|
سه‌روه‌ری، نه‌زم و ئانارشی

ده‌روازه
ھه‌موو چه‌مكێكی سیاسی له بنه‌ڕه‌تدا، وه‌ڵامێكه به
گیروگرفێكی بابه‌تیی تایبه‌ت. كاتێ كۆمه‌ڵگایه‌ك له به‌ر
ده‌م ئاڵۆزی، گرفت یان كێشه‌یه‌كدا راده‌وه‌ستێ كه
وه‌ڵامه‌كانی پێشوو ناتوانن ئه‌م دیاره نوێیانه شی
بكه‌نه‌وه، ئه‌وسا مرۆڤه‌كان ھه‌ول ده‌ده‌ن له
چوارچێوه‌یه‌كی سنوورداردا، ئه‌و كێشانه به شێوه‌یه‌كی
دیكه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. چه‌مك به گشتی شاكلیلي
بیركردنه‌وه‌یه و ھه‌موو فكرێكی جیاواز پێویستی
به چه‌مكی جیاواز ھه‌یه. به‌م واتایه كه بیركردنه‌وه‌ی
جیاواز له‌و شیكردنه‌وانه‌ی له له‌به‌ر ده‌ست دان،
پێداویستی سازكردن و خوڵقاندنی چه‌مكی نوێ له ئێمه
ده‌خوازێ، چونكو بیركردنه‌وه ره‌وتێكی ئابستراكته و زمان
وه‌ك ئامرازێك بۆ تێگه‌یشتن له دنیا به‌ربه‌ستی تایبه‌تی
خۆی ھه‌یه.
به‌ڵام له‌م ره‌وته‌دا دوو خاڵی گرینگ ده‌بێ سه‌رنجی
بدرێتێ: یه‌كه‌م، بیركردنه‌وه ھه‌میشه په‌یوه‌سته به
چوارچیوه‌یه‌كی زانیاری كه له ھه‌موو قۆناغێكدا
سنووردارێتی خۆی ھه‌یه. ئه‌و چوارچێوه زانیارییه، دیاری
ده‌كا كه ئێمه ده‌توانین بیر له چ شتێك بكه‌ینه‌وه و چ
شتێك ماقوڵ و ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه و چ شتێك ده‌كه‌وێته
ده‌ره‌وه‌ی گووته و فكرێكی عاقڵانه. بۆ وێنه، له
كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه له سه‌ر بنه‌مای ستروكتورێكی فیۆداڵی
و عه‌شیره‌یی راوه‌ستاوه، ناكرێ بیر له یه‌كسانی ماف ژن
و پیاو بكردرێته‌وه. كه ده‌ڵێم ناتوانین، مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه كه ھه‌رگیز ئه‌م فكره نایه‌ته ناو مێشكمان و
ئه‌گه‌ریش كه‌سێ به ھه‌ر ھۆیه‌ك باسی شتی ئه‌وا بكا،
ئه‌وسا ئه‌و گووته وه‌ك شتێكی سه‌یر سه‌مه‌ره له
قه‌ڵه‌م ده‌درێ. دووه‌م
خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه كه ھه‌موو چه‌مكێك، خاوه‌نی
مێژوویه‌كی تایبه‌ته. ھیچ چه‌مكێك یه‌كجار و
ھه‌تاھه‌تایه خاوه‌نی ناوه‌رۆكێك نییه، به‌ڵكو ئه‌و
ناوه‌رۆكه له ره‌وتێكی مێژوویی‌دا خۆی له‌گه‌ڵ
ئاڵوگۆڕه‌كاندا ڕادێنێ و ده‌گونجێنێ و، بۆیه‌ش گۆڕانی
به‌سه‌ردا دێ. بۆ وێنه كاتێ ئێمه باسی چه‌مكی نه‌ته‌وه
یان خه‌ڵك ده‌كه‌ین، ئه‌و دوو چه‌مكانه، وه‌ك ھه‌مو
چه‌مكێكی دیكه، ناوه‌رۆكیان گۆڕانێكی زۆری به‌سه‌ردا
ھاتووه. مه‌به‌ست له خه‌ڵك له سه‌ده‌ی ھه‌ژده له‌گه‌ڵ
سه‌ده‌ی نۆزده یان بیست جیاوازییه‌كی به‌رچاوی ھه‌یه.
ئه‌و گۆڕانانه ده‌توانن له قۆناغێكدا ئه‌وه‌نده له
گه‌ڵ ناوه‌رۆكی سه‌ره‌تایی چه‌مكه‌كه جیاواز بن، كه مرۆڤ
ناچار ده‌بێت چه‌مكی نوێ بۆ شیكردنه‌وه و تێگه‌یشتن له
دیارده نوێیه‌كان داتاشێ. بۆ وێنه ئێستا یه‌كێ له و
قوتابخانه گرینگانه‌ی زانستی مێژوو و فه‌لسه‌فه به‌ناوی
مێژووی چه‌مك، گرانایی كارییان له سه‌ر بنه‌مای
ئه‌و ئاڵوگۆڕانه داناوه كه چه‌مكێك له ره‌وتێكی
مێژوویی‌دا به‌سه‌ری دێ.
واته له رێگای ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی چه‌مكێك تووشی دێت،
ھه‌ول ده‌درێ ھۆكار و شێوازه‌كانی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه له
كۆمه‌ڵگادا شیكرێنه‌وه.
مه‌به‌ست له‌م پێشه‌كییه سه‌باره‌ت به
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چه‌مكێك بۆ ئه‌وه‌یه كه ئێمه به‌ر
له‌وه‌ی بچینه ناو باسه‌كه‌ی خۆمان، ئاگاداری ئه‌وه بین
كه چه‌مكێك ناتوانێ ناوه‌رۆكێكی قه‌تیسماو و وه‌ستاوی
ھه‌بێ، به‌ڵكو ھه‌موو چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی و فكری،
مێژوویه‌كی ھه‌یه و ئه‌و مێژوویه‌ش، گۆانكارییه‌كان و
ئاڵوگۆڕه‌كانی سیاسی، فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی قۆناغه
جیاوازه‌كان له قاو ده‌دا. ھه‌ر ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌و
ھۆیانه‌ی كه وه‌رگێڕانی زۆر چه‌مكی سیاسی و فه‌لسه‌فی بۆ
زمانی كوردی گه‌لی دژوار ده‌كات. چونكو كوردی وه‌ك زمانێكی
فكری و فه‌لسه‌فی كه‌ڵكی لێوه‌رنه‌گیراوه و بۆیه‌ش
ناتوانێ له وشه‌یه‌كی مه‌وجوود یان داتاشراودا، ھه‌موو
ئه‌و ناوه‌رۆك و ئاڵوگۆڕانه‌ی چه‌مكێك ده‌ربخات. ئه‌گه‌ر
ئێمه له زمانه ئوروپییه‌كاندا باسی بۆ وێنه دوو چه‌مكی
سوژه و ئۆبژه
subject & object
ده‌كه‌ین، ھه‌موو شاره‌زایه‌كی بواری
فكری و پسپۆڕێكی تیۆری سیاسی، یان فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵناسی
ده‌زانێ كه سوژه به گوێره‌ی قۆناغ و ئه‌و فیلۆسۆفه‌ی
كه باسی لێده‌كرێ، مانای جیاواز ده‌دات. سوژه‌ی
فیلۆسۆفێكی وه‌ك دێكارت له‌گه‌ك ھێگل یان ھایدێگێر
جیاوازییه‌كی فره زۆری له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ھه‌یه. به‌ڵام
به دانانی وشه‌یه‌كی كوردی وه‌ك بكه‌ر، ھیچ كام
له‌م كیشه و ئاڵۆزییانه ده‌رناكه‌ون.
لایه‌نێكی گرینگی دیكه‌ی ئه‌و باسه پێوه‌ندی به
تێگه‌یشتنێكه له زمان و له چه‌مك كه له دوایین نیوه‌ی
سه‌ده‌ی بیستدا وه‌ك وه‌رچه‌رخانی زمانی
Linguistic Turn
باسی لێده‌كرێ، واته تێگه‌یشتنێك له زمان كه جه‌خت
ده‌كاته سه‌ر رۆڵی زمان له سازكردنی و داڕشتنی خودی
واقعییه‌ت. به گوێره‌ی ئه‌و بۆچوونه زمان ئاوێنه‌یه‌ك
نییه كه ئێمه له‌و رێگایه‌وه دنیا ده‌بینین، به‌ڵكو
له ھه‌مان كاتیش‌دا له رێگای زمانه‌وه ئێمه دنیا بنیات
ده‌نێین، واته چه‌مكه‌كان و ده‌ربڕینه‌كان نابێ
داكێشرێنه ئاستی پێوه‌ندی راسته‌وخۆی ئه‌وان له‌گه‌ڵ
دیارده و واقعییه‌ته‌كان، به‌ڵكو خودی واقعییه‌ت و
به‌تایبه‌ت واقعی سیاسی تا راده‌یه‌كی زۆر له رێگای ئه‌و
چه‌مك و ده‌ربڕینانه‌وه ساز ده‌بن.
ئه‌وسا با بێینه سه‌ر چه‌مکی سه‌روه‌ری
كه وایه كاتێ ئێمه باسی چه‌مكی سه‌روه‌ری ده‌كه‌ین،
ده‌بێ سه‌رنجی مێژووی ئه‌و چه‌مكه و ئاڵوگۆڕه‌كانی
بده‌ین؛ ده‌بێ ئێمه سه‌رنجی ئه‌و خاڵه گرینگه بده‌ین
كه سه‌روه‌ری وه‌ك چه‌مكێك ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نییه و
مێژوویه‌كی له‌دایكبوون و مه‌رگی ھه‌یه. ده‌بێ ئاگاداری
ئه‌وه بین كه سه‌روه‌ری له وه‌ڵام به بارودۆخێكی
تایبه‌تدا ھاتۆته ئاڕا و له راستیدا وه‌ڵامێك بووه بۆ
كێشه و گرفتێكی تایبه‌ت، به‌م مانایه كه ده‌كرا ئه‌و
وه‌ڵامه شتێكی دیكه با. ئه‌گه‌ر ئێمه ئاگاداری ئه‌م
ره‌ھه‌ندانه‌ی چه‌مكی سه‌روه‌ری بین، ئه‌وسا زۆر ھاسانتر
ده‌توانین شوێنی گۆڕان و ھۆكاری گۆڕانه‌كانی بگرین و لێی
تێبگه‌ین. چه‌مكی سه‌روه‌ری سیاسی یان سه‌روه‌ری كه
له‌به‌رانبه‌ر
sovereignty
داندراوه، ھه‌روه‌ك زۆر چه‌مكی دیكه، به‌شێكی زۆر له
ناوه‌رۆكی ئه‌سڵی چه‌مكه‌كه ده‌فه‌وتێنێ. وه‌ك وشه، ئه‌م
چه‌مكه به مانای باڵاترین یان سه‌ره‌وه‌ترین ده‌سه‌ڵات
دێت. ئه‌م وشه‌یه له وشه‌ی فه‌ره‌نساییه‌وه
souveraineté
و ئه‌ویش له
souverain
واتا باڵاترین هاتووه كه خۆی ریشه‌ی له لاتیندا
superanus
ھه‌یه. له تیۆری سیاسی‌دا، ئه‌م چه‌مكه به مانای
گه‌وره‌ترین یان باڵاترین ده‌سه‌ڵات و ئاوتۆریته‌ی سیاسی
له وڵاتێكدا به‌كار دێت و له پێوه‌ندییه‌كانی
نێونه‌ته‌وه‌ییشدا مه‌به‌ست له‌م چه‌مكه، ده‌وڵه‌تێكی
سه‌ربه‌خۆیه. ھه‌ندێ جار وشه‌ی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییش
یان به فارسییه‌كه‌ی "حاكمیت ملی" به‌كار دێت، به‌ڵام
ئه‌م چه‌مكه گرفتی تایبه‌تی خۆی ھه‌یه. سه‌روه‌ر
ده‌وڵه‌تێكه كه ھه‌م له ناوه‌وه و ھه‌میش له
ده‌ره‌وه، وه‌ك خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی باڵای
سیاسی وڵاتێك به‌ره‌سمی ناسرابێ. به‌ڵام ئێمه ده‌بێ
سه‌رنجی ئه‌م ره‌ھه‌نده گرینگه‌ی چه‌مكی سه‌روه‌ری له
فه‌لسه‌فه‌شدا بده‌ین كه سه‌روه‌ری وه‌ك
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تاك یان مرۆڤ باسی لێده‌كرێت. به‌ڵام
ئه‌م دوو تاریفه به‌بێ پێوه‌ندی و وابه‌سته‌یی نین. چونكو
له راستیدا سه‌روه‌ری له فه‌لسه‌فه‌دا به مانای
به‌كارھێنانی ئاوه‌ز و عه‌قڵی تاك به‌كار دێت، تاكێك كه
ئێتر بووكه‌شووشه‌ی خوداكان و ھێزه بانزه‌وییه‌كان نییه.
سوژه‌ی سه‌روه‌ر، واته تاكێك كه له عه‌قڵی خۆی كه‌ڵك
وه‌رده‌گرێ و سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆیه. له ئاستی
سیاسی‌دا، سه‌روه‌ری ھه‌ر درێژه‌دانی ئه‌م
تایبه‌تمه‌نییانه بوو له جه‌سته‌ی تاك بۆ جه‌سته‌ی شا
یان ده‌وڵه‌ت، بۆیه ئه‌و دوو مانایانه پێوه‌ندییه‌كی
چڕیان به‌یه‌كه‌وه ھه‌یه. دواتر چه‌مكی گه‌لسه‌روه‌ری
popular sovereignty
ھه‌ر ئه‌و ناوه‌رۆكه له تاك و شا بۆ
خه‌ڵك ده‌گوازێته‌وه، واته گه‌لسه‌روه‌ری به مانای گه‌ڵ
یان نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی له وڵاتێكدا
ھه‌یه و خۆی خاوه‌نی بڕیاردانه له سه‌ر چاره‌نووس و
داھاتووی خۆی. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ھه‌روه‌ك پێشتر له وتارێكی
دیكه‌دا باسم لێكردووه، یه‌كێ له‌و خاڵانه بوو كه
زه‌مینه‌ی بۆ ھاوماناكردنی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه خۆش كرد و
گه‌لسه‌روه‌ری كه له بنه‌ڕه‌تدا، ده‌وڵه‌تسه‌روری بوو،
وێنه‌یه‌كی له گه‌ل یان نه‌ته‌وه پێشكه‌ش كرد، كه
وێنه‌یه‌كی یه‌كده‌ست بوو بوو له ھه‌ندێ جار كۆمه‌ڵێ
نه‌ته‌وه‌ی جیاواز.
«
«
«
له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه چه‌مكی سه‌روه‌ری
و ره‌ھه‌نده جیاوازه‌كانی لێك بدرێته‌وه؛ ئه‌م كاره خۆی
له خۆیدا به ده‌یان و سه‌دان كتێب ناكرێت. بۆیه له‌م
وتاره‌دا مه‌به‌ستی من ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كی كورته به
ره‌ھه‌ندێكی مێژوویی گرینگی چه‌مكی سه‌روه‌ری: ئه‌م
ره‌ھه‌نده‌ش پێوه‌ندی نێوان نه‌زم و ئانارشییه. سه‌به‌بی
ئه‌م ھه‌ڵبژاردنه ئه‌وه‌یه كه پێوه‌ندی نه‌زم و ئانارشی
یان ئاژاوه، ده‌ورێكی به‌رجه‌سته‌ی له سه‌رھه‌ڵدانی خودی
ئه‌و چه‌مكه‌دا ھه‌بووه و، به‌رده‌وام وه‌ك فاكته‌رێكی
سه‌ره‌كی بۆ پاكانه‌كردن و شه‌رعییه‌ت پێدان به سه‌روه‌ری
زه‌ق كراوه‌ته‌وه. ئانارشی یان بێنه‌زمێكی سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تی ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ك ھۆكاری سه‌ره‌كی
سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌ری و ھه‌روه‌ھا سه‌قامگیركردنی
نه‌زمێكی سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م
سه‌روه‌رییه ژمێردراوه. ئه‌م باسه به‌تایبه‌ت ئێستا له
كه‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی و ره‌وتی به جیھانیبووندا فره
گرینگه، چونكو ھه‌ر ئێستاش پاساوی ھه‌ره گرینگ بۆ شه‌ڕ
له ئێراق، یان خۆتێھه‌ڵقوتاردنی ئه‌مریكا له
ئه‌فغانستان، ناتۆ له یوگۆسلاڤیای پێشوو یان روسیا له
چیچینیادا، ھه‌ر بیانووی سه‌قامگیركردنی نه‌زم و
ئاسایشته. یان با دوور نه‌ڕۆین، سه‌ركوتكردنی
جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به درێژایی مێژووی له
وڵاتانی ئێران، ئێراق یان توركیا ھه‌ر به بیانووی
مه‌سه‌له‌ی ھه‌ڕه‌شه یان مه‌ترسی بۆ ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی
ئه‌و وڵاتانه شه‌رئییه‌تی پێدراوه. ھه‌ر ئێستاش ئه‌وه‌ی
كه داخوا باشووری كوردستان ده‌توانێ ده‌وری ئایه‌تی له
ئاسایشی ناوچه‌دا ھه‌بێ یان خود له داھاتوودا به ھۆی
شةڕی ناوخۆیی ده‌توانێ سه‌قامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشت له
ناوچه‌دا بخاته‌مه ترسی، ده‌ورێكی گرینگی له ھه‌ڵوێستی
زلھێزه‌كان و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به كێشه‌ی
كورد و داھاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا ھه‌یه. واته نێوان
ناخۆشی و كێشه‌ی ناوخۆیی ھێزه سیاسییه‌كانی باشووری
كوردستان ھۆكارێكی گرینگه كه ھێزه‌كانی ده‌ره‌وه،
داواكاری ئێمه بۆ سه‌روه‌ری به جددی نه‌گرن، كه من
دواتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م باسه. بۆیه ئه‌م
پاشخانه فكریی و مێژووییه، ده‌توانێ ھه‌م بۆ تێگه‌یشتن
له ھۆكاره‌كانی سه‌ھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی یارمه‌تیده‌ر بێت و، ھه‌میش یارمه‌تیده‌ری
تێگه‌یشتن له زه‌مینه فكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی سیاسه‌تی
ئێمڕۆی نێونه‌ته‌وه‌یی و به‌تایبه‌ت له‌و ته‌فسیره باو و
زاڵانه له سه‌روه‌ری بێت كه تا ئه‌و دواییانه له ئاست
تیۆری سیاسی و له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا رۆڵی
باڵای ھه‌بووه.
ئێمه ده‌زانین كه چه‌مكی سه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری سیاسی
یه‌كێ له‌و چه‌مكه
ناوه‌ندییانه بووه كه ھه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی
شانزده‌وه، پێوه‌ندییه‌كی چڕ و ناوه‌كی به مۆدێرنیته و
به تیگه‌یشتنێكی نۆی له سیاسه‌ت، تاك، ده‌وڵه‌ت و
ده‌سه‌ڵات بووه. ئه‌م چه‌مكه به نۆره‌ی خۆی ده‌ورێكی
فره كاریگه‌ریشی له بنیاتنانی واقعێكدا ھه‌بووه كه
ئێمڕۆ ئه‌م ئیمكانه بۆ ئێمه نامومكین ده‌كات كه
ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی رووت بتوانین ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی
به بێ ده‌وڵه‌ت و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی شه‌رعییه‌تی ئه‌م
ده‌سه‌ڵات وێنا بكه‌ین. ده‌وری ده‌وڵه‌ت له زۆربه‌ی
ھه‌ره زۆری تیۆرییه سیاسییه‌كان، بۆ سه‌قامگیركردنی
ئاسایشت و نه‌زم بووه. واته نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت ھاومانا
له‌گه‌ڵ ئانارشی و ئاژاوه داندراوه. بۆیه له تیۆری
سیاسی و له پێوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، چه‌مكی سه‌روه‌ری
یه‌كێ له‌و چه‌مكانه بووه كه نه‌ته‌نیا كۆڵه‌كه‌یه‌كی
خودی ئه‌و تیۆرییانه‌ی پێكھێناوه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی
راسته‌وخۆ شكڵی به ئاراسته و ناوه‌رۆكی خودی ئه‌م
تیۆرییانه‌ش داوه. ئه‌م چه‌مكه تا ھه‌شتاكان له
راستیدا، به شێوه‌یه‌ك سروشتی كرابوو، كه به‌ده‌گمه‌ن
باسی لێده‌كرا و به‌تایبه‌ت له بواری پێوه‌ندییه
نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، به‌بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا وه‌ك
پرینسیپی سه‌ره‌كی سیاسه‌ت په‌سند كرابوو. به‌ڵام له
ھه‌شتاكانه‌وه، باسێكی فره زۆر سه‌باره‌ت به‌م چه‌مكه
ھه‌یه و زۆر لایه‌ن بێگرفتی ئه‌م چه‌مك و تیۆرییه‌یان به
تووندی ھێناوه‌ته به‌ر پرسیار. گرینگی و رۆڵی ئه‌و
چه‌مكه ئێستا له ھه‌موو كاتێك زیاتر ده‌بیندرێ و له
مۆدێرنیته‌ی سیاسی‌دا ده‌كرێ بڵێین كه ئه‌م چه‌مكه به
ھه‌مان ئه‌ندازه گرینگه كه چه‌مكی سوژه له
فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرندا.
زۆربه‌ی ھه‌ره زۆری ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه ئێمڕۆ ناوه‌رۆكی
تیۆری سیاسی پێكدێنن، به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان
ناراسته‌وخۆ به‌ندن به ناوه‌رۆكی سه‌روه‌ری و چه‌مكی
سه‌روه‌ری سیاسی. به‌م چه‌شنه سه‌روه‌ری نه‌ك ھه‌ر وه‌ك
چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی، به‌ڵكو به‌تایبه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، پێوه‌ندییه‌كی فره ناوه‌كی به خودی
مۆدێرنیته و به‌م پێناسه سیاسییه‌وه ھه‌یه كه له‌م
چه‌ند سه‌ده‌یه‌ی دوایی و له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌ییدا، فۆرمی زاڵی پێناسه‌ی سیاسیی بووه.
سه‌روه‌ری تائێستاش، وه‌ك بنه‌مایه‌كی گومانلێنه‌كراو و
سه‌ره‌كی دیسكۆرسی مۆدێرنی سیاسی ماوه‌ته‌وه، چونكو ئه‌م
چه‌مكه ئێستاش ده‌وری سه‌ره‌كی ھه‌یه له پێناسه‌به‌خشین
و پۆلین كردنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه ده‌وری
جه‌وھه‌رییان ھه‌یه بۆ ده‌وڵه‌ت.
چونكو سه‌روه‌ری له واقیعدا، پێوار و پرینسیپی سه‌ره‌كی
بووه له دیاریكردنی ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌كه‌ونه بواری
ناوه‌وه (ناو سنووره‌كان) و ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌كه‌ونه
ده‌ره‌وه‌ی سنوور و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌م پرینسیپه‌ش له راستیدا، نه ته‌نیا له دوای ئاشتی
وێستفالیا (1648) تا ئێستا به‌بێ دڕدۆنگی ده‌وری خۆی له
شه‌رعییه‌تدان به‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا، پاراستووه، به‌ڵكو
وێنه‌یه‌كی زۆر جه‌وھه‌رگه‌رایانه‌ی له ده‌وڵه‌ت له مێشك
و تێگه‌یشتنی ئێمه‌دا جێگیر كردووه، كه بیركردنه‌وه له
سیاسه‌ت به بی ده‌وڵه‌ت بۆته به كارێكی مه‌حاڵ. بۆیه‌ش
ئێمه له‌م چه‌ند سه‌د ساڵه‌دا كه‌متر ئه‌م تێگه‌یشتنه و
به‌تایبه‌تی، رۆڵی بنیاتنه‌رانه‌ی سه‌روه‌ریمان ھێناوه‌ته
ژێر پرسیار.
ئه‌م خاڵه نابێ له یاد كرێت كه ھه‌م سه‌روه‌ری و ھه‌م
فۆرمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێكھاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تین
و مه‌رج نییه ده‌وڵه‌ت ھه‌ر له‌م قالبه‌دا بێت یان
سه‌روه‌ری بنه‌مای ده‌وڵه‌ت بێت، به‌ڵكو وه‌ك والكێر باس
ده‌كات، خودی سه‌روه‌ری وه‌ڵامێك بوه به بارودۆخێكی
تایبه‌ت و كێشه‌ی ده‌رھاوێژی و ناھاوێژی، یان به
وته‌یه‌كی دیكه وه‌لامێك بووه به‌م پرسیاره‌ی مۆدێرنیته
كه 'ئێمه' كێین و 'ئێره'،'كوێیه'،
واته چ پێوه‌ندییه‌ك له نێوان خاك و ئه‌و كه‌سانه‌دا
ھه‌یه كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ژین و ھێچ
وپێوه‌ندییه‌كی خوێنی یان خزمایه‌تی و ناسیاری
به‌یه‌كتریان نابه‌ستێته‌وه
چ پێوه‌ندییه‌ك ھه‌یه له نیوان دانیشتوانی ئه‌و
مه‌ڵبه‌نده خاكییه و ده‌وڵه‌تێكدا كه به ناوی ئه‌وان
وه‌ك یه‌كه‌یكی سیاسی فه‌رمانره‌وایی ده‌كا.
یاسا و دۆخی سروشتی
مێژووی ئوروپا له سه‌ده‌كانی سێزده تا ھه‌ڤده‌وه،
مێژووی ئاڵوگۆڕێكی فره به‌رفره‌وان و قووڵ له ھه‌موو
ئاسته‌كانی روحی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا بوو.
ئه‌م ئاڵوگۆڕه له لایه‌ك روخسارێكی ئابووری ھه‌بوو كه
سه‌رھه‌ڵدانی پیشه‌ی چاپه‌مه‌نی و گه‌شه‌سه‌ندنی شاره‌كان
و بازرگانی ده‌ورێكی گرنگی تێدا گێڕا و له لایه‌كی
دیكه‌وه، روویه‌كی فكری ھه‌بوو. به‌م مانایه كه له‌م
ره‌وته‌دا به‌ره به‌ره زانسته‌سر شتییه‌كان سه‌ر
ھه‌ڵده‌دن و رێخۆشكه‌ری ره‌وتی عیلمانیبوون یان سێكولاریزم
له ئه‌وروپادا ده‌بن. له‌و ره‌وته‌دا، خره‌كی زه‌وی رۆڵی
ناوه‌ندبوونی گیتی له ده‌ست ده‌دات و ژیان و كاروباری
ئه‌و دنیا خاكییه، گرینگییه‌كی دیكه وه‌رده‌گرێ. زانیاری
كه تا ئه‌وكات به شتێكی بان‌سروشتی
transcendental
و له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌زانرا، له پڕ خاسله‌تێكی
مرۆڤانه‌ی وه‌رگرت و ھه‌موو ئه‌و توانستانه‌ی كه تا
ئه‌وكات ده‌خرایه پاڵ خودا، ھاته پال خودی مرۆڤ. ئه‌و
گۆڕانكارییانه ده‌ورێكی فره به‌ھێزیان له سه‌رھه‌لدانی
سوژه‌یه‌كی نوێ‌دا ھه‌بوو كه تێگه‌یشتنی ئه‌و سوژه‌یه له
خود، جیھان، مێژوو و سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌كی تۆكمه به
كرده‌وه‌ی ئه‌و مرۆجه له خودی زه‌ویدا به‌ستراوه.
ھه‌مووی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش و به‌تایبه‌ت رزگاربوونی
مرۆڤ له زنجیره‌كانی ئاسمانی و خودایی، رێگای خۆش كرد بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌ورپا بكه‌وێته ته‌نگانه‌یه‌كی قووڵ كه له
سه‌ره‌تاوه كه‌متازۆر ناوه‌رۆكی مۆدێرنیته‌ی پێكھێناوه.
له حاڵه‌تێكی وادا كه ئه‌و ھێزه گه‌وره ئینسانییه له
ژێر ده‌سه‌ڵاتی خودا و ئایین رزگاری ھاتووه، به چ
شێوه‌یه‌ك ده‌كرێ له كۆمه‌ڵگادا نه‌زمێك ساز بێ؟ ئه‌گه‌ر
تا دوێنێ كۆنترۆڵی ئه‌و ھێزه له رێگای ئایین و
كه‌نیسه‌وه ده‌كرا، چۆن ده‌بێ ئه‌و ھێزه
به‌رھه‌مھێنه‌ره ئێستا له نه‌بوونی ئه‌و پێكھاتانه‌دا،
گوێڕایه‌ل یان ته‌سلیمی یاسا و رێسایه‌كی زه‌مینی و
ناخودایی بێت؟
شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ده‌وره‌یه و به‌تایبه‌ت شه‌ڕی سی ساڵه‌ی
ئوروپا مه‌سه‌له‌ی ئاشتی و ئاسایشی به‌م چه‌شنه كرد به
یه‌كه‌م ئامانجی ھه‌موو چاره‌سه‌رێك. ئه‌و ھه‌وله‌ش ته‌نیا
له ئاستی سیاسی‌دا نه‌بوو، به‌ڵكو ئێمه ده‌بێ ئه‌و
ھه‌وله فه‌لسه‌فیانه‌ی كه بۆ وێنه دێكارت وا به جددی
ده‌یدا بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی تۆكمه و مسۆگه‌رانه بۆ
عه‌قڵ و به‌م چه‌شنه بۆ رۆڵی مرۆڤ وه‌ك سوژه‌یه‌كی ئازاد
له چاره‌نووسی له‌پێشدا دیاریكراو بدۆزێته‌وه، وه‌ك
به‌شێك له‌و ھه‌ولانه بزانین كه مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری
ته‌نگانه و قه‌یرانی ئه‌و سه‌رده‌م بوو. له‌و نێوه‌دا
ره‌نگبێ ھیچكام له‌و به‌شانه به قه‌را فه‌لسه‌فه‌ی
سیاسی، كه له راستیدا ھه‌ر له‌و كاته‌شدا به شێوه‌ی
مۆدێرنی له دایك ده‌بێ، نه‌یانتوانی چاره‌سه‌رێك كاریگه‌ر
بۆ ئه‌و ته‌نگانه‌یه بدۆزنه‌وه. له‌م ره‌وته‌دا
و به‌سه‌رھه‌ڵدانی شێوه‌یه‌كی جیاوازی تێگه‌یشتن له
سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و ھه‌روه‌ھا په‌ره‌سه‌ندنی ره‌وتی
رێفۆرماسیۆن (چاكخوازی) و دژی رێفۆرماسیۆن، كۆمه‌ڵگای
ئوروپا تووشی ته‌نگانه و قه‌یرانێك ھات كه ئیتر نه
ده‌سه‌ڵاتی یه‌زدانی و كه‌نیسه و، نه دادپه‌روه‌ری و
ئه‌خلاق ده‌یانتوانی بنه‌مایه‌ك بن بۆ سیاسه‌ت یان
شه‌رعییه‌تدان به ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه له كاتێكدا بوو كه
ئوروپا تووشی كێشه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی ناوخۆیی و شه‌ڕێكی
توند له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بوو. له‌م وه‌زعه‌دا، كه
مه‌سه‌له‌ی ئاسایشت و ئه‌منییه‌ت بووبووه مه‌سه‌له‌ی
سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگا، چه‌مكی سه‌روه‌ری ده‌ورێكی یه‌كجار
گرینگی لێزی و وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و گرفته سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تییانه ھاته ئاراوه كه له لایه‌ن فیلۆسۆفه
سیاسییه جۆراوجۆره‌كانه‌وه ئاراسته كرا.
توماس ھابز
Thomas Hobbes
به دانانی بنه‌مایه‌كی فكری و بۆ
چاره‌سه‌ری ئه‌و ته‌نگانه‌یه، ھه‌ولی دا خودا له
ئاسمانه‌وه بێنێته سه‌ر ئه‌رز و به‌شێوه‌یه‌كی نوێ ھه‌ما
نه‌زم له سه‌ر ئه‌رز سه‌قامگیر بكات: ئه‌و خودایه له
لای ئه‌و ناوی سه‌روه‌ر بوو. دیاره بنه‌مای ئه‌و فكره و
پێشخانی ئه‌و چاره‌سه‌ره، ھه‌ر وه‌ك گووتم بۆ
سه‌قامگیركردنی نه‌زم و ئاسایشت بوو. بۆیه ھابز باری
مرۆڤه‌كانی به‌ر له سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌ر وه‌ك بارێكی
سروشتی تاریف ده‌كرد كه له‌و دۆخه‌دا مرۆڤه‌كان له
شه‌ڕێكی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌كتر دان. بۆیه‌ش بۆ
تێگه‌یشتن له ده‌وری بنیاتنه‌رانه‌ی سه‌روه‌ری و پێوه‌ندی
سه‌روه‌ری به نه‌زم و ئاژاوه‌وه، فره گرینگه كه ئێمه
بزانین كام پاشخانی فكری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی رێگای بۆ
سه‌رھه‌ڵدان و شێوه‌گرتنی سه‌روه‌ری خۆش كردووه. بۆ ئه‌م
مه‌به‌سته‌ش ئێمه ده‌شێ ئاورێك له تیۆری یاسای سروشتی
natural law
بده‌ینه‌وه كه بنه‌مای تیۆریكی سه‌روه‌ری له‌وه‌وه به
شێوه‌ی مۆدێرن زنه‌ی كردووه. چونكو سه‌روه‌ری ھه‌ر وه‌ك
له سه‌ره‌تادا گووتم، وه‌ڵامێك بوو بۆ بارودۆخێكی فره
ناله‌بار و ئاڵۆزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. واته به
شێوه‌گرتنی سیاسه‌ت وه‌ك دیارده‌یه‌كی مۆدێرن و ھه‌روه‌ھا
سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ
و ناوه‌ندی، مه‌سه‌له‌ی شه‌رعییه‌تدان به ده‌وڵه‌ت بووه
به مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌ره‌كی. كه باسی ده‌وڵه‌ت ده‌كرێ،
مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه به‌ر له سه‌ده‌كانی شانزده،
شتێك به ناوی ده‌وڵه‌ت بوونی نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی
كه تا ئه‌و كات وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌ناسرا، یه‌كه‌یه‌كی
سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، به‌ڵكو داموده‌زگایه‌ك بوو كه به‌پله‌ی
یه‌كه‌م له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه یان ئێمپراتۆری رۆما
دابوو. بوونی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت به وته‌یه‌كی دیكه،
به‌سترابۆوه به تێگه‌یشتنێكی كۆن له سیاسه‌ت و
ده‌وڵه‌تداری كه ئامانجی سه‌ره‌كی به ڕواڵه‌ت بریتی بوو
له كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و ھه‌ولێك بۆ دادپه‌روه‌ری
(ھه‌ڵبه‌ت له چوارچێوه‌ی مانایی ئه‌و سه‌رده‌مدا) له
چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنێی ئایینی‌دا.
مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری له ھه‌مووی ئه‌م تیۆرییانه‌وه، به
مه‌سه‌له‌ی مافی سروشتی
Natural Law
به‌ستراوه. تیۆری مافی سروشتی مێژوویه‌كی كۆنی له
ئوروپادا ھه‌بوو و بنه‌مای له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه
مرۆڤه‌كان به له‌دایكبوونیان خاوه‌نی ھه‌ندێ مافی سروشتین
كه كه‌س بۆی نییه لێیان زه‌وت بكات. به‌م پێیه،
مرۆڤه‌كان، جیا له پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئێتنیكیان، مافی
ژیان، داكۆكی له ماڵ و ژیان و ھه‌ول بۆ به‌خته‌وه‌ری و
ھتد ھه‌یه، كه سروشتی ئه‌و بوونه‌وه‌ره پێكدێنێ و ئه‌م
مافانه‌ش به بوونی ده‌وڵه‌ت یان دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی
دیكه یان ئاینیی نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و یاسای
سروشتییه‌ی كه ئه‌وكات ھاته كایه جیاوازییه‌كی زۆری
له‌گه‌ك ناوه‌رۆكی ئه‌و چه‌مكه له‌لای تیۆلۆژی و
سكۆلاستیكی مه‌سیحییه‌تدا ھه‌بوو. ئه‌و تێگه‌یشتنه نوێیه
له یاسای سروشتی له لایه‌كه‌وه پێوه‌ندی به
په‌ره‌سه‌ندنی زانسته سروشتییه‌كانه‌وه ھه‌بوو كه
چه‌شنه رێسامه‌ندییه‌كیان له سروشتدا ده‌دیت و ئه‌مه‌ش
به شێوه‌یه‌كی دیكه به تایبه‌ت له لایه‌ن ھابزه‌وه
ھه‌ول درا له سه‌ر كۆمه‌ڵگادا بگونجێندرێ. ئه‌گه‌ر ئێمه
سه‌رنجێكی ئه‌و چه‌مكه لای بۆ وێنه ھوگۆ گرۆتیۆس
Hugo Grotius
بده‌ین، ده‌بینین كه گرۆتیۆس پێیوابوو كه ئه‌و یاسایه
به شێوه‌یه‌ك ریشه‌كانی له خودی سروشتی مرۆڤدا ھه‌یه و
بۆیه‌ش ھیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ ئه‌و مافانه له مرۆڤ
زه‌وت بكا. گرۆتیۆس به‌تایبه‌ت مافی داكۆكی له خود یان
پاراستنی ژیانی تاك وه‌ك سه‌ره‌كیترین یاسای سروشت ده‌دیت
كه ھه‌م تاك و ھه‌م ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌گرته‌وه. دیاره
تا راده‌یه‌كی زۆر ھه‌ر ئه‌و فكره‌شه كه دواتر لای ھابز
بنه‌مایه‌كی قایمتر و زانستییانه‌تر وه‌رده‌گرێ و به‌م
شێوه‌یه كۆڵه‌كه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن له
رۆژئاوادا داده‌مه‌زرێت. له پاڵ ئه‌مانه‌ش بیری دێكارت و
ھه‌ولی ئه‌و فیلۆسۆفه بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی مسۆگه‌ر
بۆ زانیاری و بوون، رێگای بۆ ھابز خۆش كرد تا به ھه‌مان
شێوه میكانیكییه‌ی (وه‌ك گالیله) سروشت و
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ شی كاته‌وه و له‌و
شیكردنه‌وه‌یه‌ش بگاته ئه‌و ئه‌نجامه كه چ رێگایه‌ك بۆ
ده‌ربازبوون له‌و نه‌ھامه‌تی و نادڵنیاییه‌ی سیاسی و
كۆمه‌ڵایه‌تییه ھه‌یه.
به‌ڵام ھه‌ر وه‌ك گووترا، پێشمه‌رج یان راستتره بڵێین
كۆڵه‌كه‌ی فكری ئه‌و تیۆرییانه له بنه‌ڕه‌تدا، له‌سه‌ر
گریمانه‌ی بوونی دۆخ یان بارێكی سروشتییه‌وه
natural state
سه‌ری ھه‌ڵداوه، كه له‌ودا ده‌بێ مرۆڤه‌كان به‌بێ بوونی
ده‌وڵه‌ت یان دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی، له
ئازادییه‌كی ته‌واوی تاكیدا ژیابن. دۆخی سروشتی ناوێك بوو
بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه كه مرۆڤه‌كان به بێ ده‌وڵه‌ت ده‌ژیان
و ھێشتا پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان نه‌زم و
رێكخراوێكی سیاسی كه ژیانیان ته‌رتیب بكات، بوونی نه‌بوو.
ئه‌م قۆناغه ھه‌روه‌ھا وه‌ك ده‌وره‌یه‌ك باسی لێده‌كرێت
كه له‌ودا مرۆڤه‌كان له ئازادییه‌كی ته‌واودا ده‌ژیان،
به‌ڵام به ھۆی نه‌بوونی دامه‌زراوه یان پێكھاته‌یه‌كی
كۆمه‌ڵایه‌تی ئاژاوه باڵی به سه‌ر ھه‌موو كۆمه‌ڵگادا
كێشابوو و مرۆڤه‌كان له شه‌ری به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌كتر
دابوون. له‌م دۆخه‌دا، مرۆڤه‌كان نه خاوه‌نی مافێك بوون و
نه خاوه‌نی خاوه‌نێتییه‌ك، نه خاوه‌نی نه‌زمێك بوون و
نه خاوه‌نی رێسایه‌ك و ھه‌ر بۆیه‌ش ھیچ پێوارێكی ئه‌خلاقی
بوونی نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و ئاژاوه و شه‌ڕه به‌رده‌وامه
خه‌ڵك ناچار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌ك نه‌زمێك ساز
كه‌ن و پێوه‌ندییه‌كانیان به یه‌كه‌وه له سه‌ر
پێوه‌رێكدا بونیات بنرێت. به‌ڵام بۆ سازبوونی نه‌زمێكی وا
پێویست بوو به‌ر له ھه‌موو شت، مرۆڤه‌كان واز له ھه‌ندێ
له‌و ئازادییانه بێنن و خۆیان بخه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵات و
ئیراده‌ی حاكمێك بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا (ده‌وڵه‌تێك)
دابمه‌زرێنێ.
كه وایه به گوێره‌ی ئه‌و تیۆرییانه، پێكھینانی
ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری، واته وازھێنان له‌م ئازادییه و،
ده‌رچوون له‌م دۆخه سروشتییه.
باری سروشتی چ له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه باوه‌ریان
به واقیعیبوونی مێژوویی بارێكی ئاوا ھه‌بووه و، چ ئه‌و
كه‌سانه‌ی كه له‌م چه‌مكه وه‌ك ھیما یان مێتافۆرێك
كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه، ھه‌میشه شێوه شه‌رعییه‌تدانێك
بووه به‌و ھه‌وڵانه‌ی كه مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی
ئاژاوه و ھه‌ره‌ج و مه‌ره‌ج له كۆمه‌ڵگادا بووه. باری
سروشتی به‌م مانایه، به‌ھه‌شت نه‌بووه، به‌ڵكو دۆخێك
بووه كه له‌ودا كه‌س دڵنیایی له ماڵ و ژیانی خۆی
نه‌بووه و مه‌ترسی مه‌رگ، برسێتی و ژان و نه‌خۆشی
به‌رده‌وام ھه‌ره‌شه‌یه‌ك بووه له سه‌ر تاكه‌كان. بۆیه‌ش
به‌جێ ھێشتنی ئه‌م دۆخه، واته پێكھاتن له سه‌ر سازكردنی
دامه‌زراوه‌یه‌ك به‌ناوی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت، ھه‌نگاوێك
بوو به‌ره پێشه‌وه و گوازتنه‌وه‌یه‌ك بوو له
وه‌حشییه‌ته‌وه بۆ شارستانییه‌ت.
باری سروشتی له ھابزه‌وه
وه‌ك كۆنتراستێك له به‌رانبه‌ر بارێكی مه‌ده‌نییه‌وه
civil stateكه‌ڵكی
لێوه‌رگیراوه. بار یان دۆخی سروشتی ئه‌و قۆناغه ـ واقعی
یان خه‌یاڵییه‌یه، كه له‌ودا مرۆڤه‌كان خاوه‌نی
ئازادییه سروشتییه‌كانی خۆیان بوون. به‌ڵام ئه‌م دۆخه
له ھه‌مان كاتدا ھێمایه‌كه بۆ ئاژاوه و ئانارشی، دۆخێك
كه له‌ودا پێشبینی رووداوه‌كان ناكرێت و وه‌ك ھابز ده‌ڵێ،
شه‌ڕی ھه‌موو لایه‌ك له دژی یه‌كتر له ئارادایه.
چاره‌سه‌ری بارێكی ئه‌وا كه له شه‌ری ناخۆیی و شه‌ڕی
براكوژیدا ده‌سوتێ، ئه‌وه‌یه كه ھه‌موو لایه‌ك واز له
ئازادییه‌كانی تاكی خۆیان بێنن و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی
سه‌روه‌ردا یه‌ك بگرن بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و ماڵیان بپارێزن.
باری سروشتی، بۆیه، چه‌مكێكی نۆرماتیڤه كه كاركردی
تاریفكردن و شیكردنه‌وه‌ی بارێكی مه‌ده‌نییه. واته
دۆخێكی مه‌ده‌نی دروست ئه‌و شته‌یه كه له دۆخی سروشتی‌دا
ونه، یان خود باری مه‌ده‌نی له نه‌فی باری سروشتی‌دا
ده‌خوڵقێ. بۆیه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و
شارستانییه‌ت و ھه‌روه‌ھا سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت به مانای
مۆدێرنی، پێویسته ئێمه تێگه‌یشتێكمان له بار و دۆخی
سروشتی ھه‌بێ.
ھابز خۆی نه‌ته‌نیا وه‌ك یه‌كێ له گه‌روه‌ترین فیلۆسۆفه
سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می مۆدێرن ده‌بژێردرێ، به‌ڵكو بیر و
ئیده‌كانی ھابز چ له ئاست سه‌روه‌ری و چ له ئاست
پێوه‌نه نێونه‌ته‌واییه‌كان، یه‌كێ له بنه‌ماكانی تیۆری
سیاسی و، ئیلھامده‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و ھێڵه بووه كه له
تیۆری سیاسی‌دا به ریالیزم ناوبانگی ده‌ركردووه و له
ئاست سیاسه‌تی جیھانی‌دا زاڵ بووه. كاكڵی فكره‌ی ھابز
ئه‌وه بوو كه ئێمه ھیچ پێوه‌رێكی بابه‌تیانه‌ی
ئه‌خلاقیمان نییه. مرۆڤه‌كان له باری سروشتی‌دا خاوه‌نی
ھیچ حكومه‌تێكی یاسایی یان ئه‌خلاقی نه‌بوون و له‌م
قۆناغه‌دا ھه‌ر كه‌سه‌ی خۆی، خۆی پێ خاوه‌ن راستییه‌كان
بوو. له بارێكی ئه‌ودا كه له روانگه‌ی ھابزه‌وه به‌ر
له سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت ھه‌بووه، مرۆڤه‌كان وه‌ك گورگی
یه‌كتر وابوون. ئه‌وه به سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌رییه كه
ئه‌خلاق و یاسا له دایك ده‌بن. له‌م قسه‌یه، ھه‌ر وه‌ك
ج. چ. كار ده‌نووسێ، ئه‌و ئه‌نجامه وه‌رگیرا
كه له پێوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تاندا، ھیچ
پێوانه‌یه‌كی ئه‌خلاقی نییه كه بكرێ به‌سه‌ر ھه‌موو
لایه‌نه‌كاندا بسه‌پێندرێ و بۆیه‌ش، پێوه‌ندی ناو
ده‌وڵه‌تان له سه‌ر بنه‌مای بێئه‌خلاقی داندراوه. یان
ھه‌ر وه‌ك ھابز ده‌ڵێ، پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تان له دۆخی
سروشت ده‌چێت، واته له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئانارشی و
ئاژاوه زاڵه. وه‌ك ئه‌نجامێكی ئه‌م تێگه‌یشتنه، شه‌ڕ
بووه به ئامرازێكی گرینگ له پێوه‌ندیی نێوان
ده‌وڵه‌تاندا و به‌ده‌سھێنانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بووه به
ئامانجێكی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تان.
چونكو له‌م روانگه‌یه‌وه، ئامانجی ده‌وڵه‌ت له
بنه‌ڕه‌تڕا ھه‌ر به‌ھێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بوو و،
بۆیه‌ش، ده‌وڵه‌ت بۆی ھه‌بوو به ھه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م
ھێزه‌ی خۆی زیاد بكا و ئه‌مه‌ش ته‌نیا به داگیركردنی خاكی
وڵاتانی دیكه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن به سه‌ر سامانی
خه‌ڵكی دیكه مه‌یسه‌ر بوو. ھابز خۆی به ئاشكرا ده‌نووسێ
كه باری سروشتی و پێوه‌ندی ناو ده‌وڵه‌تان ھه‌ر یه‌كه و
به ھه‌مان شێوه كه ھه‌ر ده‌وڵه‌تێك مافی ئه‌وه‌ی ھه‌یه
بۆ به‌ھێزكردن و پاراستنی خۆی له ھه‌موو ئامرازێك كه‌ڵك
وه‌رگرێ، له ئاستێكی نێونه‌ته‌وه‌یشدا، ده‌وڵه‌تان بۆیان
ھه‌یه له ھه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ پاراستنی خۆیان كه‌ڵك
وه‌رگرن. دیاره ھابز ھۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و به‌راورده له
وابه‌سته‌ییدا ده‌زانێ، واته چونكو ده‌وله‌تان له
پێوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌یه‌كه‌وه وابه‌سته‌ن (ھه‌ر
چۆن له باری سروشتی‌دا مرۆڤه‌كان موحتاجی یه‌كترین).
ئه‌م ڕوانینه‌ی ھابز بۆ شه‌ڕ و پێوه‌ندی ناو ده‌وڵه‌تان
له لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه وه‌ك فۆرمێكی زوویینه‌ی
ئێمپریالیزم له‌قه‌ڵه‌م دراوه و یه‌كی وه‌ك ھاننا ئارێنت
Hanna Arendt،
ھابز به پێشڕه‌و یان خود ھێمای ئیمپریالیزم ده‌زانێ.
ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له بارێكی سروشتی‌دا ده‌ژیان و ده‌وڵه‌ت
و سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌ری تاكه رێگای ده‌ربازبوون بوو
له‌م باره سروشتییه ناله‌باره، وا پێوه‌ندی نێوان
ده‌وڵه‌تان، یان خود ھه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه به
شێوه‌یه‌ك ده‌كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان، وه‌ك دۆخێكی
سروشتی ده‌بیندرا و ھاومانای شه‌ڕ، وه‌حشییه‌ت، براكوژی و
ئانارشی داده‌ندرا. دۆخی سروشتی بۆ وێنه لای پووفندۆرف
Pufendorf
یه‌كێ له به‌ناوبانگترین تیۆریسه‌نه‌كانی
یاسای سروشتی، دۆخێكه كه له‌ودا، خولیاكان له بڕی عه‌قڵ
حكومه‌ت ده‌كه‌ن، له‌ودا شه‌ڕ، ترس، برسێتی، پیسی،
ته‌نیایی، وه‌حشییه‌ت و نه‌زانی به‌رسه‌ر خه‌ڵكدا زاڵه.
له كاتێكدا باری مه‌ده‌نی، واته دۆخێك كه ده‌وڵه‌ت
ئاماده‌یی ھه‌یه، بارێكه كه ھه‌ر به وته‌ی ئه‌و
فیلۆسۆفه ئالمانییه، له‌ودا ئاشتی و ئاسایشت
به‌رقه‌راره. له باری مه‌ده‌نیدا، ده‌وڵه‌مه‌ندی، جوانی،
ھاوبه‌شێتی، توانست و خێرخوازی و عه‌قڵ به‌سه‌ر ھه‌موو
شت‌دا زاڵه.
به‌م چه‌شنه ھابز و پوفندۆرف به تاریفكردنی باری سروشتی
به ئیمه ده‌ڵێن كه چۆن به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و باره
شه‌ڕاوییه، دۆخێكی دیكه ھه‌یه كه له‌ودا ئاسایشت و
ئاشتی زاڵه. ئه‌و كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه (كه ھێشتا له‌و
سه‌رده‌مدا جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا نییه، به
پێچه‌وانه، ده‌وڵه‌ت
و كۆمه‌ڵگا ھاوناسن
identical)،
له سه‌ر بنه‌مای كۆنتراكت و تاپۆیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بنیات
ده‌نرێ، واته له سه‌ر بنه‌مای ره‌زایه‌ت و ھاورایی
ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا. كۆنتراكت به‌م چه‌شنه له سه‌ر
بنه‌مای یاسا پۆزیتیڤه‌كان داندرا و له كه‌سایه‌تی خودی
سه‌روه‌ردا خۆی ده‌رخست. بۆیه ھه‌رچه‌شنه دژایه‌تییه‌ك
له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسایانه، به وته‌ی ھابز، كردێكی نایاسایی
و ره‌فتارێكی نائه‌خلاقی له قه‌ڵه‌م ده‌درێ..
گرینگی ئه‌و تاریفه له‌وه‌دایه كه دوو تێگه‌یشتنی
جیاواز له مرۆڤ ده‌كرێ: مرۆڤی دۆخی سروشتی و مرۆڤی دۆخی
مه‌ده‌نی.
مرۆڤی باری مه‌ده‌نی، ئاوه‌زمه‌نده و ده‌توانێ پێشبینی
كرداره‌كانی بكرێ و به پێچه‌وانه، كردار و ره‌فتاره‌كانی
مرۆڤی وه‌حشی دۆخی سروشتی شیاوی پێشبینی نییه و بۆیه‌ش
ھه‌میشه مه‌ترسییه‌كه بۆ سه‌قامگیركردنی نه‌زم و
ئاسایشت. ھه‌ڵبه‌ت كه باسی مرۆڤی ئاوه‌زمه‌ند ده‌كرێ،
مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه ئه‌م مرۆڤه، مرۆڤێكی عاقڵ و
خۆنه‌ویسته
unselfish،
به‌ڵكو ئه‌و ئاوه‌زمه‌ندییه وه‌ك شتێكی شاراوه (بالقوه
potential)
ده‌بیندرا كه سه‌روه‌ر (ده‌وڵه‌ت) ده‌بوایه به ھه‌موو
شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ی كردبا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی ئاژاوه
و ھه‌ره‌ج و مه‌ره‌جی له به‌ین بردبا. واته رێگا
چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌ترسییانه له‌و رێسا و نۆرمانه‌دا
دابوو كه ده‌وڵه‌ت یان سه‌روه‌ر ده‌بوایه دایھێنابا.
به‌ڵام له‌و تاریفانه‌دا ناته‌باییه‌كیش ھه‌ر له
سه‌ره‌تاوه و له لای ھابز له مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری
ده‌رده‌كه‌وێ. ھه‌ر وه‌ك نێگری به دروستی ئاماژه‌ی
پێده‌كا، سه‌روه‌ری لای ھابز دوو بنه‌مای ھه‌بوو، یه‌كیان
بان‌سروشتی بوو، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك ھێزێكی ده‌ره‌وه‌ی
مرۆڤه‌كان یان ھێزێكی یه‌زدانی، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌نجامی
ناوه‌كی پێوه‌نی نێوان مرۆڤه‌كان و له لایه‌كی
دیكه‌شه‌وه، سه‌روه‌ری له سه‌ر بنه‌مای
نوێنه‌رایه‌تیكردندا دامه‌زرا. ئه‌و دوو چه‌مكه‌ش خۆیان
له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناته‌با بوون، چونكو له لایه‌ك سه‌روه‌ری
شه‌رعییه‌تی به ئیراده‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌بسترێته‌وه
كه به ئاره‌زووی خۆیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌خنه پاڵ
سه‌روه‌ره‌وه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی
سه‌روه‌ر وه‌ك ئه‌نجامێكی پێوه‌ندی نێوان ئه‌و مرۆڤانه
ده‌بیندرێ، كه ھیچ بنه‌مایه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه یان خود
راپرسییه‌كی له پشت نییه.
به‌م چه‌شنه سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌ر راسته‌وخۆ به‌م
مانایه‌شه كه سه‌روه‌ر دانه‌ری یاسا و رێسا و
نۆرمه‌كانه و خاوه‌نی ھه‌ندێ مافی تایبه‌تییه؛ سه‌روه‌ر
كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌خلاقییه و، سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌لاتی
سه‌روه‌ر له خودی كه‌سایه‌تی ئه‌و دایه. بۆیه‌ش سه‌روه‌ر
ده‌كه‌وێته سه‌رووی یاساكانی مرۆڤ و ناپه‌یوه‌ست به‌و
یاسایانه و به شاروه‌نده‌كانه‌وه. ئه‌و ھه‌وڵانه‌ی
دواتر به تایبه‌ت له لایه‌ن جان لاك
Locke
و ژان ژاك روسۆوه
ده‌درێ، به مه‌به‌ستی به‌ربه‌ستكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
ره‌ھایه‌یه. به‌ڵام ئه‌و ھه‌وله بۆ سنووردارتركردنی
ده‌سه‌ڵاتی شا بوو و كه‌متر ناوه‌رۆكی خودی سه‌روه‌ری
ده‌ھاته به‌رپرسیار. بۆیه فوكۆ
Foucault
ده‌ڵێ كه كۆنتراكتی كۆمه‌ڵایه‌تی ھه‌وڵێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی
تێگه‌یشتنی كلاسیكی له سه‌روه‌ری له‌گه‌ڵ شێوه
كارگێڕییه‌كی نوێ تێكه‌ڵ بكرێت كه له‌ودا ده‌سه‌ڵاتی
ره‌ھای سه‌روه‌ر له رێگای سوژه‌ی قانونی (واته شاروه‌ند)
و شێوه‌كانی حقوقی سه‌روه‌ری، ھه‌ندێ به‌ربه‌ست بكرێت.
ئه‌مه‌ش له راستیدا تا راده‌یه‌ك خۆی ئه‌نجامی ئه‌و
ئاڵوگۆڕانه بوو كه سه‌قامگیربوون و مانه‌وه‌ی شایه‌كی وا
به‌ھێز و به‌ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌سنوور نامومكین كردبوو. دیاره
ئه‌و ته‌فسیره ھه‌ندێ نوێیه له سه‌روه‌رییه‌كی له رووی
یاساییه‌وه تا راده‌یه‌ك سنووردار و، پێوه‌ندی به خه‌ڵك
له ژێر تاوی فكری تیۆری كۆنتراكت بوو. به‌ڵام ئه‌نجامی
ھه‌مووی ئه‌و ھه‌ولانه، سه‌ره‌ڕای نییه‌تی كه‌سه‌كان،
ھه‌ر وه‌ك سكینێر
Skinner
ده‌نووسێ، ئه‌وه بوو كه سه‌روه‌ری شیاوی داشكاندن
به‌سه‌ر مافه كۆیی یان تاكیی شاروه‌نده‌كان نییه.
واته سه‌ره‌رای ئه‌وه كه كۆنتراكت و بۆیه‌ش
سه‌رھه‌ڵدانی سه‌روه‌ری له تیۆریدا، ئه‌نجامی ھاورایی و
ره‌زامه‌ندی شاروه‌ندان بوو، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا، به
سازبوونی سه‌روه‌ر و سه‌روه‌ری، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆی
وابه‌سته به‌و كۆنتراكته نه‌زانی و ده‌كه‌وێته
ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵك، یاسا و كۆنتراكت.
سه‌روه‌ر ھه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، له روانگه‌ی ئه‌و
تیۆرییانه‌وه ده‌كه‌وته بان و ده‌ره‌وه‌ی یاساكانه‌وه؛
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ھای ده‌بێ و له سه‌ر بنه‌مای بوونی
خۆی، شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌ڵات ده‌دات و به‌م چه‌شنه‌ش
ھه‌ر وه‌ك ئاگامبێن
Agamben
ده‌نووسێ، زه‌بروزه‌نگ و تووندییه‌كانی
باری سروشتی له جه‌سته‌ی خودی سه‌روه‌ردا خۆی ده‌رده‌خا
كه ھه‌م ده‌توانی ھه‌ره‌شه‌یه‌ك بێت له شاروه‌نده‌كان و
ھه‌میش داكۆكییه‌ك. دۆخی سروشتی به‌م شێوه‌یه سنوورێكی
ڵێڵ و نادیاره له نێوان سروشت و كو‌لتور، له نێوان گرژی
و یاسا، له نێوان ئاژاوه و نه‌زم و ھه‌ر ئه‌وه‌شه كه
ئاگامبن
پێیوایه كه سه‌روه‌ری له سه‌ر بنه‌مای گرژی پێكدێ.
ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه بۆ نموونه لای ھابز یان پووفێندۆرف
ئاراسته ده‌كرێ و فوكۆ وه‌ك تیۆری حقوقی و دیسكۆرسیڤی
ده‌سه‌ڵات باسی لێده‌كات، ده‌سه‌ڵاتێكه كه له یاسادا
جه‌سته ده‌كرێ و روخساری ئه‌سڵی خۆی له شه‌مشیردا
ده‌رده‌خات: واته ده‌سه‌ڵاتێكه له سه‌ر ژیان و مه‌رگی
بنده‌سته‌كان.
بۆیه یه‌كێ له بنه‌ماكانی تیۆری سه‌روه‌ری و دۆخی
مه‌ده‌نی له یاسادا ھێما ده‌كرێ. یاسا ھێمایه‌كه بۆ
ئاوه‌زمه‌ندی و بۆ نه‌زم و، نه‌زم ھاومانایه له‌گه‌ڵ
عه‌قڵ و نه‌زمێكی مه‌ده‌نی. له ئه‌نجامدا، گوێله‌مستی
ھه‌موو شاروه‌ندێك له یاسا و حوكمه‌كانی سه‌روه‌ر
پێشمه‌رجێكی سه‌ره‌كییه بۆ سه‌قامگیركردنی یاسا و نه‌زم
له وڵاتێكدا و، وه‌ك ڤاگنێر
Wagner
ده‌لێ كه دیسكۆرسی مۆدێرنیته له
سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه‌ك له نێوان عه‌قڵ و نه‌زم و
بێنه‌زمی و شێتایه‌تی داندراوه. بابه‌تێكی سه‌ره‌كی
مۆدێرنیته ھه‌میشه ئه‌وه بووه كه چۆن له رێگا
رێسامه‌ندكردنه‌وه، نه‌زم له كۆمه‌ڵگادا سه‌قامگیر كات و
به‌چ شێوه‌یه‌ك ئه‌و مرۆڤه وه‌حشییه‌ی دۆخی سروشتی له
رێگای جیاكردنه‌وه‌ی نه‌زم و بێنه‌زمی، نۆرمالیزه بكا بۆ
ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل باری مه‌ده‌نیدا بگونجێ.
سه‌روه‌رییه‌كی ھابز باسی لێوه ده‌كرد، خاسله‌تێكی
كاركردییانه‌ی ھه‌بوو و له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی
ره‌ھای شا ده‌گونجا، به‌ڵام له كۆتایی سه‌ده‌ی ھه‌ژده‌دا،
سه‌روه‌ری، فۆرمێكی گه‌لسه‌روه‌ری وه‌رده‌گرێ، واته ئه‌م
فكره‌ی ھابز دواتر لای لاك و به‌تایبه‌ت روسۆ گۆڕانی
به‌سه‌ردا دێت. دیاره تیۆری سه‌روه‌ری به شێوه‌یه‌ك
دارشترابوو كه له راستیدا ده‌یتوانی ھه‌ر وه‌ك نێگری و
ھارت باسی لێوه ده‌كه‌ن، خۆی له‌گه‌ڵ ھه‌موو شێوه‌یه‌كی
حكومه‌تی له پاشایه‌تیرا گرتوویه‌تی تا دێمۆكراسی
بگونجێنێ.
بۆیه‌ش كاتێ ھه‌ندێ ره‌خنه ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ھای
شا كرا و دواتر، لاك یان روسۆ ھاتن باسی به‌ربه‌ستكردنی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان كرد، كه‌ڵكینا له ھه‌مان چه‌مك و
ھه‌مان ناوه‌رۆك له فۆرمێكی دیكه‌دا وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی
شه‌رعییه‌ت به حكومه‌ت بده‌ن. ئه‌و فۆرمه نوێیه وه‌ك
گه‌لسه‌روه‌ری ناسراوه. گه‌لسه‌روه‌ری به شیوه‌یه‌ك
دێمۆكراتیزه‌كردنی تیۆری سه‌روه‌ری بوو؛ سه‌روه‌رییه‌ك كه
تا شۆڕشی فه‌ره‌نسه، له كه‌سایه‌تی شادا خۆی ده‌نواند،
به‌ڵام دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسه، له جه‌سته‌ی خه‌ڵك و
نه‌ته‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وت. ھه‌ر لێره‌وه ئێمه شایه‌دی
چه‌شنه ناته‌بایه‌كی دیكه‌ین. له تیۆری كلاسیكی
سه‌روه‌ریدا ھه‌ر وه‌ك گووترا، سه‌روه‌ر به رواڵه‌ت
له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌زامه‌ندی تاكه‌كان و خه‌ڵك
دامه‌زرابوو، به‌ڵام ھه‌ر كه سه‌روه‌ر یان سه‌روه‌ری
ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته ده‌ست، ئیتر خۆی ده‌كه‌وێته سه‌رووی
بیرورای خه‌ڵكه‌كه و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه به ره‌زامه‌ندی
ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێك ساز بووه، ناتوانن له سه‌ر ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته ھیچ بڕیارێك بده‌ن. ته‌نیا شێوه‌یه‌ك كه
ھێشتا ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكی پێشان ده‌دا، حاڵه‌تێك بوو كه
ده‌وڵه‌تێك له رێگه‌ی كوده‌تا، شه‌ڕ یان راپه‌ڕین
ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست بدا، له‌و حاڵه‌ته‌دا، ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته شه‌رعییه‌تی نامێنێ، چونكو ده‌سه‌ڵاتێك كه
برووخێندرێ، ناتوانێ شه‌رعییه‌تی ھه‌بێ و ناتوانێ ئه‌ركی
خۆی كه پارێزگاری له گیان و ماڵی خه‌ڵكه، به جی
بگه‌یه‌نێ.
له فۆرمی گه‌لسه‌روه‌ریشدا ناته‌ناییه‌كی ھاووێنه
ده‌بیندرێ. له لایه‌ك نه لاك و نه روسۆ به ئاشكرا
ده‌وری خه‌ڵكیان له‌م سه‌روه‌رییه‌دا دیاری نه‌كردووه. بۆ
وێنه روسۆ كه زۆر رادیكالتر له لاك باسی گه‌لسه‌روه‌ری
ده‌كا، باسی خه‌ڵك وه‌ك شتێكی كۆنكرێت ناكا، به‌ڵكو باسی
ئیراده‌یه‌كی گشتی
general will
ده‌كا؛ ئه‌م ئیراده گشتییه، به‌ڵام له سه‌رووی خه‌ڵكه
و، وه‌ك سه‌رجه‌می ئیراده‌ی تاك تاكی خه‌ڵك حسێب ناكرێ.
ئه‌م چه‌مكه‌ی روسۆ باسێكی فره زۆری تا ئێستا له‌سه‌ر
ئه‌وه و لێكدانه‌وه و ته‌فسیری جیاواز له‌مه‌ر
مه‌به‌ستی روسۆ ھه‌یه. به‌ڵام له كرده‌وه‌دا، ئیراده‌ی
گشتی ھه‌ر وه‌ك چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له سه‌رده‌می
ئێمه‌دا، ھه‌میشه بووه به ئامرازێك بۆ پاكانه‌كردن بۆ
ھه‌موو چه‌شنه سیاسه‌تێك. واته كاتێ سیاسه‌تێك له
لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌رھه‌ڵستی له‌گه‌ڵدا كراوه، ھه‌میشه
ئه‌و ئارگومێنته ھاتۆته ئارا، كه ئه‌و خه‌ڵكه خۆی
مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نازانێ. بۆیه‌ش سه‌یر
نییه كه له مێژوودا، حیزبه كۆمۆنیسته
ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، حكومه‌ته نیزامییه‌كان و
دیكتاتۆره‌كانی دیكه، ھه‌میشه به‌ناوی ئه‌و
به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه، خه‌ڵكیان سه‌ركوت كردووه.
سه‌روه‌ری ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك به كانگای شه‌رعییه‌تی
ده‌سه‌ڵاتی خۆی داده‌نا، به‌ڵام دوو شتمان له‌م
پێوه‌ندییه‌دا نابێ له یاد بچێته‌وه: یه‌كه‌م، تا دوای
شۆڕشی فه‌ره‌نسا ، مه‌به‌ست له خه‌ڵك، توێژێكی تایبه‌ت
له كۆمه‌ڵگادا بوو. دووه‌م، گوێراگرتن له خه‌ڵك به نای
ئێمڕۆكه، كارێكی ماقووڵ نه‌بوو، چونكو ئه‌ندامانی
كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ئێمڕۆ وه‌ك خه‌ڵك باسیان لێده‌كرێ،
پێكھاتووه له ھه‌ژار و نه‌خوێنده‌وار، ژن و منداڵ، بێكار
و سواڵكه‌ر و ھتد. ئه‌مانه له روانینی ئه‌و سه‌رده‌مدا
به خاوه‌نی عه‌قڵ نه‌ده‌بژێردران. بۆیه مه‌به‌ست له
ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك له راستیدا، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نه‌بوو،
به‌ڵكو كه‌مایه‌تییه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بوو. به‌ڵام ھه‌ر
له‌و ئاسته‌شدا، گه‌لسه‌روه‌ری به‌مانای
به‌رفره‌وانتركردنی سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و بۆیه‌ش
دێمۆكراتیزه‌كردنی ئه‌و چه‌مكه بوو. ئه‌م ھه‌نگاوه‌ش
به‌شێكی ھه‌ر له ترسی راپه‌ڕین،
شۆڕش و ئاژاوه بوو. راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ھا و
موتڵه‌قی شا ده‌یتوانی وڵات تووشی ئاژاوه بكا و، به‌ڵام
ئه‌سپاردنی ئه‌و سه‌روه‌رییه به جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیش ھه‌ر
ئاژاوه‌ی ده‌خوڵقاند. بۆیه دوایی ئه‌و سیستمه له
سه‌روه‌ری باشترین فۆڕمی خۆی له فۆرمی نوێنه‌رایه‌تیدا
ده‌دۆزێته‌وه كه به‌مانی سنوورداركردنی دێمۆكراسی بوو.
به‌ڵام گه‌لسه‌روه‌ری ناته‌باییه‌كی دیكه‌ی ناوه‌كی ھه‌یه
كه ئه‌ویش له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا
فره گرینگه. گه‌لسه‌روه‌ری له واتادا، به مانای
سه‌روه‌ری گه‌ل، خه‌ڵك یان نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌م فۆرمه له
سه‌روه‌ری، شێوه‌یه‌كه له دێمۆكراتیزه‌كردنی سه‌روه‌ری
شا. واته سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری شا به‌م
شێوه‌یه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ لای خه‌ڵك و نه‌ته‌وه.
دێمۆكراسیش به واتای ھه‌ره ساكاری خۆی، ئه‌گه‌ر به
مانای حكومه‌ت و بڕیار وه‌رگرتنی خه‌ڵك بێ، واته، مافی
دیاریكردنی چاره‌نووسی خه‌ڵك به ده‌ستی خۆیان ده‌بێ وه‌ك
پره‌نسیپی سه‌ره‌كی گه‌لسه‌روه‌ری و دێمۆكراسی
به‌ره‌سمییه‌ت بناسری. به‌ڵام، گه‌لسه‌روه‌ری له
كرده‌وه‌دا، ھه‌میشه له دژی نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌كان
بووه. پرسیار لێره ئه‌وه‌یه كه ئایا گه‌لسه‌روه‌ری
مانای ده‌وڵه‌تسه‌روه‌رییه، یان گه‌ل و نه‌ته‌وه، كاتێك
به‌ره‌سمییه‌ت ده‌ناسرێن، كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێك بن.
ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌م پرسیارانه ئایه‌تی (مثبت) بێ، ئه‌وسا
ده‌بێ بپرسین كه مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ
نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه ده‌وڵه‌تی ھه‌یه، چ مانایه‌ك ده‌دا؟
له كرده‌وه‌دا دوای شه‌پۆلی یه‌كه‌می پێێكھاتنی
ده‌وڵه‌تان و دواتر رزگاری كۆلۆنییه‌كان، ئێمه ده‌زانین
كه بۆ وێنه له نێوان ساڵه‌كانی 1947 ـ 1991دا، ته‌نیا
یه‌ك نموونه‌ی جیابوونه‌وه‌مان ھه‌یه، ئه‌ویش نموونه‌ی
به‌نگلادێشه. ئه‌و فاكته خۆی شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان
له‌مه‌ر ناته‌بایی گه‌لسه‌روه‌ریدا پێده‌ڵێ: گه‌لسه‌روه‌ری
پێوه‌ندی به ئیراده و داواكاری نه‌ته‌وه‌كان نییه،
به‌ڵكو له پله‌ی یه‌كه‌مدا، ئیراده ده‌وڵه‌ته‌كانه و
مه‌به‌ستیش پارێزگاری له یه‌كێتی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یه.
ره‌وتی جیابوونه‌وه و پێكھێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دوای
ساڵی 1991 ده‌ستی پێكردووه، واته له‌و قۆناغه‌دا، كه
ئێمه باس له ره‌وتێكی جیاواز و تێگه‌یشتێكی دیكه له
سه‌روه‌ری ده‌كه‌ین.
ریشه‌ی ئه‌و دوو ناته‌باییه‌ی كه له چه‌مكی
گه‌لسه‌روه‌ریدا ھه‌یه و له سه‌ره‌وه باسمان لێ‌كرد،
سه‌رچاوه‌ی له‌وه‌دایه كه ئه‌ساسه‌ن سه‌روه‌ری یان
سه‌روه‌ر باشترین ھێمای له شا (یان خودا)دا
ده‌بینێته‌وه. سه‌روه‌ر شیاوی دابه‌شین نییه و ناتوانێ
ببێته بنه‌مای ده‌سه‌ڵات دوو یان چه‌ند كه‌س یان
لایه‌نێك، به‌ڵكو ھه‌میشه فۆرمێكی دابه‌شنه‌كراو و
دانه‌پچڕاوی به خۆوه گرتووه، بۆیه له راستیدا كاتێ
مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری وه‌ك گه‌لسه‌روه‌ریش دێته ئاراوه،
ئه‌و سه‌روه‌رییه له نێوان خه‌ڵكدا ناتوانێ دابه‌ش بێت،
به‌ڵكو ئه‌و سا ده‌بێ ئه‌و خه‌ڵكه یان نه‌ته‌وه‌یه
بكرێته به یه‌كه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ سه‌روه‌ر بێت.
ئه‌وه یه‌كێك له‌و ھۆیانه‌یه كه سه‌ره‌ڕای مۆدێلی
جیاوازی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی یان سه‌روه‌ری خه‌ڵك و
تاكه‌كان، له كۆتاییدا ھه‌ر ده‌بێته‌وه به سه‌روه‌ری
ده‌وڵه‌ت وه‌ك یه‌ك یان یه‌كه‌یه‌كی سیاسی. ھه‌ر له‌و
پێوه‌ندییه‌شدایه كه ئێمه ده‌توانین له‌و په‌یامه‌ی
فوكۆ تێبگه‌ین كاتێ ده‌ڵێ كه له تیۆری سیاسی‌دا ھێشتا
سه‌ری شا نه‌په‌ڕیوه و بۆیه‌ش بۆ تێگه‌یشتنێكی جیاواز و
بۆ گۆڕانكارییه‌ك له سیاسه‌تدا، ده‌بێ ئێمه ئه‌و سه‌ره
له تیۆری سیاسی‌دا بپه‌ڕێنین.
یه‌كێك له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و باسه، واته باسی
په‌ڕاندنی سه‌ری شا له تیۆری سیاسی‌دا، ده‌توانێ ئه‌وه بێ
كه له ئاستێكی جیھانی‌دا، مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ری به
شێوه‌یه‌كی دێمۆكراتیكتر چاره‌سه‌ر بێت. سه‌روه‌رییه‌ك كه
له سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه یان نه‌ته‌وه‌ی
گه‌وره دامه‌زرابێ، سه‌روه‌رییه‌كه كه به قیمه‌تی
بنده‌ستی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ته‌واو ده‌بێت. ھه‌ول
و خه‌باتی ئێمه ده‌بێ ئاراسته‌كه‌ی روو به شكاندن و
دابه‌شینی ئه‌و چه‌شنه سه‌روه‌رییه بێت. ئه‌گه‌ر گه‌ل و
نه‌ته‌وه یان خه‌ڵك سه‌رچاوه‌ی سه‌روه‌رین، ئه‌وسا ده‌بێ
ئه‌و سه‌روه‌رییه له ھه‌موو شوێنێك كه خه‌ڵك و
نه‌ته‌وه‌یه‌كی ھه‌یه، ھه‌بێ، نه‌ك سه‌روه‌ری ته‌نیا
نه‌سیبی نه‌ته‌وه گه‌وره‌كان بێت. سیستمی دوای شه‌ری
یه‌كه‌م و دواتریش له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد، سه‌روه‌ری
ته‌نیا له ده‌ستی نه‌ته‌وه گه‌وره و ده‌وڵه‌تداره‌كاندا
چڕ بووبووه، به‌ڵام ره‌وتی به‌جیھانیبوون و
گۆڕانكارییه‌كانی دوای نه‌وه‌ده‌كان، به‌ناچاری سیستمێكی
ھاریكاری به‌سه‌ر پێوه‌ندی ده‌وڵه‌تاندا سه‌پاندووه كه
ئێمه ده‌توانین بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانی خۆمان كه‌ڵكی
لێوه‌رگرین. ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی ئه‌و كێشه‌یه له به‌رده‌م
كوردا، ھێنانه ئارای كێشه‌كه‌ی له ئاستێكی جیھانی‌دا بێ،
لایه‌نێكی دیكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به نه‌ته‌وه‌یی كردنی
كێشه‌كه له ناوه‌وه‌ی وڵات‌دا. به داخه‌وه نموونه‌ی
باشووری كوردستان تا ئێستا پێشانی داوه كه ئێمه له
ھیچكام له‌م دوو ئاسته‌دا سه‌ركه‌وتوانه كارمان
نه‌كردووه.
دوا وشه
به كورتی، سه‌رھه‌ڵدانی تیۆری سه‌روه‌ری بۆ چاره‌سه‌ری
كێشه و گرفته تایبه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا بووه. ھۆكاری
سه‌ره‌كی ئه‌م گرفتانه، له شه‌ڕ، نێوان ناخۆشی و
نه‌بوونی ئاسایشتدا بووه. سه‌روه‌ری به مانایه‌ك،
دامه‌زراندن و سه‌قامگیركردنی ئاسایشت بووه. ئه‌م
ئه‌ركه، وه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت داندراوه. بۆیه
تا ئێستاش ھه‌موو چه‌شنه به‌رھه‌ڵستێكی سیاسی به بیانووی
سازبوونی بێنه‌زمی و تێكدانی ئاسایشت سه‌ركوت ده‌كرێ. له
ماوه‌ی شه‌ڕی ساردا، مه‌سه‌له‌ی ئاسایشت و سه‌قامگیركردنی
نه‌زمێكی سیاسی، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت بوو. تا ئه‌و
كاته‌ی ئاژاوه‌كه له سیستمی نێوده‌وڵه‌تاندا نه‌بوایه،
به گوێره‌ی پرینسیپه‌كانی وێستفالیا، ھیچ ده‌وڵه‌تێك خۆی
له كاروباری ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌دا ھه‌لنه‌ده‌قورتاند.
بۆیه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، نه كوشت و بڕی خه‌ڵكی كورد قه‌ت
بووه به مه‌سه‌له‌یه‌كی جیھانی و نه ته‌نانه‌ت
داگیركردنی وڵاتێكی وه‌ك ئه‌فغانستان. ئێمه ده‌زانین كه
سۆڤییه‌تی پێشوو به بیانوو داواكاری ده‌وڵه‌تی
ئه‌فغانستان پاكانه‌ی بۆ داگیركردنی ئه‌و وڵاته ده‌كرد و
ئه‌مریكا، له رێگای موجاھیدینه‌وه، به‌ربه‌ره‌كانی
سۆڤییه‌تی ده‌كرد. واته ئه‌و كات ھاسان نه‌بوو كه وه‌ك
ئێمڕۆ وڵاتێك به بیانووی پارێزگاری له مافئ مرۆڤ یان
به‌رگری له ژێنۆساید وڵاتێكی دیكه داگیر بكرێت. به
مانایه‌كی دیكه مه‌سه‌له‌ی كێشه و ناكۆكییه
ئێتنیكییه‌كان ھه‌میشه‌ی وه‌ك به‌شێك له مافی سه‌روه‌ری
له ناو خودی ئه‌و وڵاتانه‌دا به شیوه‌ی جۆراوجۆر
چاره‌سه‌ر كراون و مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤیش، مه‌سه‌له‌یه‌كی
ناوه‌كی وڵاته‌كان بووه. به‌ڵام دوای شه‌ری سارد، به
پێچه‌وانه، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئێتنیكی وه‌ك
لایه‌نێكی مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ ھاتۆته ناو رۆژه‌فی
پێوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ری به شیوه‌ی جاران،
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ره‌ھایه‌ی له سه‌ر كاروباری ناوخۆیی
نه‌ماوه. چ له ئاستی سیاسی و چ له ئاستی ئابووری،
وابه‌سته‌یی وڵاته‌كان به یه‌كتری به شێوه‌یه‌كه كه
رێگا به ھه‌موو چه‌شنه چاره‌سه‌رێك نادرێ، به‌ڵكو ھه‌ول
ده‌درێ ئه‌م چاره‌سه‌رانه له درێژخایه‌ندا،
یارمه‌تیده‌ری نه‌زمێكی نوێی جیھانی بێ كه له لایه‌ن
زلھێزه‌كان و به تایبه‌ت ئه‌مریكاوه دیكته ده‌كرێ. له‌م
حاڵه‌ته‌دا، مه‌سه‌له‌ی یه‌كده‌ستی و یه‌كگرتوویی خاكی له
كرده‌وه‌دا كه‌تۆته خواره‌وه‌ی كێشه ئێتنیكییه‌كان.
نموونه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش پێشان ده‌ده‌ن كه
دابه‌شكردنی وڵاتێك بۆ پێش‌گرتن له ته‌نینه‌وه‌ی ئاژاوه
له ناوچه‌دا، به سانایی شه‌رعییه‌تی پێده‌درێت. بۆیه
له كه‌شێكی ئاوادا، مه‌سه‌له‌ی ئاژاوه و ھه‌ره‌ج و
مه‌ره‌ج یه‌كێكه له گرینگ‌ترین پاساوه‌كانی ھێرش و
ده‌ستێوه‌ردان له كارباری ناوخۆیی وڵاتێكی دیكه.
نموونه‌ی ھێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێراق و دواتر بارودۆخی
ئێستای باشووری كوردستان به ئاشكرا ئه‌م خاڵه پێشان
ده‌ده‌ن.
بیانووی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا له ھێرش بۆ سه‌ر ئێراق ھه‌ر
وه‌ك ھه‌موومان ده‌زانین، به‌ربه‌ره‌كانی له گه‌ڵ
ھه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو كه ئه‌مریكا پێی وابوو ده‌توانێ
مه‌ترسی بخاته سه‌ر ئاسایشتی جیھان. واته سه‌ددام وه‌ك
ھۆكارێك بۆ بێنه‌زمی ده‌زاندرا و ھه‌ولی ئه‌مریكا و
ھاوپه‌یمانانی له دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نوێ به
مه‌به‌ستی سه‌قامگیركردنی ئاسایشت و ئاشتی له ناوچه‌كه،
پاكانه‌ی بۆ ده‌كرا. لێره‌دا مه‌به‌ستی من
ئه‌وه‌نییه‌كه بڵێم ئه‌م گریمانانه راستن، ئه‌وه‌ی
گرینگه، جه‌ختكردن له سه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه كه تا ئێستاش،
شه‌ڕ و ھێرش ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی سه‌قامگیركردنی ئاسایشت
بێ، شه‌رعییه‌ت وه‌رده‌گرێ. كه وایه له حاڵه‌تێكدا كه
به رواڵه‌ت مه‌سه‌له‌ی ئاسایشت مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی
ئه‌مریكا له ناوچه‌دایه. له حاڵێكدا كه مه‌سه‌له‌ی
"ثباتی سیاسی" (ھه‌ڵبه‌ت به پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا)
مه‌سه‌له‌یه‌كی فره گرینگی سیاسه‌تی ئه‌مریكایه. بۆیه
ئه‌م خاڵه ده‌بێ له ھه‌موو رووه‌وه له داڕشتنی
سیاسه‌ته‌كانماندا سه‌رنجی بدرێتێ. له پێوه‌ند له گه‌ڵ
ئه‌و باسه‌دا كه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نه‌زم و ئاژاوه
و سه‌روه‌ری پێشكه‌ش كرا، كێشه‌ی كورد ده‌بێ دوو ئاراسته‌ی
سه‌ره‌كی وه‌رگرێ: له لایه‌ك جه‌خت بكرێته سه‌ر ده‌وری
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد بۆ ئاسایشتی ناوچه، له لایه‌كی
دیكه‌شه‌وه به كه‌مگرتنی ئه‌و كێشه‌یه وه‌ك مه‌ترسییه‌ك
بۆ ناوچه و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كانی دیكه پێشان بدرێت.
ئێستا ھه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته له راستیدا له لایه‌ن ئێران و
سوریا و توركیاوه به‌ڕێوه ده‌چێ، واته ئه‌وان ھه‌موو
كه‌ره‌تێك ھه‌ول ده‌ده‌ن وا پێشان بده‌ن كه ئه‌گه‌ر كورد
ده‌وڵه‌تێك پێكبێنێ یان فێدرالیزمێكی ھه‌بێ، وا ده‌بێته
سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ئاژاوه و ئانارشی. ئه‌وه له راستیدا
ئیستدلالی سه‌ره‌كی ئه‌و وڵاتانه‌یه بۆ به‌رھه‌ڵستیان له
ئاست كێشه‌ی كورد. به‌ڵام ئێمه ده‌بێ له ئاستی كێشه‌ی
پێناسه‌وه پێ له سه‌ر ئه و خاڵه داگرین كه مه‌سه‌له‌ی
كورد وه‌ك مه‌سه‌له‌ی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی
ده‌سته‌به‌ری نه‌زم و ته‌رتیبێك ده‌كات له ناوچه‌دا
(ھه‌ڵبه‌ت باش ده‌زانین كه ئه‌و ته‌نیا كاتێك مومكینه
كه یه‌كده‌نگی و یه‌كگرتووییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له
كوردستاندا ھه‌بێت، كه به داخه‌وه تا ئێستا ئه‌و
یه‌كگرتووییه ئه‌وه‌نده به‌ھێز و دڵنیاكه‌ر نییه). كورد
وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك به شێوه‌ی كه‌مایه‌تی مامله‌ی
له‌گه‌ڵدا كراوه‌و چه‌وساوه‌ته‌وه و، وه‌ك ھه‌موو كێشه
نه‌ته‌وه‌یی و ئێتنییه‌كییه‌كانی ئه‌و دواییانه،
چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، شه‌ڕی ناوخۆیی له
ئێراق و نائه‌منییه‌تی له ناوچه‌دا به‌دواوه ده‌بێت.
ئه‌و ناوچه‌یه وێكچوویه‌كی بێوێنه‌ی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی
بالكان ھه‌یه و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد، زوو یان
دره‌نگ له ناوچه‌دا، به‌و موزاییكه ئێتنیكییه‌ی له
ئێران، ئێراق و توركیادا ھه‌یه، ده‌توانێ به شه‌ڕێكی
درێژخایه‌نی ناوخۆیی بكێشرێ.
به كورتی، ئێمڕۆ مه‌سه‌له‌ی ترس له ئاژاوه و ھه‌ره‌ج
ومه‌ره‌ج ھۆكارێكی گرینگه له سیاسه‌تی جیھانی‌دا و خودی
چه‌مكی سه‌روه‌ریش ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه به دووانه‌ی
نه‌زم/ئانارشی به‌ستراوه‌ته‌وه. كێشه‌ی كورد له‌م
قۆناغه‌دا ده‌بێ به ئاشكرا خۆی له كێشه ناوخۆییه‌كان
بپارێزێ و رووی ده‌ره‌وه‌ی، یه‌كده‌نگی و ھاوھه‌ڵوێستی
ھه‌موو ھێزه كوردییه‌كان بێت سه‌باره‌ت به
داواكارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م
روویه‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بین، كێشه‌ی كورد ھه‌میشه وه‌ك
كێشه‌یه‌ك ده‌بیندرێ كه سیمای عه‌شیره‌یی له سیمای
نه‌ته‌وه‌یی به‌ھێزتره و بۆیه‌ش به‌رده‌وام چاوه‌رانی
شه‌رێكی ناوخۆیی لێده‌كرێت.
مه‌سه‌له‌یه‌كی له‌وه‌ش گرینگتر بۆ ستراتێژی سیاسی كورد
ئه‌وه‌یه كه سه‌رنج بداته ئه‌و ئه‌زموونه مێژووییه‌ی
سه‌روه‌ری و له‌وه دڵنیا بێت كه ھیچ چه‌شنه به‌شدارێكی
سیاسی له ده‌سه‌ڵات یان وه‌رگرتنی مافی ئیداری و
فه‌رھه‌نگی ناتوانێ ھه‌ڕه‌شه‌ی بنده‌ستی له سه‌ر
نه‌ته‌وه‌ی كورد لابه‌رێ. چونكو ھه‌ر وه‌ك ھه‌ولدرا له‌م
وتاره‌دا باس بكرێ، سه‌روه‌ری بنه‌مای له سه‌ر
دابه‌شنه‌بوونه و بۆیه‌ش بۆ پاراستنی خۆی تا كاتێك ئه‌و
سه‌رورییه یه‌ك ناوه‌ندی ھه‌بێ، ھه‌ول ده‌دات كه
جیاوازییه‌كان و ھه‌مه‌چه‌شنییه‌كان داشكێنێ و یه‌كه‌ك له
خه‌ڵك ساز بكات. له‌م حاێه‌ته‌دا، ئه‌و یه‌كه سیاسییه،
پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی پێوه دیار ده‌بێ یان خود
به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ. ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێ له داھاتوودا
له‌و بنده‌ستییه رزگاری بێت، ده‌بێ به جددی بیر له
ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری له شكلی ئێستایدا بكاته‌وه.
دیاره تاكه چاره‌سه‌ره‌ی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌و رزگارییه،
پێكھێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه. به‌ڵام من حه‌ز
ده‌كه‌م لێره ئه‌وه‌ش بڵێم كه له سیستمێكی فێدراڵیشدا
ئێمه بۆمان ھه‌یه مه‌ترسی بنده‌ستی لابه‌رین، به مه‌رجێ
كه ئێمه سه‌روه‌ری چه‌ند ناوه‌ندی بكه‌ین، یان دابه‌ش
بكه‌ین. ھه‌ڵبه‌ت ئه‌وسا ئه‌و پرسیاره به‌ھه‌قه دێته
ئارا كه چۆن سه‌روه‌ری كه كاركردی سه‌ره‌كی
دابه‌شنه‌بوونه، ده‌كرێ دابه‌ش كرێت. وه‌ڵام به‌م
پرسیاره ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م: ره‌وتی ئه‌و دواییانه،
ره‌ھابوونی سه‌روه‌ری به شێوه‌یه‌كی جددی خستۆته ژێر
پرسیاره‌وه و، ئێستا له كرده‌وه‌دا ئه‌و سه‌روه‌رییه
له نێوان چه‌ندی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری، حقوقی و
سیاسی‌دا دابه‌شكراوه. ھه‌روه‌ھا ئێمه ده‌بێ بڵێین كه
دابه‌شنه‌بوونی سه‌روه‌ری ئه‌مرێكی واقئع نییه و
نه‌بووه، به‌ڵام جه‌وھه‌ری سه‌روه‌ری له ده‌وری ئه‌و
خاڵه‌دا په‌نگ ده‌خواته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه،
دابه‌شكردنی سه‌روه‌ری له ئاستی وڵاتێكدا له حاڵه‌تێكدا
مومكینه كه ئه‌و سه‌روه‌رییه چه‌ند ناوه‌ندی بكرێ و
ھه‌ر ناوه‌نده‌ش سه‌روه‌ری رێژه‌یی خۆی بپارێزێ.
بۆ وێنه له ئێران‌دا ھه‌ر چه‌شنه چاره‌سه‌رێكی كێشه‌ی
كورد، زوو یا دره‌نگ ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر و دژی ھه‌ولی
ده‌وڵه‌تێك كه ده‌یه‌وێ بنه‌مای پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی
خۆی یه‌كده‌ست و یه‌كپارچه بكات. له‌و حاڵه‌ته‌دا،
ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌بێ كورده‌كان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه
ناچار بكات سه‌ر بۆ ئه‌و پێواره سه‌ره‌كییانه‌ی
پێناسه‌یه‌كی ئێرانی دابنوێنن، ئه‌و پێوارانه‌ش بێگومان،
ماكه‌كانیان له ناو پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته‌وه
ھه‌ڵێنجراون و بۆیه‌ش ھه‌مان كێشه‌ی ئێستا له فۆرمێكی
دیكه‌دا و به شێوه‌یه‌كی دیكه دووباره ده‌بێته‌وه.
بۆیه له حاڵه‌تێكدا كه پێكھێنانی ده‌وڵه‌تی كوردی به
ھه‌ر ھۆیه‌ك جارێ مومكین نه‌بێ، كورد ده‌بێ ھه‌ول بدات خۆی
ناوه‌ندێكی ئه‌و سه‌روه‌رییه بێ (ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه‌ش له ئێران‌دا كارێكی وا بكه‌ن)، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵاتی
سه‌روه‌ر و حاكمییه‌تی سیاسیی میلله‌تی ئێران ده‌بێته
حاكمییه‌تی سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی ئێران به
پێناسی جیاواز و چه‌ند ماكی ھاوبه‌ش كه له سه‌ر بنه‌مای
شاروه‌ندێتییه‌كی گشتی و ھاوبه‌شی ئێرانی ده‌توانن
ده‌سته‌به‌ری داھاتووی ئێرانێكی دێمۆكراتیك بكه‌ن. غه‌یری
ئه‌وه، ھیچ رێگاچاره‌سه‌رێكی دیكه ناتوانێ كۆتایی به
كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ھه‌ه‌شه‌ی ئاژاوه و شه‌ڕ له
ئێران یان ئه‌و وڵاتانه‌دا بێنێت كه سه‌روه‌ری له پاوان
نه‌ته‌وه‌یه‌ك دایه و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له ژێر ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته‌دا ده‌ژین.
سه‌رچاوه‌كان
Agamben, G. 1998, Homo
Sacer: Sovereign Power and Bare Life. California:
Stanford University Press.
Arendt, H. 1958, The
Origins of Totalitarianism, 2nd edn, London.
Bartelson, J. 1995, A Genealogy of Sovereignty,
Cambridge: Cambridge University Press.
Bartelson, J. 2001. The Critique of the State,
Cambridge: Cambridge University Press.
Carr, E. H., 1981, The Twenty Years' Crisis
1919-1939: An Introduction to the Study of International
Relations. London: Palgrave.
Devetak, R. 1996, “Postmodernism”, in Scott Burchill
et al. Theories of International Realtions,
pp 179-209. London: Macmilan Press.
Foucault, M. 2002, Sexualitetens historia,bd I,Göteborg:
Daidalos.
Foucault, M. 2002,
Sexualitetens historia. Bd I, viljan att veta.
Göteborg: Daidalos, pp 138, 144
Giddens, A. 1990, The Nation-State and Violence.
Cambridge: Polity Press.
Hardt, M. & Negri, A. 2003, Imperiet.
Stockholm/Göteborg: Glänta Produktion/Vertigo förlag.
Hobbes, T. 1983, De Cive. Oxford: Oxford
University Press.
Keating, M. 2001, Plurinational Democracy.
Oxford: Oxford University Press. Oxford Scholarship
Online:
http://www.oxfordscholarship.com/oso/public/content/politicalscience/0199240760/toc.html
Moore, M. 1998, National Self-Determination
and Secession. Oxford: Oxford University Press.
Oxford Scholarship Online:
http://www.oxfordscholarship.com/oso/public/content/politicalscience/0198293844/toc.html
Pufendorf, S. 2001, Om
de mänskliga och medborgerliga plikterna enligt
naturrätten.
Stockholm: City University Press.
Skinner, 1989: Liberty before Liberalism,
Cambridge: Cambridge University Press.
Wagner, P. 1994, A Sociology
of Modernity, Liberty and Discipline. London: Routledge.
Walker, R. B. J. 1993, Inside/Outside: International
Relations as Political Theory, Cambridge: Cambridge:
University Press.
Williams, M. 1996, ”Rethnking Sovereignty”, in Eleanor
Kofman & Gillian Youngs (eds.), Globalization: Theory
and Practice, pp. 109-122. London: Pinter.
شه‌ماڵ كاوه، "مێكانیزمی ده‌رھاوێژه‌رانه‌ی دێمۆكراسی"،
سیاسه‌ت 2003:3.
(Pufendorf, 2001:
145-146)
(Foucault, 2002: 138, 144)
|