ک که له‌ودا ژن بنده‌ستی پیاوه، هیرارشییه‌ک
که له بنه‌ڕه‌تدا، وه‌ک دیارده‌یه‌کی سروشتی سه‌یری ده‌کرێت،
نه‌ک وه‌ک شتێکی مێژوویی و سیاسی. له پاڵ ئه‌وانه‌شدا جه‌سته‌ی
ژن له رێتۆریکی ناسیۆنالیزمدا، رۆڵێکی هێمایی بۆ نه‌ته‌وه
و سنووره‌کانی نه‌ته‌وه ده‌بینێ. پاراستنی جه‌سته‌ی ژن له
به‌رانبه‌ر نه‌یاراندا هاومانایه له‌گه‌ڵ پاراستنی سنووره‌کانی
نیشتمانی ناسیۆنالیستی. بۆیه‌ش جه‌سته‌ی ژن له وێنه‌ی
سنووره‌کانی وڵات، ده‌بێ چاوه‌دێری لێ بکرێت و به‌رده‌وام
له ژێر کۆنترۆڵی پیاواندا بێت. واته ئه‌وه پیاوان و نه‌ته‌وه‌ن
که ده‌بنه خاوه‌نی جه‌سته و به‌تایبه‌ت چاوه‌دێری
سێکسوالیته‌ی ژن. به‌م چه‌شنه، ژنان مافی خاوه‌نێتی له‌سه‌ر
له‌ش و سێکسوالیته‌ته‌ی خۆیان لێ زه‌وت ده‌کرێت. ئه‌وه یه‌کێ
له هۆیه‌کانی باویی ده‌ستدرێژی به ژنان له شه‌ڕی
ئێتنیکی دایه که به مه‌به‌ست په‌ڵه‌دارکردنی "نامووس"ی
نه‌ته‌وه‌ی به‌رانبه‌ر که‌ڵکی لێوه‌رده‌گێرێت.
گرفتێکی دیکه، پێوه‌ندی به تێگه‌یشتنێکی نێرانه‌یه (androcentric) له پێناسه‌ی
ناسیۆنالیزم، ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌تایبه‌ت له‌ناسیۆنالیزمی
کوردی‌دا، به هۆی شه‌ڕی چه‌کداری زاڵ بووه. له‌و چه‌شنه
تێگه‌یشتنه‌دا، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک هه‌ستی پیاوه‌تی
سه‌یری ده‌کرێت که به هۆی ده‌ستدرێژی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست
به نامووس و داگیرکردنی وڵاته‌که‌ی (لیره‌دا نیشتمان که
هێمای جه‌سته‌ی ژنه)، بریندار بووه و بۆیه‌ش ده‌بێ به
هه‌ر قیمه‌تێک سارێژ بێته‌وه. ئه‌نجامی ئه‌م ناکۆکییه،
شه‌رێکی پیاوانه‌یه که له‌ودا ژن به هۆی جه‌سته و
فیزیکی خۆی و به‌تایبه‌ت به هۆی تایبه‌تمه‌ندی سکداری، به
شیاوی به‌شداری نازاندرێت و به‌پێچه‌وانه، هه‌میشه وه‌ک
مه‌ترسییه‌ک بۆ په‌ڵه‌داربوونی نامووسی پیاو ده‌ژمێردرێ.
به بڕوای من خودی ئه‌م فاکته‌ره، یه‌کێکه له هۆکاره
سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و ژنکوژییه‌ی که به ناوی نامووس له‌و
دواییانه‌دا بۆته به دیارده‌یه‌کی سامناکی ڕۆژانه.
له‌وانه‌ش بترازێ، ئه‌زموونی فێمینسته‌کان
له ولاتانی دیکه و هه‌ر ئێستاش له باشووری کوردستان و
له ژیانی حیزبی و سیاسه‌تی حیزبایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان، ڕێگه به خۆشبینییه‌کی ئه‌وتوێ به‌رانبه‌ر به
ناسیۆنالیزم نادات، به پێچه‌وانه، ڕه‌شبینی، گومان و
دوودڵی فێمینیزم به هه‌ق له ناسیۆنالیزم به هێزتر ده‌کات.
ناسیۆنالیزم به گشتی له کرده‌وه و دوای سه‌رکه‌وتنی، که‌م
وا بووه به‌ڵێنییه‌کانی له مه‌ڕ یه‌کسانی جنسیدا به‌جێ
بگه‌یه‌نێ. به پێچه‌وانه له زۆر وڵات‌دا، کێشه‌ی
فێمینیزم و ناسیۆنالیزم دوای سه‌رکه‌وتنیش به‌رده‌وام و
تووندتر بووه و زۆر جارانیش جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی،
دوای سه‌رکه‌وتنی له بڕی زیادکردنی یه‌کسانی جنسی و
ئازادی ژنان، ئه‌و ئازادییه‌ی زیاتر به‌ربه‌ست کردووه. به
کورتی پێشینه‌ی خیانه‌تی ناسیۆنالیزم به فێمینیزم، پێشینه‌یه‌کی
دوورودرێژه.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی پیدرا، یه‌کێ له
هۆکاره‌کانی ئه‌و کێشه و ناته‌باییه‌ی نێوان ناسیۆنالیزم
و فێمینیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌شنی تێگه‌یشتنی ئێمه له
ناسیۆنالیزم و تا ڕاده‌یه‌کیش له جنس. تێگه‌یشتنێک که له
بنه‌ڕه‌تدا، له سه‌ر بکه‌ری و چالاکی پیاو و، پاسیڤیی و
ئۆبژه‌یی ژنان ڕاوه‌ستاوه. ئه‌و ڕوانینه، به‌هۆی پێناسه‌یه‌کی
بایۆلۆژی، نه‌ته‌نیا له ژن، به‌ڵکو له خودی نه‌ته‌وه‌ش،
پێکهاتووه. تێگه‌یشتنێک که له پێوه‌ندییه‌کی نایه‌کسان
له نیوان جنسی پیاو، وه‌ک هێمای ماسکولینیته و پیاوه‌تی،
ده‌سه‌ڵات و، هه‌روه‌ها وه‌ک ماتۆڕی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی
و ژن، وه‌ک جنسی لاواز و بابه‌تی داکۆکیکه‌ریی پیاو و
هێمای ژنایه‌تی و فێمینیته، واته له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا،
وه‌ک هێمای ناسکی، دڵنه‌رمی و بێده‌سه‌ڵاتی زنه‌ی کردووه.
هه‌ر بۆیه‌ش تێگه‌یشن و ته‌فسیری ئێمه
له چه‌مکی نه‌ته‌وه و جنس، ده‌ورێکی گرینگی له چه‌شنی
پێوه‌ندی و هه‌روه‌ها شێوه‌ی پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی نێوان
ناسیۆنالیزم وفێمینیزمدا هه‌یه. به بڕوای من، ڕوانگه‌ی
جه‌وهه‌رگه‌رایانه به نه‌ته‌وه له ئامێته‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مان
جه‌وهه‌رگه‌رایی له ئاست جنسدا، ڕێگه‌خۆشکه‌رێکی ئه‌و
هیرارشییه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و بنده‌ستی و سته‌مه‌یه
که ژنانی کورد گرفتارین.
ناسیۆنالیزمی کورد به‌گشتی، خه‌سله‌تێکی
جه‌وهه‌رگه‌رایانه و ماکێکی خه‌ستی مێتافیزیکی هه‌بووه.
ئێمڕۆ ئه‌گه‌رچی ئێمه هه‌ول ده‌ده‌ین له دیسکۆرسی
سیاسی‌دا، ئه‌و جه‌وهه‌رگه‌رایی و ناوه‌رۆکه مێتافیزیکییه
به هه‌ندێ چه‌مک و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئێمڕۆییانه داپۆشین،
به‌ڵام گووتاری ڕۆژانه و تێگه‌یشتنمان له سیاسه‌ت و،
ڕوانینمان به ناسیۆنالیزم و مێژووگه‌رایی ئێمه له‌و
بواره‌دا، له سه‌ر بنیاتێکی فره مێتافیزیکی پێکهاتووه.
واته ئه‌گه‌رچی ئێمه ناسیۆنالیزمی کوردی له ڕێگه‌ی "خوێن"
پێناسه ناکه‌ین، به‌ڵام تێگه‌یشتنی ئێمه له مێژووی کورد،
ئاوێته‌ی تیگه‌یشتنێکی بایۆلۆژییه تا کولتووری، مێژوویی و
سیاسی.
ئه‌و جه‌هه‌رگه‌راییه
هه‌ڵبه‌ت خودی فێمینیزمی کوردیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌گرێته‌وه.
له‌و ڕوانینه جه‌وهه‌رگه‌رایانه‌شدا، مه‌ودا بۆ پێوه‌ندییه‌کی
یه‌کسان فره به‌رته‌سک ده‌بێت و به‌پێچه‌وانه، ده‌توانی
خۆی فاکته‌رێک بێت له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و نایه‌کسانییه.
چونکو تێگه‌یشتنێکی جه‌وهه‌گه‌رایانه و بایۆلۆژیکی له
جنس، ڕێگه‌خۆشکه‌ری باڵاده‌ستی ناسیۆنالیزمێکی جه‌وهه‌رگه‌را
ده‌بێت که له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر پرینسیپی نێرانه و
باوکسالارانه پێکهاتووه. بۆیه فێمینیزمی کورد ده‌بێ هه‌م
خۆی له‌و جه‌وهه‌رگه‌راییه بایۆلۆژییه ده‌رباز بکات و هه‌میش
هه‌ول بدات یارمه‌تیده‌ری ڕزگاری ناسیۆنالیزم له‌و بیره
بایۆلۆژییه بێت.
ئه‌گه‌ر فێمینیزمی کورد له‌و جه‌وهه‌رگه‌راییه ڕزگار بێت،
به‌ڵام ناسیۆنالیزم له هه‌مان به‌ستێندا بمێنێته‌وه، ئه‌وسا
ئه‌و دووانه زۆر زه‌حمه‌ته بتوانن به‌یه‌که‌وه
هاوژیانیان هه‌بێت. ئه‌وسا جه‌ختکردنی فێمێنیزم له‌سه‌ر ده‌وری
بنیاتنه‌ر و پێکهێنه‌ریی کولتور له جیاوازی نێوان ژن و
پیاودا، ده‌که‌وێته خانه‌ی دژایه‌تی له گه‌ڵ ئه‌و چه‌شنه
ناسیۆنالیزمه. بۆ؟ چونکو ئێمه ناتوانین پێناسه‌ی جنسی وه‌ک
به‌رهه‌مێکی ڕه‌وتی کولتوری و وه‌ک به‌رهه‌م و ئه‌نجامی ڕه‌وتێکی
دیسکورسیڤ ببینین و له هه‌مان کاتیش‌دا، پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی
خۆمان، وه‌ک دیارده‌یه‌کی مێژوویی و سیاسی نه‌بینین. ئه‌گه‌ر
جنس هه‌میشه و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، ژێنده‌ر بێت، که
وایه نه‌ته‌وه یان ناسیۆنالیزم ناتوانن شتێکی زه‌مانبه‌ده‌ر
و نامێژویی بن.
ه‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌ته‌وه و جنس هه‌ر دووکیان وه‌ک
دیارده‌یه‌کی مێژوویی سه‌یر بکه‌ین، نه‌ک وه‌ک دیارده‌یه‌کی
سروشتی، ئه‌وسا یه‌که‌م هه‌نگاوی جدییمان له ڕاستای سڕینه‌وه‌ی
ره‌هه‌نده مێتافیزیکییه‌کانی پێناسه‌ی جنسی و نه‌ته‌وه‌یی
هه‌ڵگرتووه. بۆیه ئه‌نجامێکی ساده‌ی ئه‌و باسه ئه‌وه
ده‌بێت که فێمینیزمی کوردی به‌ر له هه‌موو شت ده‌بێ خۆی
له مێتافیزیکی بایۆلۆژی ڕزگار بکات، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌نگاوی
دووه‌مدا یارمه‌تیده‌ری ڕزگاری ناسیۆنالیزم له هه‌مان
گرفت بێت. فێمینیزم ئه‌گه‌ر ئێمڕۆ بیه‌وێ له‌گه‌ڵ
ناسیۆنالیزمدا هاوپه‌یمانییه‌کی به‌سوودی هه‌بێت، ده‌بێ
خۆی په‌ره‌پێده‌ر و کاریگه‌ر بێت له سازکردنی
ناسیۆنالیزمێکی سیاسی‌دا که له‌ودا، پێناسه‌کان وه‌ک شتێکی
ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نابیندرێن و به‌ر له هه‌موو شت، به
دیارده‌که‌یکی مێژوویی ده‌ناسرێن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و
مانایه نییه که ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنی ئێمه له نه‌ته‌وه
بگۆڕدرێ یان ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌فسانه‌ییبوونی نه‌ته‌وه
بسڕێنه‌وه، ئه‌وسا گرینگی نه‌ته‌وه وه‌ک ماکی سه‌ره‌کی
شووناسێکی هاوبه‌ش لاواز ده‌بێت، به پێچه‌وانه، نه‌ته‌وه
وه‌ک هه‌موو شووناسێکی دیکه، چه جه‌وهه‌ر بێت و چ ئه‌نجامی
ره‌وتێکی کولتووری، کارکرد و گرینگی خۆی ده‌پارێزێ و به‌شێکه
له واقع.
که وایه فێمینیزمی کورد ده‌بێ له هه‌ولی دووباره چه‌مکاندن
یان چه‌مکاندنه‌وه‌ی (reconceptualization)
ناسیۆنالیزمدا بێت و ناسیۆنالیزمی
پیاوسالار و نێرانه‌ی کورد فێمینیزه و فێمینیستی بکات. مه‌به‌ست
له چه‌مکاندنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم ئه‌وه‌یه که ئێمه هه‌وڵ
بده‌ین تێگه‌یشتنێکی ناجه‌وهه‌رگه‌رایانه له ناسیۆنالیزم
و له نه‌ته‌وه و له هه‌ندێ چه‌مکی گرینگی په‌یوه‌ندیدار
سه‌قامگیر بکه‌ین، که پێویست نه‌کات نیگای ئێمه هه‌میشه
بۆ دواوه و بۆ نه‌ریته‌کان بێت، به‌ڵکو به تێگه‌یشتنێکی
دیسکۆرسیڤ له‌و چه‌مکانه، بتوانین فه‌رهه‌نگێک بخوڵقێنین
که مه‌رج نییه هه‌میشه ڕه‌وایه‌تیی خۆی له ڕابردوو وه‌ربگرێت.
ئه‌و چه‌شنه ڕوانینه‌ش، ڕه‌وتی یه‌کسانی و پێوه‌ندییه‌کی
دادپه‌روه‌رانه‌تر له نێوان ژن و پیاودا مه‌یسه‌رتر ده‌کات.
هه‌نگاوێک له‌و ڕاستایه‌دا، بۆیه ده‌بێ
پێداگرتنی فێمینیزم بێت له‌سه‌ر داواکارییه‌کانی و سه‌پاندنی
ئه‌و داواکارییانه به ناسیۆنالیزم. واته فێمینیزم ده‌بێ
ئه‌وه بسه‌پێنێ که داواکارییه‌کانی فێمینیزم نابێ بخرێته
قۆناغی دوای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵکو ده‌بێ هاوکات و
هاوشانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌گوێره‌ی ده‌رفه‌ت و بوار،
وه‌ڵامیان بدرێته‌وه. بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمڕۆ جووڵانه‌وه‌ی
فێمینیستی نه‌توانێ ویسته‌کانی خۆی به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی
کوردی‌دا بسه‌پێنێ، دوای ڕزگار نه‌ته‌وه‌ییش، هه‌ر وه‌ک
پاشکۆی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه ده‌مێنێته‌وه.
فێمێنیزمی کورد له‌و ڕه‌وته‌دا و به‌و شێوه‌یه، ده‌توانێ
سه‌رنجی ناسیۆنالیزم بۆ کێشه ناوه‌کییه‌کان ڕاکێشێ، چونکو
له ڕاستیدا ئێمڕۆ نه‌هاتییه‌کی ناسیۆنالیزمی کوردی،
دابرانی ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌یه له کێشه ناوه‌کییه‌کان.
پێوه‌ندیدانی هه‌موو گرفتێک و هه‌موو نه‌هاتییه‌ک به
دوژمنی ده‌ره‌کی، له درێژه‌ی خۆیدا پێوه‌ندی ناسیۆنالیزم
و دینامیکی ناوه‌کی ئه‌و ناسیۆنالیزمه، فره لاواز و که‌مهێز
ده‌کات. به هه‌مان شێوه که ناسیۆنالیزم نابێ سته‌مه
ساختارییه‌کان و ماکه گرینگه‌کانی ئه‌و سته‌مه ته‌نیا له
سۆنگه‌ی دوژمنی ده‌ره‌کی بزانێ، به هه‌مان شێوه‌ش،
ناسیۆنالیزمی کورد نابێ خۆی له دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی
بدزێته‌وه. دوورکه‌وتنه‌وه له‌و ئاڕاسته‌یه، که ئێستا
به‌داخه‌وه له باشووری کوردستان گه‌لێ به‌رچاوه،
سیستمێکی باوکسالار و گه‌نده‌ڵی لێ ده‌که‌وێته‌وه، که
دواتر، دوای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ییش، ته‌نیا ده‌بێت گرانایی و
نیکبه‌تییه‌ک بۆ خه‌ڵکی کورد.
با له کۆتاییدا به خۆشبینییه‌که‌وه
کۆتایی به قسه‌کانم بێنم. له پاڵ ژن‌کوژی و زه‌بروزه‌نگی
بێوێنه له دژی ژنان؛ ؛ له پاڵ سته‌م و یاکارییه‌کی
بێوێنه‌ی کۆماری ئیسلامی، که ژنانی کورد به دوو قات هه‌م
وه‌ک کورد و هه‌میش وه‌ک ژن ده‌چه‌وسێنێته‌وه؛ له پاڵ فه‌رهه‌نگێکی
پیاوسالار و نێرینه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و، له پاڵ
حیزبایه‌تییه‌کی پیاوانه و ده‌رهاوێژه‌ریی و په‌راویزخستنێکی
به‌رچاوی ژنان له هه‌ندێ بواری سیاسی‌دا، ڕووداوه‌کان و ڕه‌وته‌کانی
ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی نیشان ده‌ده‌ن که جووڵانه‌وه‌ی ژنان
به هه‌ندێ هۆی تایبه‌ت، (هه‌م له ناوه‌وه و هه‌میش له
ده‌ره‌وه‌ی وڵات) خاوه‌نی دینامیکێکی ناوه‌کییه که به‌داخه‌وه
ناسیۆنالیزمی کورد، لێی بێبه‌ری بووه. ئه‌و دینامیزمه
که ڕه‌نگبێ تا ڕاده‌یه‌ک پێوه‌ندی به ڕه‌وتی شارنشینی و
به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێنده‌واری ژنان بێت، ڕێگه به
باڵاکردنی جووڵانه‌وه‌یه‌ک ده‌دات که هه‌م له ئاستی
ڕێکخراوه‌یی و هه‌میش له ئاستی سیاسی و فکری‌دا، ده‌بێ
حسێبی له‌سه‌ر بکردرێ. به‌ڵام دیاره ده‌ستبه‌ری ئه‌و
باڵاکردنه، له گره‌وی هوشیاری و چالاکی خودی ئه‌و
جوولانه‌وه‌یه دایه.
بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیش دانپێنان و به ڕه‌سمییه‌تناسینی
به کرده‌وه‌ی ویستی فێمینیزم، ڕێگه خۆش ده‌کات بۆ به‌ڕه‌سمی
ناسینی خودی ئه‌و ناسیۆنالیزمه له کۆمه‌ڵانی جیهانیدا و
له ئاستێکی فه‌رهه‌نگیدا. ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌بێ ئه‌وه
بزانێ که فێمینیزمی کورد هاوپه‌یمانییه‌کی ستراتێژیکی له‌گه‌ڵدا
هه‌یه و هه‌ر چه‌شنه خه‌یانه‌تێک، دوودڵی و گومانی
فێمێنیزم له‌به‌رانبه‌ر ناسیۆنالیزمدا تووندتر و زیاتر ده‌کات.
بۆ فێمینیزمی کوردیش، هه‌رچه‌ند ئه‌و هاوکاری و هاوخه‌باتییه
هه‌میشه مه‌ترسیداره، به‌ڵام تاکه ڕێگه‌شه بۆ
گۆڕانکاری و بۆ گه‌یشتن به یه‌کسانییه‌کی زیاتر.
زۆر سوپاس
ئه‌م وتاره له ڕۆژی شه‌ممۆ 25ی
ئۆکتۆبر له ستۆکهۆڵم له کۆنفرانسی " پرسی ژن و خه‌بات بۆ
یه‌کسانی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا خوێندراوه
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|