|
سیاسه‌تی کورد سیاسه‌تێکی ڕۆشنبیرکووژ و دژه‌ڕۆشنبیری بووه
وتوووێژێک له گه‌ڵ رۆژنامه‌وان، شه‌مزین جیهانی
ئاگوستی 2009

پرسیار : کاک شه‌ماڵ به بڕوای تۆ چ پێوه‌ندییه‌ک له
نێوان ڕۆشنبیر و سیاسه‌تدا ده‌توانێ هه‌بێ ؟
دیاره وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه به‌ر له هه‌موو شت
پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که ئێمه چه‌مکی ڕۆشنبیر و
هه‌روه‌ها سیاسه‌ت چۆن پێناسه ده‌که‌ین. ڕه‌نگبێ له
باسێکی وادا نه‌بواری ئه‌وه هه‌بێ و نه درووستیش بێت
ئاوڕێکی ره‌چه‌ڵه‌کناسانه له‌و چه‌مکانه بده‌ینه‌وه،
به‌ڵام با لانی که‌م ئه‌وه بڵێم که لای من جیاوازی
هه‌یه له نێوان ڕۆشنبیر و پسپۆڕ یان خود له نێوان
ڕۆشنبیر و خوێنده‌وار. دیاره ئێمڕۆ گه‌لێ که‌س، ناوی
ڕۆشنبیر له سه‌ر هه‌موو که‌سێک داده‌نێن که
بڕوانامه‌یه‌کی ئاکادێمیان له گیرفان دایه، به‌ڵام به
بۆچوونی من، ڕؤشنبیر به‌ر له‌وه‌ی پێشه یان پسپۆڕی بێت،
چه‌شنه هه‌ڵوێسته و ڕوانینێکه به خود و به کۆمه‌ڵگا.
له هه‌مان کاتیش‌دا من خۆم دوور ده‌خه‌مه‌وه له‌و
باوه‌ڕه وشک و مه‌ترسیداره‌ی مارکسیستی که ڕۆشنبیری وه‌ک
وته‌بێژی ڕاستییه موتڵه‌قه‌کان ده‌بینی. لای من ڕۆشنبیر
نه پێوه‌ندی به ڕاستییه‌کانه‌وه هه‌یه نه به پسپۆڕی
و شاره‌زایی له بواری ئاکادێمدا. ڕۆشنبیر به‌ر له هه‌موو
شت ده‌بێ که‌سێک بێت که سروشتی بوونی دیارده‌کان ده‌خاته
ژێر پرسیار و هه‌ول ده‌دات دیارده‌کان له پاشخانێکی
مێژوویی‌دا ببینێت و پیرۆزی ئه‌وان بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
لای من ڕۆشنبیر به‌ر له هه‌موو شت ڕه‌خنه‌گره.، یان وه‌ک
نووسه‌رێکی به‌ناوبانگ جارێکیان گووتبووی،
قه‌یرانسازکه‌ره. که باسی ڕه‌خنه‌گری ده‌که‌م، مه‌به‌ستم
ئه‌وه نییه ڕۆڵی گوته‌بێژی حه‌قیقه‌ت به ڕۆشنبیر
ببه‌خشم، به پێچه‌وانه، ڕۆشنبیر ئه‌و که‌سه نییه که
له جیاتی سته‌ملێکرا و له‌بیرچووان قسان ده‌کات و
ده‌بێته نوێنه‌ریان، وه‌ک چۆن هه‌موو حیزبه کوردییه‌کان
خۆیان ئه‌و ڕۆڵه‌یان به خۆیان به‌خشیوه، به‌ڵکو ڕۆشنبیر
که‌سێکه که قسه‌ی ده‌خاته پاڵ ئه‌و سته‌ملێکراو و
په‌راوێزخراوانه.
پرسیار : که‌وایه ڕۆڵی
ڕووناکبییری کورد له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؟
ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک به‌وه به‌نده که ئێمه سیاسه‌ت
به چ شێوه‌یه‌ک پێناسه بکه‌ین. چونکو جه‌وهه‌ری
تێگه‌یشتنی ئێمه له‌سیاسه‌ت به‌ر له هه‌موو شت به‌نده
به چالاکییه‌کی ئینستیتوشیۆنه‌ل و دامه‌زراوه‌یی. واته
سیاسه‌ت لای ئێمه ئه‌و چالاکییه‌یه که که‌سانێک به
ناوی حکومه‌ت یان حیزب ده‌یکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش ڕۆڵی ڕۆشنبیر
به‌ره‌ده‌وام له‌و خانه‌یه‌دا بینراوه، واته له
سیاسه‌تی حیزبی و ده‌وڵه‌تیدا و بۆیه‌ش سه‌یر نییه که
لای ئێمه به ده‌گمه‌ن ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ بواری کار و
هه‌ڵدانیان بۆ ڕه‌خساوه. له حاڵیکدا سیاسه‌ت به‌ر له
هه‌موو شت، به‌ربه‌ره‌کانی و ژێرپرسیارخستنی ئه‌و چه‌شنه
چالاکییانه‌یه که ده‌یه‌وێ هه‌موو مه‌یدانێک پاوان بکات.
له زمانه ئوروپییه‌کاندا جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان
politics
&
the
political
که من له ڕاستیدا نازانم چۆنی وه‌رگێڕمه‌وه کوردی،
به‌ڵام له حاڵیکدا
politics
ئه‌و چالاکییه‌یه کۆنکرێته‌یه که به گوێره‌ی چانتل
مووف (Chantal
Mouffe)
پێوه‌ندی به ئاستێکی ئه‌زموونی و زانستی سیاسییه‌وه
هه‌یه، واته کارگێڕی و بڕیاره ڕۆژانه‌کان و سیاسه‌تێکی
دامه‌زراوه‌یی ده‌گرێته‌وه .
پرسیار : ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه بۆم
شتێکی سرنج ڕاکێشه ، ئاماژه به جیاوازی
politics
&
the political
ده‌که‌ی که ئه‌مه ده‌توانێ دوو چه‌مکی جیاواز بێ ، حه‌ز
ده‌که‌م زیاتر ئه‌و باسه شی بکه‌یه‌وه ؟
له حاڵێکدا سیاسه‌ت
politics
ئه‌زموون و چالاکییه کارگێڕییه‌کانی ڕۆژانه‌د
ده‌گرێته‌وه، وا چه‌مکی
the political
ئاماژه‌یه‌که به ئاستێکی بوونناسانه و په‌یوه‌سته به
تیۆری سیاسی و پرسیارگه‌لێ ده‌خاته‌به‌رباس که پیوه‌ندی
به بنیاته‌کانی خودی کۆمه‌ڵگا و چۆنییه‌ت سه‌رهه‌ڵدان و
کارکرده‌کانییه‌وه هه‌یه. به‌و جۆره ئێمه ته‌نیا باسی
سیاسه‌ت به مانای
politics
ده‌که‌ین و که‌متر باس له سیاسه‌ت به مانای
the political
ده‌که‌ین. له حاڵێکدا جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت (politics)
له سه‌ر پێهاتن و سازان و دانوستان ڕاوه‌ستاوه، وا
سیاسه‌ت وه‌ک (the
political)
بنه‌ماکه‌ی له‌سه‌ر دژایه‌تی و کێشه ڕاوه‌ستاوه. ئه‌و
کێشه‌یه ده‌توانێ شێوه‌ی جیاواز به‌خۆیه‌وه بگرێ، به‌ڵام
هیچکات مه‌حڤ نابێته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌شه که به بڕوای
مووف، جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت پێکدێنێت.
پرسیار : به پێی ئه‌و پێناسه
کورت و کۆنکرێته‌ی ئێوه له سه‌ر ئه‌و کۆنسێپته ،
پێتوایه تا چه‌ند جه‌وهه‌ری سیاسی کورد کاریگه‌ری به
سه‌ر خواستی سیاسی خه‌ڵکی کورد دا هه‌بووه ؟
ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له کرده‌وه‌دا هه‌مووی سیاسه‌ت
له ئاستی ئه‌زموونی و مه‌یدانی کارگێڕیدا خولاسه
ده‌کاته‌وه، له حاڵیکدا، زۆربه‌ی کێشه‌کان و گرفته‌کان،
ئاستێکی ته‌واو بوونناسانه و گشتگرییان به‌خۆوه گرتووه.
به‌و مانایه ئه‌و هێزانه به هه‌موو چه‌شنێک له خه‌ڵک و
له ئاره‌ز‌ووه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه دابڕاون، ئه‌و دابڕینه
هه‌میشه به ئه‌نقه‌ست نه‌بووه و نییه، به‌ڵام
هۆیه‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، ئه‌و مه‌ودایه ساز بووه. له‌و
ڕه‌وته‌دا، له حاڵیکدا ئه‌و هێزانه خۆیان له مه‌یدانی
سیاسه‌ت دوور ده‌خه‌نه‌وه، هێزی دیکه ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و
مه‌یدانه‌دا ده‌گرێ. درێژه‌ی ئه‌و سناریۆیه، خه‌ڵک وهێزه
سیاسییه‌کان له به‌رانبه‌ر یه‌کدا راده‌گرێ ئه‌گه‌ر
هێزه‌کان له‌و بواره‌دا به‌خۆیاندا نه‌یه‌نه‌وه.
پرسیار : زۆر باشه ، با
بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی سه‌ره‌کیمان ، به پێی ئه‌و
پێناسانه‌تان ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که ئێوه بڕواتان به
پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی ڕۆشه‌نبیر به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه .
به‌ڵام پێتوایه ئه‌و مژاره توانیبێتی له کوردستاندا ده
گه‌ڵ سیاسه‌تی کوردی وه‌ک خۆی به شێوه‌ی پێویست پێوه‌ندی
ڕاسته‌وخۆی ڕۆشه‌نبیر به سیاسه‌ته‌وه‌ی چێ کرد بێ ؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پێناسه‌یه له‌به‌رچاو بگرین، ده‌کرێ
بڵێن که ڕۆشنبیر پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به سیاسه‌ته‌وه
هه‌یه، چونکو ڕۆشنبیر ڕه‌خنه‌گره له‌و نه‌زمه زاڵه‌ی
که له‌سه‌ر سته‌م و زۆر، له سه‌ر داپڵۆسین و
که‌ڵه‌گایه‌تی راوه‌ستاوه. ئه‌و سته‌م و زووڵمه‌ش هه‌ر
پیوه‌ندی به دوژمنه‌وه نییه، به‌ڵکو حیزبه‌کانیش تێدا
تاوانبارن.
ئینجا ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و پرسیاره به ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستانه‌وه ره‌بت بده‌ینه‌وه، له گۆشه‌نیگای
باوه‌وه، ده‌کرێ بڵێین که ئێمه له نیوان ڕؤشنبیر و
سیاسه‌ت دیوارێکی به‌رینمان کێشاوه. چونکو ئێمه له
لایه‌که‌وه، سیاسه‌ت ته‌نیا به ئه‌مرێکی حیزبی ده‌زانین
و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، رۆشنبیر به که‌سێکی کتێبخوێن
و ناشاره‌زا له واقعی ژیان. به‌و پێیه ده‌کرێ بڵێین
ڕۆشنبیری به گشتی دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌ن بووه لای ئێمه،
ئێمه ڕۆشنبیرمان له ده‌ره‌وه‌ی ئاڵقه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
کارگێریدا نه‌بووه، ئێستاش ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین،
رکه‌به‌رایه‌تییه‌ک له نێوان هه‌موو هیزه‌کاندا بۆ کڕینی
ئه‌و که‌سانه هه‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاڵقه‌یه‌دا
کار و چالاکی ده‌که‌ن. که‌وایه سیاسه‌تی کورد سیاسه‌تێکی
ڕۆشنبیرکووژ و دژه‌ڕۆشنبیری بووه. بۆیه‌ش به بڕوای من
له سیاسه‌تی کوردی‌دا به گشتی شوێنێک بۆ ڕۆشنبیر
نه‌بووه، یان خود ئه‌و شوێنه فره به‌رته‌سک و سنووردار
بووه. ئه‌وه‌ش هه‌ر وه‌ک گووتم ره‌نگبێ به‌ر له هه‌موو
شت پێوه‌ندی به تێگه‌یشتنی تایبه‌تیی ئێمه به ڕۆشنبیر و
سیاسه‌ته‌وه هه‌بێ.
پرسیار : بۆ؟
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له جووڵانه‌وه‌ی ئێمه‌دا، هه‌میشه
چه‌مکی ڕۆشنبیر وه‌ک چه‌شنه سووکایه‌تییه‌ک به کار
هاتووه. کاتێ ئێمه باسی که‌س وه‌ک ڕۆشنبیر ده‌که‌ین،
به‌ر له هه‌موو شت ده‌مانه‌وێ ئه‌وه بڵێن که ئه‌م
که‌سه فڕی به سیاسه‌ته‌وه نییه؛ ئه‌م که‌سه قسه‌ی
کتێب ده‌کا و ئاگای له واقع نییه. له حاڵیکدا سیاسه‌ت
لای ئێمه کاری "پیاو" بووه، ڕۆشنبیری کاری خه‌ڵکی
"لوسکه" و "گه‌نج" بووه. له‌وه‌دا ئێمه سنوورێکمان
کێشاوه له نیوان واقعێکی سیاسی که به‌ره‌ڕووبوون و
مامله له‌گه‌ڵیدا، پیاوانی ئه‌هلی کرده‌وه و بوێر و
ئازای پیویست بووه، له حاڵیکدا ڕۆشنبیری پیشه‌ی خه‌لکی
گه‌نج و بێ ئه‌زموون بووه که سه‌ریان له ناو کتێب‌دا
بووه و ئاگایان له واقعی ده‌ره‌وه نه‌بووه. ئه‌و
وێنه‌یه، وێنه‌یه‌کی پاتریارکال و نێرسالارانه‌یه که
ئیراده و وزه له پیاودا ده‌بینێ. ئه‌وه خۆی
ره‌هه‌ندێکی سیاسه‌تی کوردی ده‌درکێنێ و ئه‌ویش روانین به
تیۆری و پراکتیک، یان کرد و فکره. به‌و مانایه که ئێمه
به پیچه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌ریته‌ی که ماوه‌یه‌کی دووردرێژ و
تا ئێستاش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ڕۆژئاوادا زاڵ بووه، کرد
و پراکتیک له فکر و تیۆری به گرینگتر داده‌نێین.
به‌ڵام لێره‌دا یه‌ک جیاوازی زۆر گرینگ هه‌یه، چونکو له
ڕۆژئاوادا، ته‌قه‌دومی تیئۆری به پراکتیک که بۆ وێنه
ڕه‌نگبێ به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو یه‌که‌مجار له لایه‌ن
مارکس ه‌وه هاتبێته ژێر پرسیار، له بنه‌ڕه‌تدا
هه‌ڵوێستێکی دژی فه‌لسه‌فی بوو، واته لێره‌دا ته‌قه‌دوومی
فه‌لسه‌فه له سه‌ر سیاسه‌ت هاته ژێر پرسیار. دواتریش
کاتێک نیچه یان هه‌یدێگێر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه دووپات
ده‌که‌نه‌وه، مه‌به‌ستیان دژایه‌تی فکر نییه، به‌ڵکوو
تێگه‌یشتنێکی جیاوازه له پێوه‌ندی فکر و کرده‌وه.
ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌که له دێکارت و ئه‌و نه‌ریته‌ی دێکارت
پێشه‌نگی بوو. بۆ مارکس بۆیه ئه‌رکی فیله‌سۆف ته‌نیا نابێ
بریتی بێ له شیکردنه‌وه‌ی جیهان، به‌ڵکو ده‌بێ گۆڕینی
ئه‌و جیهانه بێت. لای هه‌یدێگێر گرینگ ئه‌وه‌یه که
تیۆری له ناو قاوغی پراکتیکدا جێگیر بکرێت. لای ئێمه
ئه‌و ته‌قه‌دوومه به‌رهه‌می فکرێکی فه‌لسه‌فی یان دژی
فه‌لسه‌فی نه‌بووه، به‌ڵکو به‌رهه‌می نه‌بوونی فه‌لسه‌فه
بووه. ئه‌و کێشه‌یه ڕه‌نگبێ له ئاستی باسێکی وادا به
گرینگ دانه‌ندرێت، به‌ڵام کێشه خودی ئه‌و باسه له‌و
قه‌واره‌یه‌دا نییه، کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌نجامه‌کانی
بیروبۆچوونێکی وایه.
له گه‌ڵ ئه‌و بۆ چوونه‌ت هه‌م ،
ڕاسته هه‌نگاوی سیاسی و ڕوناکبیری کورد له بوونی
فه‌لسه‌فه ویان تێۆریه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه ،
به‌ڵام ئه‌خه‌ر له پاره‌له‌لی ئه‌وه‌ش دا ، خۆ ده‌بێ بار
و دۆخی سیاسه‌تی زاڵبوو به سه‌ر کورد و هه‌روه‌ها ئه‌و
به‌ربه‌ستانه‌ی که بوونه‌ته هۆی گه‌شه‌نه‌کردنی
ڕوناکبیری پێیویست له کۆمه‌ڵگای کورد دا ، له پێش چاو
بگرین ، ده گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌رگیز له
پراکتیک به دوور نه‌بووه !
ڕاسته، کورد له پراکتیک دوور نه‌بووه، له فکریش دوور
نه‌بووه، چونکو خۆ پراکتیکیش هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای
فکر مه‌یسه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام باس ئه‌وه‌یه که ئێمه
پراکتیک و فکرمان له ئاستێکی شێاودا بێت. کاتێ ئێمه
تیۆری و پراکتیک له پێوه‌ندییه‌کی دووجه‌مسه‌ریدا
ده‌بینین، ناتوانین به هیچ شێوه‌یه‌ک سنووری نێوانیان
بپه‌ڕێنین. له حاڵیکدا زه‌حمه‌ته ئێمه باسی کرده‌وه و
پراکتیک به بێ تیۆری بکه‌ن، به هه‌مان شێوه‌ش تیۆری و
فکر له قه‌واره و پاشخانی پراکتیکدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ئێمه یه‌کڕه‌هه‌ندییه و ئه‌و
دیالێکتیکه نابینێ.
پرسیار : بۆ وێنه چۆن ؟
ده‌توانی نمونه‌یه‌ک بهێنیه‌وه ؟
بۆ نموونه یه‌کێ له خاسله‌ته‌کانی به‌رچاوی جوولانه‌وه‌ی
کوردی و به‌تایبه‌ت له‌و چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا نه‌بوونی
ستراتێژییه‌کی ڕوونی نه‌ته‌وه‌یی بووه. پێشمه‌رجی
ستراتێژییه‌کی وا دوور ڕوانین و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی
جیاوازه له بارودۆخی جیژهان و گۆرانکارییه‌کانی و
هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نوێ شوێنگه‌ی کورد له‌و به‌ینه‌دا،
به‌ڵام ئێمه له جیاتی ئه‌و کاره، به‌رده‌وام له سه‌ر
واقعبینی سیاسی پێ داده‌گرین، وه‌ک ئه‌وه‌ی واقعبینی سیاسی
دیارده‌یه‌کی عه‌ینی و شیاوی گرتن و ڕاهێنان بێت. هۆکارێکی
ئه‌و شیفته‌گییه‌ی ئێمه به‌و چه‌مکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
پێناسه‌ی ئه‌و فکره له واقع. واته سیاسه‌ت بریتییه له
بارستایی هێز و مه‌به‌ستیش له هێز، به‌ر له‌هه‌موو شت
هێزی سوپایی و ئابوورییه. ئه‌نجامێکی کوشنده‌ی ئه‌و
سیاسه‌ته، له‌بیرکردن و فه‌رامۆشکردنی خه‌ڵکه وه‌ک
سه‌رچاوه و سه‌رشاری سیاسه‌ت. واقعبینی سیاسی واته
پراکتیک، کرده‌وه، له حاڵیکدا ستراتێژی، وه‌ک تیۆری
سه‌یری ده‌کرێت. کاتێک ئێمه له سه‌ر واقعبینی سیاسی
پیداده‌گرین، له ئه‌ساسدا، پێ داده‌گرینه سه‌ر
ته‌قه‌دومی پراکتیک به‌سه‌ر تیۆری، یان له‌و ئاسته‌دا،
ته‌قه‌دوومی سوپا و هێزی ئابووری به هێزی فکری و هێزی
خه‌ڵک. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و سیاسه‌ته ته‌نیا به‌رهه‌می ئه‌و
چه‌شنه روانینه به فکر و به کرده‌وه نییه، به‌ڵکو
زۆر هۆکاری دیکه‌ی هه‌یه، به‌لام ئه‌مه‌ش ره‌هه‌ندێکی
ئه‌و روانینه پێکدێنی.
پرسیار : باشه به‌و شێوه‌یه
پێتوانیه که ڕه‌نگبێ زۆر که‌س وابزانێ ئێمه ئێستا زیاتر
باسی زانست و گرینگی زانست ده‌که‌ین تا پراکتیک؟
ئه‌وه ڕاسته، ئێستا پێداگرتن له‌سه‌ر زانست بۆته باو،
به‌ڵام ئه‌و پێداگرتنه، پێداگرتن له‌سه‌ر فکر نییه،
به‌ڵکو له سه‌ر خیبره و پسپۆڕییه. ئه‌و پیداگرتنه‌ش دوو
خاسله‌تی هه‌یه. ئێمه له لایه‌که‌وه زانست وه‌ک
ئه‌مرازێک به‌کار دینین که تا ئه‌وکاته‌ی ئه‌و ئه‌مرازه،
له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی ئێمه بخوێنێته‌وه و بتوانین به‌و
نه‌یارانی خۆمانی پێ ده‌مکووت که‌ین، وا پێمان شتێکی
باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و زانسته له دژی بۆچوونی
ئێمه بێت، وا به‌که‌ڵک نایه‌ت و ده‌بێ تووڕی ده‌ین.
به‌ڵام لایه‌نێکی دیکه‌ش هه‌یه، ئه‌و بروا به زانسته
که وێکچوونێکی هه‌م له‌گه‌ڵ چه‌شنه زانستیزم (scientism)
هه‌یه که به دره‌نگی گه‌یشتۆته ئێمه و هه‌میش
پێوه‌ندی به پسپۆڕیزمی (professionalism)
ئه‌و دوواییانه هه‌یه، که زیاتر په‌یوه‌ندیداره به
هێژمۆنی نوێلیبرالیزم تا بۆچوونێکی فه‌لسه‌فی و زۆریش به
خێرایی گه‌یشتۆته ئێمه. له‌و ئاسته‌دا مه‌به‌ستی
سه‌ره‌کی له زانست پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی مه‌یدانی سیاسه‌ته.
نوێلیبراله‌کان به‌و چه‌شنه ده‌یانه‌وێ سیاسه‌ت بکه‌نه
به پاشکۆیه‌کی بازار و ئه‌مرێکی ئیداری.
پرسیار: که‌وایه له هه‌ر دوو
حاڵه‌تدا، یه‌ک شت دووپات ده‌بێته‌وه: فکرکردنه‌وه و
پراکتیک کاری هه‌موو که‌سێک نییه ، وایه ؟
سه‌یرکه، بڕوای ته‌واو به زانست و پیداگرتن له‌سه‌ر
ده‌وری پسپۆر وه‌ک تاکه پێوه‌ری ڕاستییه‌کان، ڕووی ئه‌و
به‌ری هه‌مان فکره که هیچ بایه‌خی بۆ فکر دانانێت، چونکو
ئه‌وکات ئێمه پێمان وابوو که‌س بۆی نییه قسان بکات
ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووبێت، ئێستا ده‌ڵین که‌س بۆی
نییه قسان بکات ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌یه‌کی زانستگای پێ
نه‌بێت.
له حاڵێکدا نه پێشمه‌رگایه‌تی
و نه بڕوانامه‌ی زانستگا، هیچکامیان ڕاسته‌وخۆ
پێوه‌ندییان به درووستی سیاسه‌ت یان زانیاری له‌و
ئاسته‌دا نییه.
ده‌قیقه‌ن ، ئه‌مه له بنه‌ڕه‌تدا به لایه‌که‌وه
چه‌شنه موڕالیزمێکه که زۆر مه‌ترسیداره، چونکو ئێمه
ئه‌وکات ڕاستی و سیاسه‌ت و ئه‌خلاق به یه‌ک شت ده‌زانین،
له حاڵیکدا هیچکام له‌و دیاردانه پێوه‌ندییه‌کی
پێویستیان به یه‌که‌وه نییه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه،
ده‌ستهه‌ڵبڕینه بۆ نوێلیبرالیزم که ده‌یه‌وێ خه‌ڵک له
بوار و مه‌یدانی سیاسه‌ت ده‌رهاوێژێ و سیاسه‌ت بکات به
به‌شێک له ئابوور و له مودیرییه‌ت و کارگێڕی که ته‌نیا
به که‌سانی پسپۆڕ ده‌کرێن. ئه‌و چه‌شنه ڕوانینه به
سیاسه‌ت، چ له سه‌ر بنه‌مای پراکتیک بێت یان تیۆری، واته
وه‌ک نموونه چ له سه‌ر ئازایه‌تی و گیانفیدایی
پێشمه‌رگه بێت یان توانایی تیۆری و بڕوانامه‌ی زانستی،
له هه‌ر دووی ئه‌و حاڵه‌ته‌دا، سیاسه‌ت ده‌کات به
ئه‌مرێکی دژه‌سیاسی. چونکو ئه‌نجامی ئه‌و دوو فکره،
ده‌راویژتن و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵکه له سیاسه‌ت.
ئه‌نجامی هه‌ر دوو ئه‌و فکرانه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکینه،
ئێوه سیاسه‌ت نازانن، بۆیه‌ش ئێمه له جیاتی ئێوه
سیاسه‌ت ده‌که‌ین.
پرسیار : ئه‌ی که‌وایه چاره
چیه؟ پێتوایه چۆن ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر ده‌کڕێ ؟
من ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه، به‌ڵام
ده‌توانم ئاماژه به هه‌ندێ ڕه‌هه‌ند بکه‌م که
به‌لامه‌وه گرینگن.
یه‌که‌م خاڵی گرینگ به‌تایبه‌ت له ئێمڕۆی سیاسه‌تی کوردی
ڕۆژهه‌ڵاتدا ئه‌وه‌یه که سیاسه‌ت ته‌نیا له ژووره‌کانی
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی زلهێزه‌کاندا نه‌بینن. سیاسه‌ت وه‌ک
باوه، ته‌نیا گه‌یشتن به کورسی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵکو
بریتییه له چالاکییه‌کی به‌رده‌وام به مه‌به‌ستی گۆڕین،
سیاسه‌ت ته‌نیا بریتی نییه له چاوه‌ڕوانی شۆڕش یان
هه‌ڵکه‌وتی فره گه‌وره، به‌ڵکو هه‌موو بواره‌کانی کار و
ژیانی ڕۆژانه‌ده‌گرێته‌وه. سبه‌ی ئه‌گه‌ر ئێمه به
سه‌ده‌ڵات بگه‌ین ده‌بینه میراتداری ساختارێکی گه‌نده‌ڵ و
وێران که ته‌نیا به‌رهه‌می سیاسه‌ته‌کانی دوژمن نییه،
به‌ڵکو به‌شێکیشی به‌رهه‌می پشتگوێخستن و گرینگی
پێنه‌دانه‌کانی ئێمه‌یه به‌و ڕووداو ودیارده ڕۆژانانه.
خاڵێکی دیکه ئه‌وه‌یه که کاتێ ئێمه باسی ده‌سه‌ڵات
ده‌که‌ین، نابێ ده‌سه‌ڵات هه‌میشه له ده‌وڵه‌تدا خۆلاسه
بکه‌ینه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی و پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له هه‌موو
بواره‌کاندا هه‌یه و بۆیه‌ش نه ئێمه و نه هێزه
سیاسییه‌کانی ئێمه هیچکاممان ناتوانین پاکانه بۆ
بێده‌سه‌ڵاتی بکه‌ین. ئێمڕۆ ئێمه ده‌بێ بڕوامان به خه‌ڵک
هه‌بێت له باتی ئیدیعای پێشه‌نگی هه‌ول بده‌ین ده‌نگمان
بخه‌ینه پاڵیانه‌وه، نه‌ک چاوه‌ڕوان بین تا کورسییه‌کمان
پێ ببه‌خشێری و ئه‌وسا بکه‌وینه‌وه بیری خه‌ڵک. سیاسه‌ت
ئه‌گه‌ر ته‌نیا پێشه‌ی حیزبه‌کان بێت، هێچ خێرێکی لێ
ناکه‌وێته جگه له ده‌سه‌ڵاتێکی ملهۆڕ و خۆبه‌زلزان.
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|