|
به‌ره‌و
ستراتێژییه‌كی نوێ: ده‌روازه‌یه‌ك و ده خاڵی گرینگ

دوای پتر له په‌نجا ساڵان خه‌بات و تێكۆشان له ژێر
دروشمی خودموختاری، ئێستا جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد
له كوردستانی ئێران‌دا به‌ره‌و قۆناغێكی دیكه ده‌ڕوا. بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه نوێیه به‌رھه‌مێكی نوێشی به‌دواوه
بێ، ده‌بێ ئێمه حه‌ول بده‌ین كه ستراتێژی ئه‌مجاره‌ی
جووڵانه‌وه‌كه‌مان ته‌نیا له ئاستی گۆڕینی دروشمێكدا
قه‌تیس نمێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م ھه‌نگاوه، ده‌ستپێكێك بێ
بۆ ھه‌ڵسه‌نگاندنێكی ره‌خنه‌گرانه و ھه‌روه‌ھا
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه له سیاسه‌ت و ستراتێژی
سیاسی جووڵانه‌وه‌كه‌مان له رابردوودا. گرینگی هه‌ڵگرتنی
دروشمی فێدرالیزم نابێ ته‌نیا له‌مه‌دا ببیندرێت كه ئه‌م
دروشمه ئامانجه‌كانی ئێمه باشتر له خودموختاری دابین
ده‌كات، به‌ڵكو گرینگی ئه‌م دروشمه به‌ر له هه‌موو شت
ده‌بێت له گوازتنه‌وه‌ی قۆناغی داواكاری هه‌ندێ مافی
كولتوری و سیاسی، به‌ره‌و قۆناغی داواكاری سه‌روه‌ری
سیاسی ببیندرێت.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه زۆربه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی
ئێرانی به هۆی جیاواز په‌سندی دروشمی فێدرالیزمیان
كردووه، كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی، هه‌ڵبژاردن یان
هه‌ڵنه‌بژاردنی دروشمی فێدرالیزم نابێت، به‌ڵكو كێشه‌ی
ئه‌ساسی ئێمه له سه‌ر ناوه‌رۆك و فۆرمی ئه‌م
فێدرالیزمه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه. هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ی
كه بۆ له‌ناكاو زۆربه‌ی هێزه‌كانی ئێرانی ملیان بۆ دروشمی
فێدرالیزم دانا، نابێ به كه‌م بگرترێ و، له‌ویش گرینگتر
نابێ ئێمه هه‌ر له ناو ئێران یان ناوچه‌كه‌دا به شوێن
ئه‌م هۆكارانه‌دا بگه‌ڕێین. جیا له هۆكاری ناوچه‌یی،
ئاڵوگۆڕی جیهانی و به‌تایبه‌ت ره‌وتی به‌جیهانیبوون
فاكتۆرێكی فره به‌رجه‌سته‌یه له پێكهێنانی ئه‌م باره
نوێیه‌دا. به‌ڵام جیا له هۆكاره‌كانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه،
گومان له‌وه‌دا نییه كه ئێمه ئێستا له به‌رده‌م بارێكی
جیاواز له جاراندا راوه‌ستاوین و، ئه‌م باره جیاوازه‌ش،
سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كی جیاواز له ئێمه داوا ده‌كات.
ئێمه ئێمڕۆ كه‌متازۆر له سه‌ر دروشمی فێدرالیزم ساغ
بووینه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نه
باسێكی تێروته‌سه‌لمان هه‌بووه و نه چوارچێوه‌یه‌كی فكری
و تیۆریكمان بۆ دیاری كردووه. فێدرالیزم هیچ تاریفێكی
یه‌كه و یه‌كده‌ستی له سه‌ر نییه و بۆیه‌ش ئه‌ركێكی
هه‌ره سه‌ره‌كی جووڵانه‌وه‌ی كوردی ده‌بێ تاریفكردنێكی
تایبه‌تی خۆی بێت له فۆرم و ناوه‌رۆكی ئه‌م دروشمه. كه
وایه ئه‌ركی به‌په‌له‌ی ئێمه، ئێستا ده‌بێ فۆرمۆله كردن
و گه‌ڵاڵه‌كردنی فێدرالیزمێك بێت كه له‌گه‌ڵ ئامانج و
مه‌به‌سته‌كانی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له
كوردستانی ئێران‌دا بگونجێت. ئه‌و باسه گشتییانه‌ی له
سه‌ر فێدرالیزم ده‌كرێن، كه‌متر ئاماژه به‌م خاڵه
گرینگه ده‌كه‌ن، كه فێدرالیزم له‌سه‌ره‌تاوه
پرۆژه‌یه‌كی سیاسی نه‌بووه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی، بۆیه ده‌بێ ئێمه ئاوڕ له ئه‌زموون و
تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی فێدرالیزم له‌و
وڵاتانه‌دا بده‌ینه‌وه كه كێشه و گرفتی نه‌ته‌وایه‌تی،
هۆكاری سه‌ره‌كی هاتنه ئارای فێدرالیزم بووه.
ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی فێدرالیزم كه ده‌بێ سه‌رنجی بدرێتێ،
ئه‌وه‌یه كه تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر مه‌سه‌له‌ی
سه‌روه‌ری سیاسی ته‌نیا له قاڵبی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا
ره‌وایه‌تی پێده‌به‌خشرا، واته نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت
بۆی نه‌بوو باس له سه‌روه‌ری سیاسی بكات. له گوتاری
مۆدێرنیته‌دا ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و نه‌ته‌وه به‌یه‌كه‌وه
به‌سترانه‌وه و سه‌روه‌ری سیاسی ته‌نیا له ئاستی
ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا (هه‌م له وڵاتانی فره نه‌ته‌وه و
هه‌میش له وڵاتانی یه‌ك نه‌ته‌وه‌دا) به‌ره‌سمی ده‌ناسرا
و به ره‌وا ده‌زانرا. له كاتێكدا له‌م دواییانه‌دا و به
هۆی ره‌وتی به‌جیهانیبوون نه‌ته‌نیا ئه‌م سه‌روه‌رییه
سیاسییه له لایه‌ن دامه‌زراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی
وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كێتی ئوروپا و بانكی
جیهانی و ... خراوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت
كۆمپانییه باننه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش
ده‌سه‌ڵاتێكی وایان له ئابووریی جیهانیدا كه‌وتۆته ده‌ست
كه له زۆر شوێندا ده‌توانن مه‌ترسی بخه‌نه سه‌ر ئه‌م
سه‌روه‌رییه یان خود بواری به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه. له
بارودۆخێكی ئه‌وادا، كێشه‌ی كورد نابێ به هیچ چه‌شنێ به
كێشه‌ی فه‌رهه‌نگی یان كه‌مه نه‌ته‌وایه‌تی ببسترێته‌وه؛
كێشه‌ی ئێمڕۆی كورد ده‌بێ وه‌ك كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێته
ئارا‌و و وه‌ك كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كیش چاره‌سه‌ری بۆ
بخوازرێت. له وانه‌یه هه‌ندێ كه‌س بڵێن كه كێشه‌ی كورد
تا ئێستا كێشه‌ی نه‌ته‌وه بووه، به‌ڵام من پێموایه
ئه‌گه‌رچی هه‌ست و خه‌ونی زۆربه‌ی ئێمه ئه‌وه بووه،
كه‌چی دروشمه‌كانمان كێشه‌ی ئێمه‌ی وه‌ك كێشه‌ی
نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه داواكاری سه‌روری نه‌ته‌وه‌ییه،
نه‌هێناوه‌ته مه‌یدانه‌وه. ئه‌مه‌ش جێگای لۆمه نییه،
چونكو ئه‌م ئیمكاناته‌ی ئێستا باسی لێده‌كرێت، زۆرتر دوای
كۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد لواوه.
به‌مچه‌شنه، ئه‌م باره نوێیه ئه‌ركێكی گرینگ ده‌خاته
سه‌ر شانی هه‌موو هێزه سیاسی، رۆشنبیران و تێكۆشه‌رانی
كورد، ئه‌ویش ئه‌ركی گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌رنامه و
ستراتێژییه‌كی سیاسییه كه ده‌سته‌به‌ری مافی سه‌روه‌ری
نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات. له‌م رێگایه‌دا ئێمه ده‌بێ هه‌ول
بده‌ین له‌لایه‌كه‌وه به راشكاوی جه‌خت بكه‌یه‌نه
سه‌ر ئه‌و فێدرالیزمه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێ و، له لایه‌كی
دیكه‌شه‌وه به راشكاوی به‌په‌رچی ئه‌و فێدرالیزمه
بده‌ینه‌وه كه ئێمه نامانه‌وێ. ئێمه نابێ چاوپۆشی
له‌م خاڵه گرینگه بكه‌ین كه به‌رنامه‌ی هێزه
سیاسییه‌كانی ئێرانی بۆ به‌دیهێنانی فێدرالیزم
به‌رنامه‌یه‌كی یه‌كده‌ست نییه و فێدرالیزمی ئه‌م هێزه و
ئه‌و هێز، جیاوازییه‌كی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام
خاڵێكی هاوبه‌شی فێدرالیزمی هه‌موو ئه‌م هێزه ئێرانیانه
ئه‌وه‌یه كه چاره‌سه‌ری فێدرالیزمی ئه‌وان به مه‌به‌ستی
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌ڵاڵه نه‌كراوه.
بۆیه‌ش ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌ی كورده كه له كێشه‌یه‌كی
فكری و سیاسی‌دا، گوتارێكی تایبه‌تی خۆمان له فێدرالیزم
هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وانیدا بسه‌پێنین؛ واته
فێدرالیزمێك، كه ده‌سته‌به‌ری سه‌روه‌ری سیاسی ئێمه وه‌ك
نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات.
بۆ ئێمه فێدرالیزم ته‌نیا ئامرازێكه؛ ئامانجی سه‌ره‌كی
جووڵانه‌وه‌ی كورد ده‌بێ به‌دیھێنانی سه‌روه‌ری سیاسی بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و فێدرالیزمه‌ی ئێمه داوای ده‌كه‌ین له‌م
ئاراسته‌یه‌دا بێت، ئه‌وا باشه، ئه‌گینا فێدرالیزم خۆی
له خۆیدا، ھیچ ده‌سته‌به‌رێك نییه بۆ به‌دیھاتنی
ئامانجه‌كانی جووڵانه‌وه‌كه‌مان.
♦
♦
♦
هه‌ر وه‌ك گووتم مه‌به‌ستی من له‌م وتاره‌دا له پله‌ی
یه‌كه‌مدا، تاوتوێكردنی چه‌مك و ناوه‌رۆكی فێدرالیزم
نییه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ زۆر به كورتی ده‌ستنیشانی ده
خاڵی گرینگ بكه‌م سه‌باره‌ت به فێدرالیزم و ئاماژه به
هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی باو له‌م پێوه‌ندییه‌دا بكه‌م.
I. فێدرالیزم ئامرازی گه‌یشتن به ئامانجه، نه‌ك خودی
ئامانجه‌كه.
فێدرالیزم وه‌ك سیستمێكی سیاسی گیروگرفت و ئاڵۆزییه‌كی
زۆری هه‌یه و وه‌ك مۆدێلێك، هه‌ندێ لایه‌نی هه‌یه كه
له هه‌موو شوێنێكدا بۆته هۆی گرفت و شپرزه‌یی. واته
ئه‌م روانگه‌یه‌ی كه پێیوایه فێدرالیزم چاره‌سه‌ری
هه‌موو گرفتێك ده‌كات، زۆر ساكارانه‌یه. فێدرالیزم
سیستمێكی رێكخستنی سیاسییه و بۆیه‌ش ئێمه ده‌بێ وه‌ك
ئامرازێكی سیاسی سه‌یری ئه‌م دروشمه بكه‌ین؛ ئامرازێك كه
رێگای گه‌یشتن به سه‌روه‌ری سیاسی خۆش ده‌كات. واته
ئێمه پێمان وایه ئێمرۆ فێدرالیزم شیاوتره له
سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ئامانجی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی
كورد، سه‌روه‌ری سیاسی، واته سه‌ربه‌خۆییه؛ بۆیه‌ش نابێ
ئێمه خۆمان به‌م دروشمه ببه‌ستینه‌وه. فێدرالیزم ده‌بێ
وه‌ك شێوه‌یه‌ك له رێكخستنی سیاسی و وه‌ك ئامرازێك
ببیندرێت، نه‌ك وه‌ك ئامانجێك.
II. فێدرالیزم تاریفێكی گشتی و یه‌كده‌ستی نییه.
سه‌باره‌ت به فێدرالیزم هیچ تاریفێكی یه‌كده‌ست نییه.
چه‌ند قاتی ژماره‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ی فێدرالیزمیان وه‌ك
سیستمێكی سیاسی هه‌ڵبژاردووه، تاریف له فێدرالیزم
هه‌یه. بۆیه یه‌كێ له ئه‌ركه هه‌ره گرینگه‌كانی ئێمه
ده‌بێ ئه‌وه بێت كه به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی
جوڵانه‌وه‌ی كورد و هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندی هاوسه‌نگی
هێزه‌كان و بارودۆخی دیاریكراوی ئێران و جیهان تاریف و
هه‌ڵسه‌نگاندێكی تایبه‌تی خۆمان له فێدرالیزم هه‌بێت.
دیاره كاتێ باسی ئه‌وه ده‌كه‌م كه تاریفێكی یه‌كده‌ست
له فێدرالیزم نییه، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه هیچ
تێڕوانینێكی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی
فێدرالیزم نییه، به‌ڵكو مه‌خسه‌دم زیاتر ئه‌وه‌یه كه
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه گشتییانه، زۆر گشتی و مه‌رجدارن،
بۆیه‌ش ناوه‌رۆك و لایه‌نه ناسك و فره كۆنكرێته‌كانی
فێدرالیزم ناتوانن ده‌ستنیشان بكه‌ن.
III. فێدراڵیزم ته‌نیا فۆرم یان شێوه‌یه‌كی نییه.
فێدرالیزم له هه‌ر وڵاتێكدا خاسله‌ت و تایبه‌تمه‌ندی خۆی
هه‌یه. ئه‌مه به‌م مانایه‌یه كه فێدرالیزم به
شێوه‌یه‌كی زۆر نزیك پێوه‌ندی به مێژوو و زه‌مینه
مێژووییه‌كان و كێشه تایبه‌ته‌كانی هه‌ر وڵاتێك هه‌یه.
فێدرالیزمی ئه‌مریكا له گه‌ل كانادا یان فێدرالیزمی ئه‌م
وڵاتانه له‌گه‌ڵ فێدرالیزمی برازیل جیاوازی زۆر به‌رچاوی
هه‌یه. واته فێدرالیزم خۆی له خۆیدا هیچ جه‌وهه‌رێكی
نه‌گۆڕی نییه و زۆر فاكته‌ری جیاواز له سه‌ر ناوه‌رۆكی و
شێوازی فێدرالیزم له هه‌ر وڵاتێكدا ده‌ور ده‌گێڕن.
فێدرالیزم له واقیعدا به شێوه‌یه‌كی فره جددی به
مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور و یاسای بنچینه‌یی ئه‌م وڵاته
ده‌به‌سترێته‌وه و بۆیه‌ش داڕشتنی ئه‌م ده‌ستووره
ره‌نگبێ گرینگ‌ترین پێشمه‌رجی ده‌سته‌به‌ربوونی
ئامانجه‌كانی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بێت.
IV. به‌شداربوون له ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنی
ده‌سه‌ڵات به‌یه‌ك مانا نین.
زۆر لایه‌ن كه باسی فێدرالیزم ده‌كه‌ن، باس له
به‌شداربوون له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن. ئه‌مه یه‌كێ له‌و
خاڵانه‌یه كه بۆ وێنه هێزه ئێرانییه‌كان باسی
لێده‌كه‌ن، به‌ڵام كورد ده‌توانێ له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار
بێت و ته‌نانه‌ت وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستی زۆریشیدا له
ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌شداربوونه،
ده‌سه‌ڵاتێك به كورد وه‌ك نه‌ته‌وه ببه‌خشێت. ئێمه
ده‌بێ كار بۆ فێدرالیزمێك بكه‌ین كه له‌ودا ده‌سه‌ڵات
دابه‌ش ده‌كرێت، واته سه‌روه‌رییه‌كی سیاسی رووت (مطلق)
له وڵات‌دا بوونی نابێت، به‌ڵكو ئه‌م سه‌روه‌رییه به
شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له نێوان دوو یان چه‌ند یه‌كه‌ی
سیاسی‌دا دابه‌ش ده‌كرێت. ته‌نیا ئه‌م چه‌شنه
دابه‌شكردنه‌ی ده‌سه‌ڵاته كه ده‌توانێ ده‌سته‌به‌ری
سه‌ربه‌خۆیی كورد له كاروباری ناوخۆیی خۆیدا بكات،
ئه‌گینا به‌شداربوون له ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ به سانایی
هه‌ڵوه‌شێته‌وه و ئاسه‌واری نه‌مێنێت
V. فێدرالیزم له بنه‌ڕه‌تدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه.
فێدرالیزم وه‌ك بیرۆكه و پرۆژه‌یه‌كی سیاسی له
سه‌ره‌تاوه و تا ئه‌م دواییانه‌ش هیچ پێوه‌ندی به
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه و ته‌نانه‌ت
له سه‌ره‌تاوه (له ئه‌مریكا) ئه‌م پرۆژه‌یه له دژی
مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و كێشه‌ی نه‌ته‌وه و گروپه
جیاوازه‌كانی ئه‌مریكایه هاته ئاڕاوه. پێوه‌ندی
فێدرالیزم به كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پێوه‌ندییه‌كی نوێیه
و ته‌مه‌نێكی زۆری نییه. به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ندییه تا
ئێستا له هه‌ندێ شوێنان ئه‌نجامی زۆر باشی هه‌بووه.
ئه‌مه‌ش خۆی پێوه‌ندی به هه‌ندێ مه‌رجی تایبه‌تی بووه
كه ده‌بێ بخرێنه به‌ر باس.
IV. فێدرالیزم و دێمۆكراسی پێوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیان
نییه.
فێدرالیزم و دێمۆكراسی پێوه‌ندییه‌كی هه‌ندێ ئه‌نتیكه‌یان
به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. له لایه‌كه‌وه سازبوونی فێدرالیزم
به هیچ مه‌رجێ به مانای دێمۆكراسی نییه و دێمۆكراسیش
هیچ پێویستییه‌كی به فێدرالیزم نییه بۆ ئه‌وه‌ی
كاركرده‌كانی خۆی له ده‌ست نه‌دات. له لایه‌كی دیكه‌وه
ناته‌باییه‌ك له نێوان فێدرالیزم و تێگه‌یشتنی باو له
دێمۆكراسیدا هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه به هه‌ندێ
ساده‌كردنه‌وه، دێمۆكراسی به حكومه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵك
بزانین، ئه‌وسا فێدرالیزم مه‌به‌ستی شكاندنی ئه‌م فۆرمه
له حكومه‌ته. ئه‌مه یه‌كێ له هۆیه سه‌ره‌كییه‌كانی
بنیاتنه‌رانی ئه‌مریكا بوو بۆ ئه‌وه‌ی مۆدێلی فێدرال بۆ
وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن، بۆ ئه‌وه‌ی سته‌می زۆرینه له‌م
وڵاته‌دا زاڵ نه‌بێت، واته بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یره
سپییه‌كان نه‌توانن حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بێت. به‌ڵام
ئه‌گه‌ر ئێمه له وڵاتێكی وه‌ك ئێران سه‌رشاری
باسه‌كه‌مان میلله‌تی ئێران و نه‌ته‌وه‌ی ئێران نه‌بێت،
به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی ئێران بێت، ئه‌وسا ده‌بێ
ئه‌م دێمۆكراسییه وه‌ك رای گشتی خه‌ڵك (خه‌ڵكی
كورد یان خه‌ڵكی توركمه‌ن) جێ بگرێت، نه‌ك وه‌ك بیرورای
گشتی خه‌ڵكی ئێران. واته هه‌ر خه‌ڵكه‌ی خۆی له
سه‌ر چاره‌نووس، كاربار و داهاتووی خۆی بڕیار بدات. له‌م
حاڵه‌ته‌دا دێمۆكراسی و فێدرالیزم نه‌ته‌نیا ناته‌با نین،
به‌ڵكو مه‌رجی سه‌قامگیربوونی یه‌كتریش پێكدێنن. ئه‌م
مه‌سه‌له‌یه ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی فێدرالیزم و سیستمی
پارله‌مانیش ده‌رده‌خات. له وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌دا،
سیستمی په‌رله‌مانی گرفتێكی زۆر ده‌خوڵقێنێ، چونكو له‌ودا
ده‌بێ بڕیاره‌كانی به گوێره‌ی بڕیاری زۆربه‌ی خه‌ڵك بن،
واته له وڵاتێكی وه‌ك ئێران‌دا كه له‌وانه‌یه به
ته‌نیا تاران و ئیسفه‌هان ده‌نگیان به قه‌را هه‌موو
كوردستان بێت، ئه‌م چه‌شنه دێمۆكراسی و سیستمی فێدراڵییه
ناتوانێ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئێمه بكات.
IIV. فێدرالیزم مانای ناناوه‌ندی كردنی ده‌سه‌ڵات
نییه.
زۆر كه‌س پێیوایه كه فێدرالیزم واته ناناوه‌ندی كردنی
ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه كه‌موكوڕییه‌كی زه‌قی
تێدایه، چونكو ئێمه زۆر وڵاتی نافێدراڵمان هه‌یه كه
له‌ودا ده‌سه‌ڵات ناناوه‌ندییه. بۆ وێنه هه‌ر سه‌یری
سوید بكه‌ین: له‌م وڵاته‌دا كۆمونه‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی
ته‌واویان له سه‌ر كاروباری ناوخۆیی خۆیاندا هه‌یه،
ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی دایره‌كانی ده‌وڵه‌تی و كارخانه و
كۆمپانییه‌كان به شێوه‌یه‌ك بڵاوبوونه‌ته‌وه كه
ناوه‌ندییان نه‌كه‌وێته پێته‌خت یان شوێنێكی دیكه.
به‌ڵام سوید وڵاتێكی فێدراڵ نییه. كه واته فێدرالیزم
ته‌نیا بریتی نییه له ناناوه‌ندی بوون، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م
تایبه‌تمه‌ندییه یه‌كێ له ماكه‌كانی فێدرالیزمه،
ئه‌وه‌ی فێدرالیزم له شێوه‌كانی دیكه‌ی رێكخستنی سیاسی
جیا ده‌كاته‌وه، دابه‌شین و شكاندنی سه‌روه‌ری سیاسییه
له نێوان چه‌ند لایه‌ندا، نه‌ك ناناوه‌ندیبوون.
IIIV. فێدرالیزمی هه‌رێمی
territorial،
فێدرالیزمی فره نه‌ته‌وه نییه.
فێدرالیزم له زۆربه‌ی وڵاتان، قه‌واره‌یه‌كی خاكیی و
هه‌رێمی هه‌بووه و به گوێره‌ی هه‌رێم دابه‌شكراوه، نه‌ك
به گوێره‌ی نه‌ته‌وه. ته‌جرووبه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانیش
ئه‌وه‌ی نیشان داوه كه فێدرالیزم له مۆدێلی هه‌رێمیدا
له شێوه‌یه‌كی ناناوه‌ندییه‌وه به‌ره‌و شێوه‌یه‌كی
ناوه‌ندی رۆیشتووه و نموونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌مریكایه كه
ئێستا ساڵانی ساڵه كه له‌ودا كێشه‌یه‌كی گرینگ،
به‌رهه‌ڵستی ره‌وتی ناوه‌ندی بوونه له‌م وڵاته‌دا. به‌ڵام
له‌و شوێنانه‌ی كه هه‌ول دراوه فۆرمی فێدرالیزم به
گوێره‌ی فره‌نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه بگونجێت، ئه‌م ره‌وته
به پێچه‌وانه بووه، واته له حكومه‌تێكی ناوه‌ندی و
مه‌یلێكی ناوه‌ندخوازانه‌وه به‌ره‌و حكومه‌تێكی
ناناوه‌ندی رۆیشتووه. به واتایه‌ك ده‌توانین به گشتی
ئه‌مه بڵێین كه له وڵاته فره نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌ول بۆ
ناوه‌ندیكردن هه‌میشه مه‌ترسی جیاوبوونه‌وه و
دابه‌شبوونی سنووره‌كانی هه‌یه، و به‌پێچه‌وانه له‌م
وڵاتانه‌ی كه فێدرالیزم بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی نییه، ئه‌م
ره‌وته به‌ره‌و ناوه‌ندی بوون رۆیشتووه.
ئه‌مه‌ش ئێمه ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌م جیاوازییه‌ی له نێوان
فێدرالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای خاك و فێدرالیزم له سه‌ر
بنه‌مای كو‌لتور و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازدا هه‌یه. له ئێران‌دا
ده‌بێ سنووری كوردستان ل رووی پێواری نه‌ته‌وه بێت نه‌ك
هه‌رێم. (بۆ وێنه هه‌ر ئێستاش له پێشنیار و به‌رنامه
هه‌ندێ له هێزه ئێرانییه‌كان، فێدرالیزم به گوێره‌ی
ئوستان دابه‌شكراوه و، به‌م چه‌شنه كوردستان دووباره
له نێوان چه‌ند ئوستاندا دابه‌ش ده‌كرێت).
فێدرالی فره‌نه‌ته‌وه به‌م مانایه نییه كه پێناسه‌ی
شاروه‌ندێتی ده‌بێ ئێتنیكی بییه، به‌ڵكو ئه‌م
پێناسه‌یه‌دتوانێ ناوه‌رۆكێكی مه‌ده‌نی هه‌بێ، به‌ڵام
ده‌سه‌ڵات ده‌بێ له نێوان نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا دابه‌ش
بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و نه‌ته‌وه پێناسه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی خۆی به سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنێ.
XI. فێدرالیزم هه‌میشه رێخۆشكه‌ری جیابوونه‌وه
نییه.
ئه‌گه‌ر فێدرالیزم له لایه‌كه‌وه، چه‌شنه سه‌ربه‌خۆیی و
سه‌روه‌رییه‌ك ددات به هه‌ندێ به‌شی پێكهێنه‌ری وڵاته،
به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێ ئه‌م به‌شانه‌ش
به‌یه‌كه‌وه گرێ بدات. بۆیه ئه‌وه دروست نییه كه
ئێمه پێمان وابێ باشی فێدرالیزم له‌وه‌دایه كه دواتر
جیابوونه‌وه هاسانتر ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ده‌توانێ وا
بێت و ده‌توانێ به پێچه‌وانه‌ش بێت. گرینگ ئه‌وه‌یه
هه‌ول بۆ فێدرالیزم نابێ به مه‌به‌ستی جیابوونه‌وه بێت.
فێدرالیزم فۆرمێكی یاسایی هه‌یه كه سه‌روه‌ری گشتی ئێران
به‌سه‌ر هه‌موو خاكی ئه‌م وڵاته‌دا زاڵ ده‌كات و كوردیش
ناتوانی له دژی رابوه‌ستێ، چونكو خۆی له په‌سندكردنی
ئه‌م سه‌روه‌رییه‌دا ده‌نگ ده‌دات. هه‌رچه‌ند ئه‌م
ده‌نگدان و ئه‌م فۆرمه یاساییه ره‌نگبێ ته‌ئسیرێكی
ئه‌وتۆی له‌سه‌ر بۆچوون و هه‌ڵوێستی خودی خه‌ڵكه‌كه
نه‌بێت، واته كورد بۆیه بیه‌وێ له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی
فێدرالی بمێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مانه‌وه سوودی
فه‌رهه‌نگی، ئابووری، سیاسی و هتد ده‌بێت و له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی فێدرالیزم رێگا به كوردستان ده‌دات كه سیستمی
سیاسی و ئیداریی حكومه‌تی خۆی هه‌بێت.
X. فێدرالیزم ماف نییه كه له لایه‌ن ده‌وله‌تی
ناوه‌ندییه‌وه بدرێت.
ئه‌وه‌ی فێدرالیزم له خودموختاری جیا ده‌كاته‌وه، دوو
تایبه‌تمه‌ندی فره گرینگه كه به‌یه‌كه‌وه پێوه‌ندییان
هه‌یه. یه‌كه‌م: خودموختاری ده‌كرێ وه‌ك ماف به هه‌رێمێك
یان ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت بدرێت و دواتر ئه‌م مافانه
وه‌رگیرێنه‌وه، كه چی فێدرالیزم پێكهاتن و قه‌راردادێكی
دوولایه‌نه‌یه كه له ده‌ستووری هاوبه‌شی ئه‌م وڵاته‌دا
ده‌ستبه‌ری یاسایی ده‌بێت و هیچ حكومه‌تێك به بێ را و
ره‌زامه‌ندی هه‌ر دوو لایه‌ن بۆی نییه بیگۆڕێ یان
وه‌ریبگرته‌وه. دووه‌م: له فێدرالیزمدا ده‌وله‌تی
ناوه‌ندی ته‌گه‌ره‌ی یاسایی له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ
خۆتێهه‌ڵقورتان له كاروباری ناوخۆیی هه‌رێم یان
كۆماره‌كاندا، له حاڵێكدا له هه‌رێمێكی خودموختاردا ئه‌م
مافه هه‌میشه له پاوانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا
ده‌مێنێته‌وه.
♦
♦
♦
جه‌وهه‌ری ئه‌م تێبینیانه ده‌كرێ هه‌موویان له دوو خاڵدا
كورت كرێنه‌وه؛ یه‌كه‌م: كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه و بۆیه‌ش
مافی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر
كورد ده‌یه‌وێ له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی فێدراڵ‌دا
بمێنێته‌وه، ئه‌وسا ئه‌وه نه‌ته‌وه و هێزه‌كانی ئێرانین
كه ده‌بێ له كرده‌وه‌دا بسه‌لمێنن كه ئه‌م كاره‌ی كورد
به قازانجی هه‌موو لایه‌كه، ئه‌گینا ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه
زوو یان دره‌نگ داواكاری جیابوونه‌وه و ده‌وڵه‌تی
سه‌ربه‌خۆی خۆی ده‌كات. ئه‌مه‌ش مافێكه كه هیچ لایه‌ك
ناتوانن و نابێ نكۆڵی لێبكه‌ن. دووه‌م: ئێمه ده‌بێ
گه‌ڵاڵه‌ی فێدرالیزمێك بكه‌ین كه له‌ودا سه‌روه‌ری ئێمه
دابین و ده‌سته‌به‌ر بكرێت؛ ئێمه نابێ و ناتوانین كێشه‌ی
خۆمان به كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ببه‌ستینه‌وه و بۆ
ئه‌وانیش به‌رنامه دانارێژین. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین
له داهاتوودا له‌سه‌ر فێدرالیزمێك ساغ ببینه‌وه كه به
باشترین شێوه بتوانێ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی
ئێمه بكات، ده‌بێ هه‌ر له ئێستاوه چوارچێوه و
ناوه‌رۆكی ئه‌م فێدرالیزمه بخه‌ینه به‌ر باس و
لێكۆڵینه‌وه.
مه‌به‌ست له جه‌ختكردن له‌سه‌ر
ئه‌م خاڵانه ئه‌وه‌یه كه ئێمه پێمان وانه‌بێ
به وه‌لانانی دروشمی خودموختاري هه‌روا ئوتوماتيك
له هه‌ندێ كێشه و گرفت رزگاريمان دێ. به‌ڵام
به‌م جه‌ختكردنه، رووم له‌م لايه‌نه‌شه كه
پێداده‌گرێته سه‌ر ئه‌م تێگه‌يشنه چه‌وته، كه
جياوازييه‌كی ئه‌وتوێ له نێوان فێدراليزم و
خودموختاريدا نييه.
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|