|
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ

ژۆرژ سورێل (Georges
Sorel)
بیرمه‌ندێکی سیاسیی فه‌ره‌نسی بوو که ده‌کرێ سه‌ربه
قوتابخانه‌ی سیندیکالیستی شۆڕشگێڕ دابندرێ. کتێبی
هه‌ندێ تێڕامان له مه‌ڕ زه‌بروزه‌نگ که له ساڵی
1908دا چاپ کرا و بڵاو بووه، به یه‌کی له گرینگ‌ترین
ئاسه‌واره‌کانی ده‌زانرێ و ئه‌و کتێبه‌ش وه‌ک ده‌قی
بنه‌مایی سیندیکالیزم ده‌ژمێردرێ.
یه‌کێ له گرینگییه‌کانی ئه‌و کتێبه له‌وه دایه که
سۆرێل له‌و بواره‌دا ڕێچکه‌شکێن بوو و ره‌نگبێ ئه‌و
کتێبه‌ی سۆرێل یه‌که‌م کتێبێک بێت له بواری تیۆری سیاسی‌دا
که به‌ته‌واوی بۆ دیارده‌ی زه‌بروزه‌نگ ته‌رخان کراوه.
هه‌ر بۆیه‌ش ئێمڕۆ زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌باره‌ت به
زه‌بروزه‌نگی سیاسی ده‌نووسن، جا سه‌ر به‌ر هه‌ر
قوتابخانه یا ئاڕاسته‌یه‌کی فکری بن، به شێوه‌یه‌ک له
شێوه‌کان ناچار ده‌بن چه‌شنه پولیمیکێکیان له‌گه‌ڵ
سۆرێل‌دا هه‌بێ. ئه‌وه هه‌م که‌سانی وه‌ک والتر بێنامین و
کارل شمیت ده‌گرێته‌وه و هه‌میش هاننا ئارێنت، میشێل فوکۆ
و ژاک ده‌ریدا.
هه‌ندێ تێڕامان له‌مه‌ر زه‌بروزه‌نگ
له کاتی خۆیدا کێشه‌ی زۆری خوڵقاند و بووه به بابه‌تی
ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌ی زۆر جیاواز. بۆ وێنه ئه‌و کتێبه
و نووسه‌ره‌که‌ی هه‌م له لایه‌ن فیلسۆفێکی رادیکاڵی وه‌ک
والتر بێنامین مه‌دح کرا و بێنیامین سۆرێلی وه‌ک
گه‌وره‌ترین و وه‌فادارترین تیۆریسیه‌نی سیندیکالیزم له
قه‌ڵه‌م ده‌دا و هه‌میش که‌سانێکی وه‌ک لێنین و موسولینی
ئه‌و کتێبه‌یان مه‌دح ده‌کرد. ئه‌و کتێبه‌ی سۆرێل به
یه‌کێ له هه‌ڵلاسازکه‌رترین کتێبی سه‌ده‌ی بیست دانراوه.
خودی کتێبه‌که بۆ خوێنه‌رێکی ئێمڕۆیی حاڵه‌تێکی زۆر
پۆلیمیکی هه‌یه و له‌و ڕووه‌وه ڕه‌نگبێ هه‌ندێ جار به‌شێ
له خاڵه‌کانی فکری سۆرێل له که‌لێن و قوژبنی کۆگایه‌ک
ناوی بۆ خه‌ڵکانی هاوچه‌رخ نه‌ناسراو و ناسراو ون بن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه که
سۆرێل ئه‌و کتێبه‌ی به مه‌به‌ستی دانوستاندن و له
دژایه‌تی له گه‌ڵ سوسیالیزمی په‌رله‌منتاریدا و، به
مه‌به‌ستی داکۆکی له سیندیکالیسته‌کان نووسیوه.
ئه‌و کتێبه‌ی سۆرێل هه‌ر وه‌ک جیریمی ژێنینگ (Jeremy
Jenning)
ئاماژه‌ی پێده‌دا، ده‌کرێ له پاشخانی دوو دیارده‌ی
جیاوازدا بخوێندرێته‌وه. له لایه‌که‌وه سه‌رهه‌ڵدانی
سیندیکالیزم که به پێچه‌وانه‌ی سوسیالیسته‌کان هانده‌ری
کردی ڕاسته‌وخۆی کرێکاران بوون. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه
ماجه‌رای دریفووس له فه‌ره‌نسه، که هه‌م بووه به
هۆکارێک بۆ به‌شداری چالاکانه‌ی سۆرێل له سیاسه‌تدا و
هه‌میش بووه به هێمایه‌ک، که وێنه‌ی سۆرێلی له‌و فه‌ساد
و گه‌نده‌ڵییه‌ی کۆماری فه‌ره‌نسه، ده‌سه‌لماند.
هه‌ندێ ڕامان له‌مه‌ر زه‌بروزه‌نگ
پێکهاتووه له هه‌فت فه‌سل و پێشه‌کییه‌ک. له بنه‌ڕه‌تدا
سۆرێل له شێوه‌ی وتار پێشتر ئه‌و ده‌قانه‌ی له گۆڤاری
جووڵانه‌وه‌ی سوسیالیستی (Le
Mouvement Socialiste)
بڵاو کردبووه‌وه. کتێبه‌که زۆر زوو وه‌رگێڕدراوه سه
هه‌ندی زمانی دیکه‌ی ئووروپی، له‌وان 1912 کرا به
ئینگلیزی.
ده‌کرێ ناوه‌رۆکی ئه‌و کتێبه‌ی سۆرێل له سێ ته‌وه‌ری
جیاوازدا باس بکه‌ین. 1. پێناسه‌یه‌کی جیاواز له
زه‌بروزه‌نگ، 2. رۆڵی میت یان ئه‌فسانه (myth)
له خه‌باتدا و 3. ده‌وری گرینگی جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری و
ڕێکخراوه‌کانی کرێکاری.
زه‌بروزه‌نگ
هه‌ندێ ڕامان له‌مه‌ر زه‌بروزه‌نگ ره‌خنه‌یه‌که له
لیبرال دێمۆکراسی و له مۆدێرنیته. ئه‌گه‌رچی سۆرێل له
کتێبه‌که‌یدا که‌متر به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ باسی ئه‌وه
ده‌کات، به‌ڵام ئامانجی هێرشی سۆرێل ئه‌و سیستمه‌یه و
ئه‌و هێرشه‌ش له ده‌راوی ڕه‌خنه له پارتی
سوسیالیسته‌وه ئه‌نجام ده‌درێ. ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کی سۆرێل
له پارتی سوسیالیست ئه‌وه‌یه که ئه‌وان بڕوایان به
دێمۆکراسی و ده‌ستوورییه‌ت (constitutioanlism)
هه‌یه. له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه دایه که ئه‌و
بیرۆکه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به سیندیکالیزمی شۆڕشگێڕ وه‌ک
ئه‌لترناتیڤێک ئاراسته ده‌کات.
سۆرێل پێی وابوو که داکۆکی پارتی سوسیالیست له دێمۆکراسی
بۆڕژوایی و دژایه‌تی ئه‌وان له‌گه‌ڵ زه‌بروزه‌نگی ته‌نیا
ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م داهاتووی کرێکاران. خه‌باتی
چینایه‌تی بۆ ئه‌و مۆتۆرێک بوو که گۆڕانکاری مه‌یسه‌ر
ده‌کرد و له‌و ڕه‌وته‌شدا خه‌باتی چینایه‌تی له
مانگرتنێکی گشتیدا خۆی ده‌رده‌خست. مانگرتنێک که له
ڕوانگه‌ی سۆرێله‌وه، هه‌میشه هه‌ندێ تووند و تیژی
به‌دواوه بوو و هه‌ر بۆیه‌ش پێی وابوو بۆ تێگه‌یشتن له
هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی
دووباره و تێگه‌یشتنێکی نوێ له زه‌بروزه‌نگ پێویستییه‌کی
جددی بوو.
هه‌ڵبه‌ت ئێمه نابێ ئه‌وه له یاد بکه‌ین که کاتێ سۆرێل
باسی زه‌بروزه‌نگ ده‌کات، خۆی پێناسه‌یه‌کی جیاواز له‌و
چه‌مکه پێشکه‌ش ده‌کات و نێوه‌رۆکێکی به‌رهه‌مهێنه‌رانه،
خوڵقێنه‌ر و ئایه‌تی (پۆزیتیڤ) ده‌دات به‌م چه‌مکه.
زه‌بروزه‌نگ بۆ سۆرێل بریتییه له وزه‌ی خوڵقێنه‌ری
پرۆلیتاریا. وزه‌یه‌ک که به بڕوای ئه‌و، تاکه ئیمکانێک
بوو بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر هێزی (force)
داپلۆسێنه‌ری بۆرژوازی. هێزی بۆرژوازی که له ڕوانگه‌ی
سۆرێله‌وه، جیا له ده‌وڵه‌ت، به شیوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی
له ئابووری سه‌رمایه‌داریدا خۆی ده‌ده‌خات، له
به‌رانبه‌ر زه‌بروزه‌نگی پرۆلتاریا داده‌نێ که خوازیاری
نه‌زمێکی نوێیه.
کاتێ سۆرێل باسی زه‌بروزه‌نگ ده‌کات، مه‌به‌ستی ئه‌و
له‌پله‌ی یه‌که‌مدا نکۆڵییه‌کی شۆڕشگێڕانه‌یه له‌و
نه‌زمه مه‌وجوده. بۆیه‌ش زه‌بروزه‌نگ بۆ سۆرێل ته‌نیا
بریتی نییه له کرده‌وه‌یه‌کی فیزیکی ڕاسته‌وخۆ، به‌ڵکو
ئه‌وه، ده‌وری ئه‌مرازیی زه‌بروزه‌نگه که بۆ ئه‌و
گرینگه. واته زه‌بروزه‌نگ وه‌ک ئه‌مرازێک بۆ ڕاپه‌ڕاندن
و کێشانی کرێکاران بۆ خه‌بات و ڕزگاری. له‌و ڕووه‌وه
هه‌ر وه‌ک جێمز میزێل (James
Meisel)
ده‌نووسێ زه‌بروزه‌نگ زیاتر وه‌ک فه‌زیله‌تێک (ڕه‌وشتپاکی)
ده‌چی تا تووندوتیژی.
هه‌ر وه‌ک پێشتر باسم کرد سۆرێل جیاوازییه‌ک له نیوان هێز
و زه‌بروزه‌نگ (force
& violence)
داده‌نێ. کرێکاران له ڕوانگه‌ی سۆرێله‌وه، له خه‌باتی
خۆیاندا که‌ڵک له زه‌بروزه‌نگ وه‌رده‌گرن، له حاڵێکدا
بۆرژوازی که‌ڵک له هێز وه‌رده‌گرێ بۆ سه‌رکووتکردنی
کرێکاران. به‌و مانایه زه‌بروزه‌نگی کرێکاران ناوه‌رۆکێکی
ئه‌خلاقی هه‌یه و به‌رهه‌می هێزی داپڵۆسێنه‌رانه‌ی
بۆرژوازییه. زه‌بروزه‌نگ چه‌مکێکه بۆ شیکردنه‌وه‌ی
کرده‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه که مه‌به‌ستی گۆڕین و
له‌ناوبردنی نه‌زمێکی سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی
تایبه‌ته. به پێچه‌وانه‌ی هێزی بۆرژوازی ئاڕاسته‌ی
سه‌ره‌کی پاراستنی ئه‌و نه‌زمه‌یه. له حاڵێکدا هێز،
زه‌بروزه‌نگێکی قانوونییه و له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و
داموده‌زگا حقوقییه‌کانییه‌وه داکۆکی لێده‌کرێ،
به‌ربه‌ره‌کانی کرێکاران وه‌ک زه‌بروزه‌نگێکی دژی یاسا
تاریف ده‌کرێت. به‌و مانایه زه‌بروزه‌نگ پێشمه‌رجی
دامه‌زراندن و سه‌قامگیرکردنی هه‌موو چه‌شنه نه‌زم و
یاسایه‌که، نه‌زمێک که دواتر له لایه‌ن هێزی
بورژوازییه‌وه ده‌پارێسترێ. هه‌ر به‌و پێیه‌ش دامه‌زراندن
و سه‌قامگیرکردنی نه‌زمێکی نوێ له لایه‌ن کرێکارانه‌وه
پیدایستی به که‌ڵکوه‌رگرتن له زه‌بروزه‌نگه.
به‌و چه‌شنه زه‌بروزه‌نگی کرێکاران وه‌ک چه‌شنه
چاره‌سه‌رێک بۆ گه‌نده‌ڵی و داڕزانی (decadence)
کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی دێته ئاڕاوه. دیاره هه‌ر ئه‌م
داڕزانه خۆی وه‌ک ئیمکانێک دێته ئاڕا که ڕێگه‌ی
قه‌یرانێک خۆش ده‌کات و ئه‌و ئیمکانه بۆ کرێکاران
ده‌خوڵقێنێت که به خه‌باتی خۆیان ئه‌خلاقییه‌تی بۆرژوازی
تۆڕ هه‌ڵده‌ن. لێره‌دایه که زه‌بروزه‌نگی کرێکاران زۆرتر
وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه و خۆنه‌ویستانه دێته
ئاڕا.
ئه‌فسانه (میث
myth)
بیرۆکه‌ی سۆرێل سه‌باره‌ت به ئه‌فسانه و ده‌وری
ئه‌فسانه له خه‌باتدا یه‌کێک بووه له‌و بیرۆکانه که
باسێکی زۆری ساز کردووه. ئه‌فسانه بۆ سۆرێل ئه‌و
بیرۆکه‌یه که جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری زیندوو راده‌گرێ و
مه‌ودای دۆخگۆڕیی بۆ ساز ده‌کات. بنه‌مای ئه‌و بیرۆکه‌یه
دیاره له ژێر تاوی فیلۆسۆفی فه‌ره‌نسی هێنری بێرگسن (Henri
Bergson)دا
سه‌ری هه‌ڵداوه. له‌و گۆشه‌نیگاوه‌وه سۆرێل پێی وابوو که
مرۆڤه‌کان پێویستیان به خه‌ونێک، ئاره‌زوو و
بیرۆکه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داهاتوویه‌ک له
خه‌باتیاندا به‌دی بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسانه‌یه به
پێچه‌وانه‌ی یۆتۆپی (که پێی بۆرژوایانه بوو) بریتی نییه
له گه‌ڵاڵه‌یه‌کی ئاوه‌زمه‌ندانه (rational)
به‌ڵکو کردێکی خۆجۆش (spontaneous)
و ڕاسته‌وخۆیه و پیویستی به تیۆری و فۆرمۆڵه کردن
نییه. به‌و مانایه ئه‌فسانه بۆ سۆرێل بیرۆکه‌یه‌ک بوو
که بتوانێ خه‌ڵک ڕێک بخات و جه‌ماوه‌ر هان بدات. له‌و
ڕوویه‌وه ئه‌و مانگرتنێکی گشتی پێ هێمایه‌کی سه‌ره‌کی
ئه‌فسانه‌یه‌کی وا بوو. چوونکو سۆرێل له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو
که هانده‌رێکی ئه‌فسانه‌یی پێشمه‌رجێکی سه‌ره‌کییه بۆ
گه‌یشتن به شۆڕش و تا کاتێکێش جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک خاوه‌نی
ئه‌فسانه‌یه‌کی وا نه‌بن، شێمانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش
مه‌حاڵه.
هه‌ر وه‌ک گرامشی له وتارێکی خۆیدا سه‌باره‌ت به
ماکیاوێللی ده‌نووسێ، ئه‌فسانه لای سۆرێل فانتازییایه‌کی
کۆنکرێته که کار ده‌کاته سه‌ر جه‌ماوه‌رێکی لێکدابڕاو و
په‌رش و بڵاو و، به‌و شێوه‌یه ئه‌وان وه‌خه‌به‌ر دێنێ و
ویستی کۆیی ئه‌وان ڕێکده‌خات. ئه‌فسانه به‌م چه‌شنه
ده‌بێته کرده‌وه‌یه‌کی نائاوه‌زمه‌ندانه یان ڕه‌نگبێ
ڕاستتر بێت بڵێم کرده‌وه‌یه‌کی خۆجۆش. یوتۆپی به
پێچه‌وانه گه‌ڵاڵه‌یه‌کی له‌پێشدا ئاماده‌کراوه و هه‌ر
بۆیه‌ش ده‌ورێکی کۆنه‌په‌رستانه ده‌گێڕێ.
له‌و دیده‌وه، خودی سوسیالیزم بۆ سۆرێل، ئه‌فسانه‌یه‌که
و ئه‌فسانه ده‌بێته کۆما ڕامانێک که کار ده‌کاته سه‌ر
نائاگایی و هه‌ستی جه‌ماوه‌ر و ئه‌وان له خه‌باتیان له
دژی سه‌رمایه‌داریدا یه‌کده‌خات. که‌چی یوتۆپی ئاینده‌یه‌ک
به جه‌ماوه‌ر نیشان ده‌دات که زیاتر له سه‌رابێکی
فریوده‌ر ده‌چێت.
جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری
چینی کرێکار له ڕوانگه‌ی سۆرێله‌وه، نه پیویستی به
ڕۆشنبیره و نه به ڕێکخراوی حیزبی و ڕۆشنبیری. باشترێن
ڕیگه بۆ گه‌یشتن به ئامانج ئه‌وه‌یه که کرێکاران خۆیان
ڕاسته‌وخۆ خۆیان له ڕیکخراوه کرێکارییه‌کاندا ڕێک بخه‌ن.
له‌و ڕه‌وته‌شدا مانگرتنێکی گشتی له ڕوانگه‌ی
سۆرێل‌ـه‌وه، ده‌ورێکی کاریگه‌ر و یه‌کلاکه‌ره‌وه
ده‌بینێت. خودی مانگرتنی گشتی پێشانده‌ری بێ‌نیازی
کرێکارانه به توێژێژێکی نوخبه. هه‌روه‌ها ئه‌نجامی
مانگرتنێکی وا جێگیرکردنی نه‌زمێکی کۆنه له گه‌ڵ
نه‌زمێکی نوێ که گه‌لاڵه‌نه‌کراوه و ده‌رئه‌نجامی
ڕاسته‌وخۆی کردی کرێکارانه.
وشه‌ی کۆتایی
ئێمڕۆ دیاره ره‌نگبێ که‌م که‌س ئه‌و بیرۆکانه‌ی سۆرێل
سه‌باره‌ت به مانگرتنی گشتی و زه‌بروزه‌نگ ته‌واو به
جددی بگرێ، به‌تایبه‌ت که سۆرێل زه‌بروزه‌نگ وه‌ک
کرده‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، خوڵقێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر باس
ده‌کات و له‌و تووندوتیژییه‌ی که ئێمه وه‌ک زه‌بروزه‌نگ
ده‌یبینین، جیا ده‌کاته‌وه. سۆرێل ده‌بێ له پاشخانێکی
تایبه‌تی مێژوویی و سیاسی‌دا بخوێندرێته‌وه که خه‌ونی
شۆڕش و گۆڕانکارییه‌کی ڕادیکاڵ له لای زۆر که‌سدا ئاماده
بوو. له هه‌مان حاڵ‌دا ئێمه نابێ ده‌وری سۆرێل به‌که‌م
بگرین. سۆرێل هه‌م له تاوتوێکردنی زه‌بروزه‌نگ وه‌ک
بابه‌تێک، هه‌میش له جیاکردنه‌وه‌ی شێوه‌ی جیاوازی
زه‌بروزه‌نگ ده‌ستپێشخه‌ر بووه و ده‌ورێکی که‌میشی
له‌سه‌ر فیلۆسۆفانی دوای خۆی که کێشه‌ی زه‌بروزه‌نگیان
باس کردووه، نه‌بووه.
دیاره به‌شێ له بیرۆکه‌کانی سۆرێل لای زۆر که‌س،
ته‌نانه‌ت که‌سانێکی وه‌ک ژان پۆل سارتر که خۆی له ئاست
کێشه‌ی ئه‌لجه‌زایردا به تووندی به‌رگری له تووندوتیژی
ده‌کات، به فاشێستی له قه‌ڵه‌م ده‌درا. به‌ڵام سۆرێل چ
وه‌ک بیرمه‌ندێکی فاشیستی یان وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی گرینگی
جووڵانه‌وه‌ی سیندیکالیستی و سوسیالیستی ببیندرێ، له‌وه‌دا
گومان نییه که دێته سه‌ر باسی دیاره‌ی زه‌بروزه‌نگ،
ناتوانین خۆمانی لێ بدزینه‌وه.
به‌تایبه‌ت ڕه‌نگبێ ئێمڕۆ بیرۆکه‌ی سۆرێل سه‌باره‌ت به
ئه‌فسانه و ڕۆڵی ئه‌فسانه له خه‌باتدا، ئه‌ویش له
سه‌رده‌مێکدا که هه‌موو لایه‌ک باسی مه‌رگی
ئایدیۆلۆژییه‌کان ده‌که‌ن، سه‌رنجڕاکێش بێت. له‌و ڕووه‌وه
خودی ناوزه‌دکردنی ئه‌فسانه بۆ بیرۆکه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری،
وێکچوونێکیشی له‌گه‌ڵ چه‌مکی پۆست مۆدێرنیستی "حکایه‌ته
مه‌زنه‌کان" هه‌یه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئێمڕۆ به
گۆڕانی ساختاری چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی زه‌حمه‌ته که
مرۆڤ ده‌رئه‌نجامی مانگرتنێی گشتی ته‌نیا له تێکچوونی
نه‌زمێکی کۆن و سه‌قامگیربوونی نه‌زمێکی نوێ‌دا بزانێ.
سه‌ده‌ی بیست، سه‌ده‌ی کاره‌ساتی شۆڕشه‌کانه و که‌م له‌و
شۆڕشانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ساسی خه‌ونی داڕشتنی نه‌زمێکی نوێ
هاتنه کایه‌وه، توانیان ئه‌و خه‌ونانه به‌دی بێنن.
واته، بنه‌مای فکری و معرفه‌ناسانه‌ی سۆرێل بنه‌مایه‌کی
مێتافیزیکی و تێکیۆلۆژیکی (ئامانجدارانه‌ی) هه‌یه و له‌م
ڕوویه‌وه، سۆرێل به‌رهه‌م و ڕۆڵه‌ی نه‌ریتێکه که تا
ئێستاش نه‌یتوانیوه به ته‌واوی خۆی له چنگ هه‌ندێ خه‌ون
ڕزگار بکات.
لایه‌نێکی دیکه‌ش که ده‌بێ به گومانه‌وه سه‌یری بکرێ،
ده‌وری ئه‌مرازی زه‌بروزه‌نگه. دیاره به‌تایبه‌ت ئه‌و
فکره لای زۆر که‌سی وه‌ک بێنیامین، فوکۆ و به‌تایبه‌ت لای
هاننا ئارێنت (Hanna
Arendt)
زۆر به هێزه، به‌ڵام ته‌واو له ڕوانگه‌یه‌کی دژی سۆرێل،
به‌ڵام جیا له جیاوازییه‌کان، مه‌سه‌له‌ی زه‌بروزه‌نگ
وه‌ک ئه‌مرازێک ئه‌و پرسیاره دێنێته ئاڕا که داخوا خودی
ئه‌و ئه‌مرازه له ڕه‌وتێکی درێژخایه‌ندا جێگه‌ی
ئامانجه‌که ناگرێته‌وه؟
Georges Sorel(1906),
Re´flexions sur la violence, [Reflections
on Violence
(New York: A. W. Huebsch, 1912)]
دیاره من له وه‌رگێڕاوی ئینگلیزییه‌که که‌ڵکم
وه‌رگرتووه
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|