|
بۆ هه‌ندێ
که‌س به باسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵده‌چن؟
وڵامی وتارێکی کاک ئه‌حمه‌د عه‌لیپوور
ئه‌پریلی
2006

"چه‌ند
تێبینییه‌ک له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ناڕوونی
ستراتیژی سیاسی"
ناوێکی وتارێکی کاک ئه‌حمه‌د عه‌لیپووره که له رێکه‌وتی
23ی مارسی 2006 له ماڵپه‌ڕی دیمانه‌دا بڵاو بووه‌وه.
ئه‌و وتاره به مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌گرتن له وتارێکی
نووسه‌ری ئه‌و دێرانه له ژێردێڕی
"رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان و ناڕوونی ستراتێژی سیاسی" دا
نووسراوه که نزیک به سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر له ماڵپه‌ڕی
کوردیش پلاتفۆرمدا بڵاوبۆته‌وه.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا پێم خۆش بوو منیش به نۆره‌ی خۆم
ئاوڕێک له هه‌ندێ له ره‌خنه‌کانی ئه‌حمه‌د عه‌لیپوور
بده‌مه‌وه و په‌نجه بۆ هه‌ندێ ناڕوونی و، ته‌نانه‌ت
چه‌واشه‌کاری و ته‌فسیری ناڕه‌وای کاک ئه‌حمه‌د له
ناوه‌رۆکی باسه‌که‌ی خۆم ڕابکێشم. دیاره کاک ئه‌حمه‌د له
سه‌ره‌تادا ئاماژه به هه‌ندێ لایه‌نی وتاره‌که‌ی من
ده‌کا و خۆی له به‌شێ له ناوه‌رۆکی باسه‌که نزیک
ده‌بینێت، بۆیه من به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌دا پاز ده‌ده‌م و
سه‌رنجه‌کانم له‌مه‌ڕ ره‌خنه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د چڕ
ده‌که‌مه‌وه که ئه‌و له چوار ته‌وه‌ردا ئاماژه‌ی
پێکردوون. به‌ر له‌وه‌ی خاڵ به خاڵ به ڕه‌خنه‌کانی کاک
ئه‌حمه‌ددا بچمه‌وه، حه‌ز ده‌که‌م هه‌ندێ باسی فۆرم و
شێوه و هه‌روه‌ها کاکڵ و جه‌وهه‌ری باسه‌که‌ی کاک
ئه‌حمه‌د بکه‌م.
له ڕووی فۆرم و شێوه‌وه کاک ئه‌حمه‌د له سه‌ره‌تادا
هه‌ولی داوه تووڕه‌یی خۆی بشارێته‌وه و ته‌نانه‌ت
کورته‌یه‌کی له به‌شێک له باسه‌که‌ی من پێشکه‌ش کردووه.
به‌ڵام تا خوێنه‌ر زیاتر ده‌قی کاک ئه‌حمه‌د
ده‌خوێنێته‌وه، زیاتر هه‌ست به تووڕه‌یی ئه‌و براده‌ره
ده‌کات. کاک ئه‌حمه‌د هه‌م هه‌ندێ شتی ناشیرینی سه‌باره‌ت
به که‌سایه‌تی من (نه‌ک وتاره‌که‌م) نووسیوه و هه‌ندێ
بوختان و تۆمه‌تیشی وه‌پاڵ داوم. من له ڕاستیدا ئه‌و
به‌شه بێوه‌ڵام ده‌هێڵمه‌وه و خۆم تووشی باسێکی وا نزم
ناکه‌م.
له ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه، کا‌کڵی قسه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د
بریتیه له‌وه که ئێمڕۆ باسکردن له سه‌ربه‌خۆیی نیشانه
ناشاره‌زایی و چاوچووقاندنه له واقعی سیاسی. دیاره کاک
ئه‌حمه‌د به ڕواڵه‌ت دژایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی
سه‌ربه‌خۆییدا نییه، به‌ڵام وه‌ک زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی
دیکه، مه‌سه‌له‌ی بێئاگایی و تێنه‌گه‌یشتن له واقعی
سیاسی ده‌کاته بیانوویه‌ک بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و
بیرۆکه‌یه. واته به قسه‌ی کاک ئه‌حمه‌د هه‌ر که‌س که
باسی بیری سه‌ربه‌خۆیی یان سه‌روه‌ری سیاسی ده‌کات، له
سیاسه‌ت حاڵی نییه و نازانێ واقعی سیاسی چییه، به‌ڵام
ئه‌و که‌سانه‌ی که باسی فێدراڵیزم ده‌که‌ن، شاره‌زای
واقعی سیاسی و بارودۆخی کوردستانن. که وایه با له واقعی
سیاسییه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین.
واقعی سیاسی چییه و چ ده‌ورێک له سیاسه‌تدا ده‌گێڕێ؟
کاک ئه‌حمه‌د باسه‌که‌ی به‌وه‌وه ده‌ست پیده‌کا که له‌م
دواییانه‌دا کورده‌کانی تاراوگه هه‌ندێ باسی سیاسی‌یان به
شێوه‌یه‌کی "زانستی" هێناوه‌ته ناو "دیسکۆرسی سیاسی" و
هه‌ولی گونجاندنی ئه‌و بیرۆکانه‌یان له گه‌ڵ بارودۆخی
کوردستان داوه. کاک ئه‌حمه‌د دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و
هه‌وله‌دا نییه، به‌ڵام پێی وایه به‌شێک له‌و تیۆرییانه
ئابستراکتن و له گه‌ڵ بارودۆخی کۆمه‌ڵگای ئێمه ناگونجێن،
مه‌گین به‌و مه‌رجه که ئه‌و تیۆرییانه "هه‌لومه‌رج
و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری ئه‌م
وڵاتانه له‌به‌رچاو بگیردرێ و تیۆرییه‌کان هه‌ر نه‌بنه
هه‌ندێ وشه‌ی ڕێکوپێکی ئابستراکت که له‌گه‌ڵ واقیعی ژیان
له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا یه‌کنه‌گرنه‌وه."
لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م به کورتی ئاماژه به دوو خاڵی
گرینگ بکه‌م. یه‌که‌م، ئه‌وه کێیه که بڕیار ده‌دات که
واقعی ژیانی کۆمه‌ڵگا چییه؟ کاک ئه‌حمه‌د وا باسی "واقعی
ژیان" ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و واقعیه شتێکی زۆر
کۆنکرێت بێت، به‌ڵام بیر له‌وه ناکاته‌وه که واقعی ژیان
له ڕاستیدا ته‌فسیرێکه له کۆمه‌ڵێ لایه‌نی جیاواز و
ته‌نانه‌ت ئابستراکتی ژیان. دووه‌م، کاتێ کاک ئه‌حمه‌د
ده‌ڵێ به‌شێک له‌و تیۆرییانه ئابستراکن، مه‌به‌ستی چییه؟
مه‌گین ئێمه تیۆری نائابستراکتمان هه‌یه؟ مه‌گین تیۆری
ده‌توانێ ئابستراکت نه‌بێ؟
ئه‌و چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وتکردنه، که به‌داخه‌وه تا
ئێستاش هه‌ر لای ئێمه باوه، کۆنه و هی سه‌رده‌مێکه که
خه‌ڵک هه‌موو شتێکی تازه و نه‌بیستراویان پێ شتێکی بڤه
بوو و به قسه‌ی کتێبیان داده‌نا. کاتێک کاک ئه‌حمه‌د
ده‌ڵێ که ئه‌و تیۆرییانه ده‌بێ له‌گه‌ڵ بارودۆخی
کوردستان بگونجێن، ئایا ئه‌و پێی وایه له‌و دنیایه‌دا
خه‌ڵکی وا هه‌یه که بڵێن، نه‌خێر ئێمه تیۆرییه‌کمان
هه‌یه که له‌گه‌ڵ بارودۆخی کوردستان ناگونجێ به‌ڵام
به‌ته‌ماین به تۆپزی به‌سه‌ریدا بسه‌پێنین؟ که وایه
لێره‌دا کێشه له سه‌ر ئه‌وه نییه که داخوا من یان
که‌سێکی دیکه ئه‌وه نازانین، به‌ڵکو کێشه له‌وه‌دایه
که ئه‌م یان ئه‌و که‌س و لایه‌نه، چۆن ئه‌و بارودۆخه
هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. چونکو کاک ئه‌حمه‌د سه‌رنجی ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه نادا که خودی بارودۆخ دیارده‌یه‌کی
ئابستراکته. واته شتێک به‌ناوی بارودۆخ نییه که که‌سێک
بتوانێ قامکی له‌سه‌ر دانییه و بڵێ: ئه‌وه‌یه بارودۆخ!
بارودۆخ خۆی له خۆیدا زاراوه‌یه‌که بۆ ئاماژه‌کردن به
سه‌دان و ته‌نانه‌ت هه‌زاران فاکتۆر که له‌سه‌ر یه‌ک
دیارده‌یه‌ک به ناوی بارودۆخ پێکدێنن. بۆیه‌ش مه‌سه‌له
ئه‌وه نییه که داخوا که‌س هه‌یه دیفاع له فکرێک بکات
که له‌گه‌ڵ واقعدا ناگونجێ، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی
ئه‌و ته‌فسیره‌یه که لایه‌نه جیاوازه‌کان له واقع و
له بارودۆخ هه‌یانه. مه‌سه‌له، ته‌فسیری جیاوازه له
واقع، نه‌ک داسه‌پاندنی به‌ئه‌نقه‌ستی تیۆرییه‌ک به‌سه‌ر
بارودۆخێکی نه‌گونجاودا.
کاک ئه‌حمه‌د له‌و خاڵه‌وه پاز ده‌داته سه‌ر وتاره‌که‌ی
من و ده‌نووسێ که ئه‌و وتاره سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ شتی جددی،
کۆمه‌ڵێ هیپۆتێزی ئابستراکت و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای
کورده‌واری تێدایه که ئه‌وه‌ش له ڕوانگه‌ی کاک
ئه‌حمه‌ده‌وه ته‌نیا نیشانه‌ی چاوچوقاندنی منه له واقعی
سیاسی و ناشاره‌زایی من له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان.
من نازانم ئایا کاک ئه‌حمه‌د ئه‌و قسه‌یه‌ی به جددییه
یان به هه‌ڵه ئه‌و شته‌ی نووسیوه، به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ
من ئه‌و پرسیاره له کاک ئه‌حمه‌د بکه‌م: تۆ باسی کام
واقعی سیاسی ده‌که‌ن که پێت وایه من چاوم لێ
چووقاندووه؟ بۆ واقعی سیاسی ده‌که‌ی به گۆپاڵیک به
کوتانی که‌سی به‌رانبه‌رت؟ ئه‌و فه‌رهه‌نگێکی ناحه‌زی
سیاسی ئێمه‌یه هه‌ر که که‌سێک ڕه‌خنه‌یه‌کی گرت یان
شتێکی نووسی که به دڵی ئه‌وانی دیکه نه‌بوو، یه‌کسه‌ر
هێرشی ده‌کرێته سه‌ر و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌درێته پاڵ که
گۆیا ئه‌و که‌سه هه‌ست به به‌رپرسێتی ناکات، ئاگای له
واقعی سیاسی نییه یان خود شاره‌زای بارودۆخی کوردستان
نییه. من هه‌ڵبه‌ت نازانم پێوه‌ری ئه‌و که‌سانه بۆ
ئاگاداربوون له بارودۆخی کوردستان چییه و پراکتیکی سیاسی
ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش پێشانی داوه که به‌داخه‌وه که‌م
لایه‌نی سیاسی توانیوێتی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان به درووستی
پێشبینی بکات. که ده‌گاته من و کاک ئه‌حمه‌د، خۆ ئێمه
نزیک به شازده ساڵه له سوید ده‌ژین. باشه کاک
ئه‌حمه‌د به گوێره‌ی کام به‌ڵگه و به‌هره‌ی خودایی، پێی
وایه ئه‌و ده‌بێ باشتر ئاگای له بارودۆخی کوردستان بێت؟
بۆ ئه‌و واقعی سیاسی ده‌زانێ و پێی وایه من ئاگام له و
واقعیه نییه؟ ئایا ئه‌وه واقعی سیاسییه کاتێک کاک
ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ کوردستان هێشتا ئابوورییه‌کی
کشتوکاڵی
هه‌یه و نه‌وه‌د له سه‌دی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وارن؟ من
له‌و داوه‌رییه‌ی کاک ئه‌حمه‌د زۆر به گومانم و نازانم
ئه‌و ئامارانه‌ی له کوێ دۆزوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه
کاک ئه‌حمه‌د هیچ نموونه‌یه‌کی دیکه ناهێنێته‌وه تا من
بزانم چ شتێک واقعی سیاسییه و بۆ کاتێ من باسی
سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌م، له واقعی سیاسی دوورم، به‌ڵام کاتێ
ئه‌و باسی فێدراڵیزم ده‌کات، ئه‌وه نیشانه‌ی واقعی
سیاسییه؟ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و باسی سه‌روه‌ری سیاسی
ئابستراکته، به‌ڵام باسی فێدراڵیزم پڕبه‌پێستی
کوردستانه؟ ئایا مه‌به‌ستی کاک ئه‌حمه‌د له واقعی سیاسی،
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه؟ کاک ئه‌حمه‌د له‌و
باوه‌ڕه‌دایه که سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن هیچ لایه‌نێکی
دیکه‌وه دانی پێناندرێ، ئه‌وه‌ش یانی واقعی سیاسی. کاک
ئه‌حمه‌د بۆ بیر له‌وه ناکاته‌وه که ئێمه نزیک به
شه‌ست ساڵه بۆ خودموختاری ده‌یان هه‌زار قوربانیمان
داوه، که چی له‌و بواره‌دا هێشتا ده‌ستکه‌وتێکی
بچووکیشمان نه‌بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، که‌س باسی ئه‌وه
ناکا که ئه‌و سیاسه‌ته له سه‌ر کام واقعی سیاسی
دامه‌زرابوو.
ره‌هه‌ندێکی گرینگی واقعی سیاسی وا پێده‌چێ له ته‌فسیری
کاک ئه‌حمه‌ددا پێوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی بارستایی
هێزه‌کانه‌وه هه‌بێ. کا‌کڵی باسی کاک ئه‌حمه‌د و زۆر
که‌سی دیکه که به‌ردی واقعی سیاسی له سینگیان ده‌ده‌ن،
ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی کورد ئێستا ئیمکانی پێکهێنانی
ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆمان نییه. زۆر باشه. منیش له هیچ
شوێنێک نه‌مگووتووه، ئێستا ئه‌و ئیمکانه هه‌یه. من باسی
ئه‌وه ده‌که‌م که کورد ده‌بێ واقعی سیاسی ساز بکات، نه‌ک
خۆی ببێته پاشکۆی بارێکی سیاسی داسه‌پێندراو. کاک
ئه‌حمه‌د پێی وایه سیاسه‌ت یانی ده‌ستهه‌ڵبڕین بۆ
زلهێزه‌کان یان به‌دوای ڕووداوه‌کان که‌وتن. من پێموایه
سیاسه‌ت یانی هه‌نگاوێک له پێش ڕووداوه‌کان بوون؛ سیاسه‌ت
یانی درزخستن له واقعێکی داسه‌پێندراو.
کاک ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ که سه‌ربه‌خۆیی پیوه‌ندی به بارستایی
هێزه‌کانه‌وه هه‌یه. ڕاسته، منیش ئه‌وه ده‌ڵێم و پێم
وانییه که‌سیش هه‌بێت نکۆڵی له‌و خاڵه بکات. به‌ڵام
بارستایی هێزه‌کان شتێکی خواپێ‌داو و قه‌تسماو نییه. ئه‌و
بارستاییه خۆی ئه‌نجامی ده‌یان فاکتۆره، له‌وان سیاسه‌تی
درووست، تاکتیکی شیاو، ڕێبه‌رایه‌تییه‌کی به‌هێز،
یه‌کگرتوویی ڕێزه‌کان، ساخبوونه‌وه له سه‌ر به‌رنامه و
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی، ڕێکه‌وتی سیاسی و هه‌ندێ فاکتۆر
که ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ئیڕاده و ویستی ئێمه. ئایا
ئه‌گه‌ر ئێمه ئێمڕۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وازمان له
به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی و رکه‌به‌رایه‌تی بۆ
کورسییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو هێنابا و یه‌کده‌نگ و
یه‌کڕیز داواکانمان به‌رز کردباوه، نه‌مانده‌توانی ئه‌و
واقعه سیاسییه‌ی کاک ئه‌حمه‌د باسی لێده‌کا، بگۆڕین؟ یان
کاک ئه‌حمه‌د ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه و به‌رژه‌وه‌ندییه
حیزبییانه‌ش هه‌ر وه‌ک واقعی سیاسی ته‌فسیر ده‌کات؟
ئه‌گه‌ر وابێت، خۆ سیاسه‌ت ئه‌و کات ده‌بێته یاری دامه‌ی
ده دوازده سه‌رۆکی ئه‌م و ئه‌و حیزب. من باوه‌ڕم به‌و
چه‌شنه سیاسه‌ته و به‌و چه‌شنه ته‌فسیره له سیاسه‌ت
نییه.
بێگومان ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت کردن ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای
خه‌ون دامه‌زرابێت، ده‌توانێ کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ
بێته‌وه، به‌ڵام سیاسه‌تێکیش که هیچ خه‌ونێکی تێدا
نه‌بێ، سیاسه‌تێکی نه‌زۆرک و بێڕووحه. پازده ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر که‌س به خه‌ونیش نه‌یده‌توانی ئه‌وڕۆی
باشووری کوردستان بێنێته خه‌یاڵی. ئه‌و گۆڕانکارییه
له‌سه‌ر بنه‌مای کام واقعی سیاسی دامه‌زرا، که هیچکام له
ئێمه هه‌ستیشمان پێ‌نه‌کرد؟ ئایا ئه‌سله‌ن ئه‌و واقعیه
سیاسییه پێشبینی ده‌کرا؟ ئایا ئه‌گه‌ر که‌سێک بیست ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر باسی فێدرالیسمی کردبا، شێتیان نه‌ده‌کرد؟ که
وایه کاک ئه‌حمه‌د گیان واقعی سیاسی ته‌نیا بارستایی
هێزه‌کان نییه، زۆر شتی دیکه له سازکردنی ئه‌و
واقیعه‌دا ده‌ور ده‌گێڕن. چونکو واقعی سیاسی دیارده‌یه‌کی
سروشتی نییه و ئه‌نجامی هیچ قانوونێکیش نییه. واقعی
سیاسی به هه‌مان ئه‌ندازه که ئه‌نجامی هاوسه‌نگی
هێزه‌کانه، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌ی
نوێ و ڕێکه‌وتی سیاسییه؛ به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ئه‌نجامی
ڕێکخستنی خه‌ڵک و ماددی کردن بیرۆکه‌ی سیاسییه؛ به هه‌مان
ئه‌ندازه‌ش ئه‌نجامی داهێنان و ده‌ستپێشه‌ری سیاسییه.
ئه‌گینا به‌و خوێنده‌وه‌ی کاک ئه‌حمه‌د له واقعی سیاسی
هه‌یه‌تی، ئێمڕۆ ده‌بوایه یه‌کێتی سۆڤییه‌ت هه‌ر وه‌ک
زلهێزێک ماباوه و کورده‌کانیش هه‌موویان خۆیان له ئوروپا
گرتباوه. کاک ئه‌حمه‌د چه‌ند کتێبێکی له‌سه‌ر واقعی سیاسی
خوێندۆته‌وه و پێی وایه هه‌موو شتێک ده‌بێ به چاویلکه‌ی
واقعی سیاسی سه‌یری کرێ، بێ ئه‌وه‌ی له‌وه تێ‌بگا، که
خودی ئه‌و چه‌مکه و ناوه‌رۆکی ئه‌و چه‌مکه، داهێنانێکی
سیاسی و تیۆرییه که له‌لایه‌ن ڕاسته‌کان و
لیبڕاڵه‌کانه‌وه و له لایه‌ن که‌سانی وه‌ک بیسمارک،
کیسینجه‌ر و نیکسۆنه‌وه باو بووه و شێوه ڕوانینێکی
تایبه‌ته له ناو تیۆری سیاسی‌دا. کاک ئه‌حمه‌د سه‌رنجی
ئه‌وه نادات که شتێک به ناوی واقعی سیاسی بوونی ماددی
نییه. واقعی سیاسی هه‌میشه ته‌فسیرێکه له بارستایی
هێزه‌کان، چۆنێتی ڕوانین به جیهان، پێناسه‌کردنی واقع و
سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها ته‌فسیرێکه له هه‌لومه‌رجێکی
تایبه‌ت و بۆیه‌ش مه‌رج نییه ئه‌و شته‌ی لایه‌نێک به
واقعی سیاسی داده‌نێ، هه‌موو که‌س پێی واقعی سیاسی بێت.
به‌ڵام کاک ئه‌حمه‌د وا باسی واقعی سیاسی ده‌کا، هه‌روه‌ک
واقعی سیاسی بوخچه‌یه‌ک بێت که ئه‌و له یه‌خدانێکدا
شاردوویه‌ته‌وه و هه‌ر بۆ خوێشی کلیلی ئه‌و یه‌خدانه‌ی
پێیه.
سه‌رشاری باسی ئه‌و وتاره‌ی کاک ئه‌حمه‌د ڕه‌خنه‌ی
لێگرتووه، ئه‌وه بوو که ئێستا بارودۆخێکی نوێ له
جیهاندا هاتۆته ئاڕاوه، پارسه‌نگی هێزه‌کان گۆڕاوه و
مه‌ودایه‌کی نوێ خوڵقاوه که ئیمکانی خستنه ڕۆژه‌ڤی پرسی
کورد له ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌یی و وه‌ک کێشه‌یه‌کی
سه‌ربه‌خۆ بۆ مه‌به‌ستی پێکهێنانی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ زیاتر
کردووه. له‌و ده پازده‌ساڵه‌دا ده‌یان ده‌وڵه‌تی نوێ
پێکهاتووه؛ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ندێ کێشه هه‌ن
که ڕۆژئاوا له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خوێشی بێت، ناتوانێ
هه‌ر وا چاوی لێ بچووقێنی؛ مه‌سه‌له‌ی ئیسلامی سیاسی بۆته
به کێشه‌یه‌کی گرینگ؛ تیرۆریزم بۆته به دیارده‌یه‌کی
جیهانگیر، له جه‌ندین وڵاتی ئه‌مریکای لاتین چه‌په‌کان
هاتوونه‌ته سه‌ر حوکم و ده‌یان گۆڕانی دیکه. ئه‌وانه
هه‌موویان دیارده‌ی نوێن که هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێیان ده‌وێ.
ئه‌وه به‌و مانایه نییه که چونکو دونیا گۆڕاوه، کورد
هه‌روا به سانایی و سبه‌ی ده‌توانێ ده‌وڵه‌تی خۆی
پێک‌بێنێ. باسی من ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌بێ ئه‌و
گۆرانکارییانه هه‌ڵسه‌نگێنین و هه‌ول بده‌ین درز و
که‌لێنیان تێیا بدۆزینه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان
بسه‌پێنین. ئایا ئه‌وه ده‌سته‌به‌ری پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی
کوردی ده‌کا؟ بێگومان نا. به‌ڵام ئه‌وه تاکه ڕێگایه‌کی
شیاوه که ئه‌گه‌ری پێکهێنانی کیانێکی کوردی تێدا به‌دی
ده‌کرێت. به چاوه‌ڕوانبوون و دوعاکردن بۆ ڕێکه‌وتێکی
سیاسی وه‌ک هێرشی ئه‌مریکا، یان داکۆکی کردن له
سیاسه‌تێکی ئێرانی ده‌وڵه‌ت ساز نابێ. زۆرکه‌س، له‌وان
نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه له چه‌ند وتاری جیاوازدا باسی ئه‌و
گۆڕانکارییانه‌ی کردووه و ئه‌گه‌ر کاک ئه‌حمه‌د سه‌یرێکی
ئه‌و وتارانه‌ی کردبا، ده‌یزانی مه‌به‌ست له بارودۆخی نوێ
چییه. به‌هه‌مه حاڵ، با ئه‌و باسه بۆ جارێک و
ده‌رفه‌تێکی‌تر ڕابگرین، چونکو ئه‌و هه‌ویره ئاو زۆر
ده‌با.
ئێستا با بێمه سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی که کاک ئه‌حمه‌د له
چوار ته‌وه‌ردا گه‌ڵاڵه‌ی کردوون. ئه‌و چوا ته‌وه‌ره
بریتین له:
پێوه‌ندیی نێوان فێدرالیزم و دیموکراسی؛ هێژمۆنی و ده‌سه‌ڵات؛
ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و چواره‌م
ته‌وه‌ریش که
زیاتر هێرشێکی شه‌خسییه تا خوێنده‌وه و ره‌خنه له
وتاره‌که‌ی من، پێوه‌ندی به چه‌پبوونه‌وه
(هه‌ڵبه‌ت چه‌پبوونی منه‌وه)
هه‌یه. منیش یه‌ک به یه‌ک به کورتی ئاماژه‌یه‌ک به‌و
خاڵانه و ره‌خنه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د ده‌که‌م.
پێوه‌ندی نێوان فێدرالیزم و دێمۆکراسی
سه‌رشاری ڕه‌خنه‌ی کاک ئه‌حمه‌د له‌و به‌شه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه
سه‌ر ئه‌وه که گۆیا من نووسیومه که "فێدرالیزم هیچ
پێوه‌ندییه‌کی به دێموکراسییه‌وه
نییه و ته‌نیا ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ئیدارییه." هه‌ر له‌سه‌ر
ئه‌و ئه‌ساسه‌شه‌وه، کاک ئه‌حمه‌د ره‌خنه له‌و بۆچوونه
ده‌گرێ و پێی وایه ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه و له هه‌مان
حاڵیش‌دا دژایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌ڵاڵه‌ی پلاتفۆرمی
نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه (که من یه‌کێ
له ئه‌ندامانی ئه‌و پلاتفۆرمه‌م).
وه‌ڵامدانه‌وه به‌و ره‌خنه‌یه له دوو ڕووه‌وه زه‌حمه‌ته.
یه‌که‌م، من شتێکی وام نه‌گووتوه و نه نووسیوه. دووه‌م،
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بوونی ئه‌و بیرۆکه‌یه بسه‌لمێندرێ کاک
ئه‌حمه‌د ده‌بوایه وتاره‌که‌ی منی
کردبا به بابه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکاری، نه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی
به‌کۆمه‌ڵ که هی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره. من هه‌ول ده‌ده‌م
له وتارێکی دیکه‌دا و به جیا باسی ره‌خنه‌ی کاک ئه‌حمه‌د
له پلاتفۆرم بکه‌م، چونکو پێموایه که ئه‌و له
باره‌وه تا ڕاده‌یه‌ک به‌هه‌قه
و
راست ده‌کا که
ده‌قی پلاتفۆرم هه‌ندێ ناته‌بایی تێدایه که پیویستی به
ده‌ستکارییه. ئه‌وه‌ش نه شتێکی نه‌هێنییه و نه تازه.
من هه‌ر خۆم وتارێکم
سه‌باره‌ت به ناته‌بایی خاڵه‌کانی پلاتفۆرم و پێویستی
گۆڕانکاری ئه‌و ده‌قه له ماڵپه‌ڕی پلاتفۆرمدا بڵاوکردۆته‌وه
و هه‌مووی هاوڕێیانی پلاتفۆرمیش له ده‌یان دانیشتن‌دا باسی
ئه‌و ناته‌باییانه‌یان هێناوه‌ته ئاڕا و هه‌ر ئێستاش له‌سه‌ر
ده‌قێکی نوێ وه‌ک پێناسه‌ی پلاتفۆرم خه‌ریک گفتگۆ و
دانوستانین.
سه‌یر ئه‌وه‌یه که کاک ئه‌حمه‌د له‌سه‌ره‌تادا خۆی ده‌نووسێ
که "ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌م نووسراوه‌یه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌که
به نووسراوه‌که‌ی شه‌ماڵ کاوه". که چی به هێنانه‌وه
ڕسته‌یه‌ک که هی من نییه و چه‌وتکاری تێدا کراوه، باسه‌که‌ی
درێژه پێده‌دا به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ک جاریش
بووبێ، ئاماژه‌یه‌ک به وتاره‌که‌ی من بکات. له کۆتایی ئه‌و
به‌شه‌شدا ده‌نووسێ که "مه‌به‌ستی من لێره‌دا ته‌نیا ئه‌وه‌یه
که ئه‌وه بڵێم که شه‌ماڵ کاوه کاتێک ده‌ڵێ فێدرالیزم
ناتوانێ دیموکراتیانه بێ له هه‌ڵه‌دایه. ئه‌وه له باری
تیۆرییه‌وه ڕاست نییه." خوا چاکه‌ت بۆ بکا کاک ئه‌حمه‌د،
ئاخیر کوا ئه‌وه بوو به باسێکی دۆستانه؟ تۆ بۆخۆت ده‌یبڕی
و ده‌یدرووی و دوایش ڕه‌خنه‌کانت ئاڕاسته‌ی من ده‌که‌ی.
با بزانیم من چم گووتووه.
من له‌و وتاره‌ی کاک ئه‌حمه‌د باسی ده‌کا هه‌ولم داوه
ره‌هه‌نده‌کانی ناڕوونییه‌کی ستراتێژی له ڕوانگه‌ی
خۆمه‌وه ڕوون که‌مه‌وه، که پێموایه به‌سه‌ر
جووڵانه‌وه‌ی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا زاڵه. له‌و
شوێنه‌ی باسی فێدراڵیزم کراوه، نووسیومه که داواکاری
سیستمیکی فێدرال بۆ ئێران، "به‌مانای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی
سیاسه‌تی پاشکۆکردنی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک به
کێشه‌یه‌کی سه‌رتانسه‌رییه که ناتوانێ له‌گه‌ڵ
ناوه‌رۆکی سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌ییدا گونجاو بێت."
له‌وه‌شدا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئێمه نابێ خۆمان
ناوه‌رۆکی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ خۆمان به‌رته‌سک
که‌ینه‌وه و تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌کرێ ده‌بێ پێناسه‌یه‌کی
سه‌ربه‌خۆ بۆ کێشه‌ی کورد ساز که‌ین و کێشه‌ی کورد
نه‌که‌ین به کێشه‌ی ناوخۆیی ئێران. هه‌ر وه‌ک له
وتاره‌که‌دا هاتووه، من پێموایه ئێمه نابێ خومان وه‌ک
نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ئیرانه‌وه ببه‌ستینه‌وه، چونکو له
ڕوانگه‌ی منه‌وه، "پێشمه‌رجێکی داواکاری سه‌روه‌ری سیاسی
له‌وه دایه که ئێمه به‌ر له هه‌موو شت خۆمان وه‌ک
کوردستانی پێناسه بکه‌ین و ئێرانی‌بوون به پێناسه‌یه‌کی
زڕه‌کی، داسه‌پێنراو و وه‌ک درێژه‌ی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین."
هه‌ڵبه‌ت کاک ئه‌حمه‌د باسی ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی من ناکات و
ته‌نیا ئاماژه به‌وه ده‌کات که گۆیا من نووسیومه که
فێدراڵیزم هیچ پێوه‌ندییه‌کی به دێمۆکراسییه‌وه نییه.
له حاڵیکدا من باسی شتێکی دیکه‌م کردووه و گووتوومه
"فێدراڵیزم و دێمۆکراسی دوو چه‌مکن که نه ته‌نیا مێژوو و
پێشینه و کارکردیان جیاوازه، به‌ڵکو له هه‌ندێ رووه‌وه
له‌گه‌ڵ یه‌کتریشدا ناته‌بان." ئه‌وه به‌و مانایه نییه
دێمۆکراسی ناتوانێ چاره‌سه‌رێکی دێمۆکراتیک بێت، به‌ڵکو
مانای ئه‌وه‌یه که فێدرالیزم له‌سه‌ره‌تاوه له
پێوه‌ندی له گه‌ڵ دێمۆکراسیدا نه‌هاتۆته ئاڕا و
ته‌نانه‌ت وه‌ک چاره‌سه‌رێکی دژی دێمۆکراتی گه‌ڵاڵه
کراوه. ئه‌وه‌ش نه که‌شفی منه و نه من پێی گه‌یشتووم و
سه‌یر ئه‌وه‌یه که کاک ئه‌حمه‌د ته‌نانه‌ت بۆ خوێشی له
وتاره‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مان شت ده‌کات.
ئه‌و شته‌ی که کاک ئه‌حمه‌د وا به‌په‌له به‌ناوی منی
نووسیوه، ئه‌وه‌یه که من له وتاره‌که‌مدا گووتوومه
که "فێدرالیزم و دێمۆکراسی هیچ چه‌شنه پێوه‌ندییه‌کی
جه‌وهه‌رییان به‌یه‌که‌وه نییه و ته‌نانه‌ت له رووی
مێژووییه‌وه، فێدراڵیزم چه‌شنه هه‌نگاوێکی سیاسیی بووه
بۆ به‌ربه‌ستکردنی دێمۆکراسی. فێدراڵیزم وه‌ک چاره‌سه‌رێکی
کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، ئێتنیکی، ئایینی و ته‌نانه‌ت ئیداری
ده‌توانێ به‌بێ هیچ پێوه‌ندییه‌ک له گه‌ڵ دێمۆکراسیدا
به‌دی بێت. فێدراڵیزم به مانایه‌ک ئه‌گه‌رچی ده‌توانێ
شێوه‌یه‌ک بێت له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی،
به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا، چاره‌سه‌رێکی دامه‌زراوه‌یی و
ئیدارییه."
کاک ئه‌حمه‌د ده‌بوایه فه‌رقی نێوان نه‌بوونی پێوه‌ندی و
نه‌بوونی پێوه‌ندییه‌کی جه‌وهه‌ری له نێوان دوو دیارده‌دا
بزانێ. کاتێک ده‌ڵێم ئه‌و دووانه پێوه‌ندی جه‌وهه‌رییان
به‌یه‌که‌وه نییه، به‌و مانایه‌یه که فێدرالیزم
ده‌توانێ هه‌م چاره‌سه‌رێکی دێمۆکراتیانه بیت و هه‌میش
چاره‌سه‌رێکی دژی دێمۆکراتیانه. واته فێدرالیزم خۆی له
خۆیدا مه‌رج نییه هه‌میشه و له هه‌موو شوێنێکدا
دێمۆکراتیانه بێت، به‌ڵکو دێمۆکراتیبوونی فێدراڵیزم
به‌ستراوه‌ته‌وه به پاشخانێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و
هه‌روه‌ها هۆکاری هاتنه‌ئاڕا و شێوه‌ی دابه‌زینی ئه‌و
سیستمه له کرده‌وه‌دا. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر سبه‌ی
ئێرانییه‌کان هه‌ست به‌وه بکه‌ن که کورد ئیمکانی
پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش
بیانه‌وێ به تۆپزی فیدراڵیزم به‌سه‌ر کورددا بسه‌پێنن،
ئه‌وسا ئه‌و فیدراڵیزمه چاره‌سه‌رێکی دێمۆکراتیانه
نییه، به‌ڵکو ڕێگایه‌که بۆ پێش‌گرتن له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی
ته‌واوێتی خاکیی ئێران.
سه‌یر ئه‌وه‌یه که کاک ئه‌حمه‌د هه‌مووی ئه‌وانه‌ی
قبووڵه. به گووته‌ی کاک ئه‌حمه‌د "فێدرالیزم ده‌توانێ
دیارده‌یه‌کی دێمۆکراتیانه‌ی هه‌بێ"، واته ده‌توانێ
نادێمۆکراتیانه‌ش بێت. کاک ئه‌حمه‌د هه‌روه‌ها ده‌نووسێ
که فێدرالیزم له زۆر شوێنی وه‌ک سۆڤییه‌تی پێشوو و
ئه‌مریکا چاره‌سه‌رێکی ئیداری بووه، نه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ
چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌گه‌ر وایه،
شه‌ڕی کاک ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ مندا چییه؟ مه‌گین منیش هه‌ر
ئه‌وه‌م نه‌گووتووه؟ بۆ وێنه کاک ئه‌حمه‌د ده‌نووسێ که
"له
کانادا و ئه‌مریکادا له زۆرجێگایان سنووری مه‌ڵبه‌نده
فێدراله‌کان به شێوه‌یه‌ک کێشراوه که که‌مایه‌تییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان
وه‌ک ئیندیانه‌کان یاخود ڕه‌شه‌کان، له هه‌رێمێکی
فێدرالدا زۆربه نه‌بن، بۆئه‌وه‌ی که نه‌توانن به شێوه‌یه‌کی
کاریگه‌ر داخوازییه‌کانیان سه‌باره‌ت به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیان
بکه‌ن به ئاجێندای ڕۆژ."
مه‌گین ئه‌وه فیدرالیزمێک نییه که کارکردی
نادێمۆکراتییانه‌ی سه‌باره‌ت به هه‌ندێ که‌مه نه‌ته‌وه
هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆ کاک ئه‌حمه‌د ره‌خنه له شتێک
ده‌گرێ که خۆی باوه‌ڕی پێی هه‌یه؟
هێژمۆنی و ده‌سه‌ڵات
ئه‌و به‌شه‌ش هه‌مان ناڕوونی تێدایه که له به‌شێ
پێشوودا ئاماژه‌م پێ‌کرد. کاک ئه‌حمه‌د ئاوا ده‌ست به‌و به‌شه
ده‌کات: "له نووسراوه‌که‌ی شه‌ماڵ کاوه‌دا وا ده‌رده‌که‌وێ
که هێژمۆنی و ده‌سه‌ڵات پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆیان به‌یه‌که‌وه
نییه." لێره‌دا من ده‌بێ بپرسم مه‌به‌ستی کاک ئه‌حمه‌د له
ده‌سته‌واژه‌ی "وا ده‌رده‌که‌وێت" چییه؟ داخوا که‌س هه‌یه
(به‌داوای لێبووردنه‌وه)
ئه‌وه‌نده که‌مفام بێت و بڵێت که ده‌سه‌ڵات و هێژمۆنی
پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه نییه؟
مه‌گین هێژمۆنی خۆی شێوه‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵات نییه؟
من
جاری وایه هه‌ست ده‌که‌م کاک ئه‌حمه‌د له خوێندنه‌وه‌ی
وتاره‌که‌ی مندا هۆشی زیاتر له سه‌ر ئه‌وه بووه چۆن من
ده‌مکووت بکا، تا بیه‌وێ دیالۆگێکی له‌گه‌ڵ مندا هه‌بێ.
چونکو ئه‌گه‌ر ئه‌و براده‌ره برێک به له‌سه‌ره‌خۆیی
وتاره‌که‌ی خوێندباوه، تووشی ئه‌و چه‌شنه
هه‌ڵه زل و زه‌به‌لاحانه
نه‌ده‌بوو. کاک ئه‌حمه‌د دوای چه‌ند دێڕێک دووباره ئه‌و
بوختانه دووپات ده‌کاته‌وه که من پێوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات
و هێژمۆنی ره‌ت ده‌که‌مه‌وه و هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه ده‌بێته
ئه‌رکی کاک ئه‌حمه‌د که پیوه‌ندی ئه‌و دوو دیارده‌یه بۆ
خوێنه‌ران ڕوون بکاته‌وه. لێره‌شدا به بێ ئه‌وه‌ی گووته‌یه‌ک
له وتاره‌که‌ی من بێنێته‌وه، باسه‌که‌ی ته‌واو ده‌کات و
دێته سه‌ر ته‌وه‌ری سێیه‌م. با به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ش پازده‌ینه
سه‌ر خاڵی سێیه‌م، بزانین من له‌و وتاره‌که‌مدا چم نووسیوه
که کاک ئه‌حمه‌د وا به په‌له و ته‌نانه‌ت ساویلکانه،
تۆمه‌تی ئه‌وه له من ده‌دا که گۆیا من نازانم له نێوان
ده‌سه‌ڵات و هێژمۆنی پێوه‌ندییه‌ک هه‌یه. من لێره‌دا باسی
تێگه‌یشتنی هه‌له‌ی کاک ئه‌حمه‌د له‌و چه‌مکانه ناکه‌م،
به‌ڵکو هه‌ول ده‌ده‌م هه‌ڵه‌کانی ئه‌و له خوێندنه‌وه‌ی
وتاره‌که‌ی خۆم راست که‌مه‌وه.
من نووسیومه: "سیاسه‌ت ته‌نیا بریتی نییه له شه‌ڕی
ده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو به‌ر له هه‌موو شت بریتییه له شه‌ڕی
داسه‌پاندنی هێژمۆنی سیاسی. ته‌وه‌رێکی ناوه‌ندی شه‌ڕێكی
ئاوا بریتییه له فۆڕمۆڵه‌کردن و داهێنانی هه‌ندێ پرسیار؛
بریتییه له خستنه رۆژه‌ڤی هه‌ندێ پرسی سیاسی. لێره‌دا
جیاوازییه‌کی سه‌ره‌کی له نێوان شه‌ڕ بۆ ده‌سه‌ڵاتی
سیاسیی و داسه‌پاندنی هێژمۆنی سیاسی هه‌یه. له کاتێکدا
شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاراسته‌ی گشتی له دژی حکومه‌ت و
ده‌وڵه‌ته، شه‌ڕی داسه‌پاندنی هێژمۆنی سیاسی
ئاراسته‌که‌ی هه‌موو ئه‌و ساختاره سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که له‌واندا پێوه‌ندییه‌کانی
ده‌سه‌ڵات رایه‌ڵ و چالاکن. له کاتێکدا سه‌رکه‌وتن له
ڕوانگه‌ی تاریفی یه‌که‌مدا، له گره‌وی به‌ده‌سه‌ڵات
گه‌یشتنی ئه‌و هێزانه دایه که له شه‌ر له‌گه‌ڵ
ده‌وڵه‌ت و دوژمنێکی تایبه‌تدان، سه‌رکه‌وتن له شه‌ڕی
داسه‌پاندنی هێژمۆنی، له گره‌وی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی
ئه‌م یان ئه‌و حیزبه‌دا نییه. ئه‌م هێژمۆنییه ده‌کرێ و
ده‌بێ تا راده‌یه‌کی زۆر به‌ر له به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن
ده‌ستبه‌ر بکرێت. به‌و مانایه ئه‌و هێزانه‌ی له‌م
شه‌ڕه‌دا به‌شدارن، هه‌ول ده‌ده‌ن که فکر و پرسیاره‌کانی
خۆیان، وه‌ڵام و چاره‌سه‌ره‌کانی خۆیان له هه‌موو
بوارێک‌دا به‌رنه پێش و بیکه‌ن به بیرۆکه‌یه‌کی
جه‌ماوه‌ری. داسه‌پاندنی هێژمۆنی سیاسی به‌م مانایه‌یه
که هێزه کوردییه‌کان بتوانن هه‌م دروشم و ئامانجه‌کانیان
بکه‌ن به ئامانج و دروشمێکی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌میش، ئه‌م
درووشمانه به هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بسه‌پێنن."
ئایا ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که هێژمۆنی سیاسی و
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌یه‌که‌وه پێوه‌ندییان نییه؟ نا، کاک
ئه‌حمه‌د گیان، مانای ئه‌و ڕستانه ئه‌وه‌یه که هێژمۆنی
سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یه‌ک شت نین و جیاوازییان له
نێواندا هه‌یه. بۆ وێنه له نێو به‌شێکی زۆری لاوانی
کورد، فارس و عه‌ره‌ب له ئێران‌دا، فه‌رهه‌نگی هالیوود و
فه‌رهه‌نگی مه‌سره‌فگه‌رایی رۆژئاوایی له ڕووی
کولتوورییه‌وه خاوه‌نی هێژمۆنین له حاڵێکدا له ڕووی
سیاسییه‌وه ئه‌و لاوانه له ژێر حکومه‌تی ئیسلامی
ئێران‌دا ده‌ژین. یان بۆ وێنه ئێمڕۆ ئه‌مریکا و رۆژئاوا
به گشتی له ڕووی سیاسییه‌وه هێژمۆنییه‌کی جیهانیان
هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له هه‌موو
شوێنێک خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بن. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هێژمۆنی سیاسی و فکری نه‌بێت، ناچاره به
زۆری چه‌ک ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بپارێزێ. گه‌یشتن به
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش خۆی له خۆیدا چاره‌سه‌رێک نییه بۆ
هه‌موو گرفته‌کان. ئێمڕۆ له کوردستاندا هه‌موو ڕۆژێک
هه‌واڵی خۆسووتانی ژنان دێت؛ قاچاغی کرین و فرۆشی مادده‌ی
بێهۆشکه‌ر بره‌وێکی سامناکی په‌یدا کردووه و خه‌ڵکێکی زۆر
ئالووده‌ی ئه‌و مه‌واددانه بوون. ئایا کاک ئه‌حمه‌د پێی
وایه هاتنه سه‌رکاری ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌مووی ئه‌و
گرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌کات؟ ئایا به وه‌رگرتنی فێدراڵیزم
ئه‌و گرفتانه ون ده‌بن؟ کاتێک من باسی ئه‌و جیاوازییانه
ده‌که‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که هێزه سیاسییه‌کانی کورد
ده‌بێ به‌ر له‌وه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگه‌ن، هه‌ولی
ئه‌وه بده‌ن له کوردستاندا ئاوتۆریته‌یه‌کی سیاسی،
ئه‌خلاقی و فکری بن. واته هه‌ڵوێستی ئه‌وان وه‌ک یاسا له
کوردستان بڕ بکات. به‌و مانایه که ئه‌وان قسه‌یان بڕوا و
ده‌وریان له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌و کولتووره هه‌بێ و ئه‌وان
ده‌سته‌وه‌ستان ڕانه‌وه‌ستن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دیاردانه
ته‌نیا به حکومه‌تی ئیسلامی نه‌به‌ستنه‌وه.
که وایه من قه‌ت نه‌مگووتوه که ده‌سه‌ڵات و هێژمۆنی
پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه نییه، به‌ڵکو گوتوومه ده‌بێ
له نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هێژمۆنی سیاسی فه‌رق
دابندرێ. هه‌موو هێژمۆنییه‌کی سیاسی مه‌رج نییه
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌بێ و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیش
مه‌رج نییه خاوه‌نی هێژمۆنی سیاسی بێت. بۆ وێنه
ANC
له ئه‌فریقای جنووبی خاوه‌نی هێژمۆنی سیاسی بوو، به‌ڵام
خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بوو. یان ئێستا له
کوردستاندا کۆماری ئیسلامی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه،
به‌ڵام خاوه‌نی هێژمۆنی سیاسی نییه.
ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت
باسی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت سێیه‌م ته‌وه‌ری ڕه‌خنه‌ی کاک ئه‌حمه‌ده.
له‌و به‌شه‌دا هاتووه که "هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسیی دیکه‌ی که
شه‌ماڵ کاوه ده‌یکا ئه‌وه‌یه که له‌لایه‌ک ده‌خوازێ که
سیاسه‌ت ده‌بێ له ته‌واوی بواره‌کانی ژیاندا ئاڵوگۆڕ
پێک‌بێنێ و له‌لایه‌کی تریشه‌وه ده‌نووسێ که ئاراسته‌ی
سیاسه‌ت نابێ ته‌نیا دژایه‌تیکردن بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی
سیاسی که له ده‌وڵه‌تدا چڕبۆته‌وه و هتد." دواییش کاک ئه‌حمه‌د
له‌و قسه‌یه ئه‌و ئه‌نجامه وه‌رده‌گرێ که "ئه‌و قسه
به مانای ئه‌وه‌یه که بڵێ گه‌لی کورد ده‌بێ باسی سه‌روری
سیاسی بکات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراتیانه دامه‌زرێنێ بێ
ئه‌وه‌ی که پێویست به لابردنی ڕێژیمی ئیسلامی بکات."
دیاره کاک ئه‌حمه‌د ئاماژه به‌وه ده‌کات که کۆماری
ئیسلامی ئه‌و چیکڵدانه‌یه‌ی نییه که دان به سه‌روه‌ری
سیاسی بۆ کورد دابنێ، هه‌ر وه‌ک خوای نه‌که‌رده من
پێموابووه کۆماری ئیسلامی له‌وانه‌یه شتێکی وا بکا.
دواتر کاک ئه‌حمه‌د ده‌نووسێ که "ناوه‌رۆکی بنه‌ڕه‌تیی
سیاسه‌ت ده‌سه‌ڵاته. له ته‌واوی جیهاندا هیچ حیزبیکی
سیاسی نییه که بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات تێنه‌کۆشێ."
دواییش هه‌ول ده‌دات ئه‌و بیرۆکه‌یه بۆ خوێنه‌رانی دیمانه
ڕوون کاته‌وه که له هه‌موو شوێنێک به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی
ده‌سه‌ڵات، بنه‌مای سیاسه‌ت پێکدێنێ. دووباره لێره‌دا کاک
ئه‌حمه‌د بێ ئه‌وه‌ی گووته‌یه‌ک له من بێنێته‌وه، خۆی
باسه‌که‌ی کردۆته‌وه و داخستووه. با بزانین من له‌مباره‌وه
چم نووسیوه.
ئه‌و باسه‌ی من په‌یوه‌ندیداره به باسه‌که‌ی سه‌ره‌وه.
یه‌که‌م له دونیادا ده‌یان هێزی سیاسی هه‌ن که بۆ
وه‌ده‌ستگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ول ناده‌ن و ئه‌سله‌ن
بڕوایان به سیستمی په‌رله‌منتاریسمی ڕۆژئاوا نییه.
که‌وایه ئه‌و قسه‌یه ڕاست نییه که هه‌موو ڕێکخراوێکی
سیاسی هه‌ولی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌دا. دووه‌م:
من نووسیومه که "سیاسه‌ت ته‌نیا کرده‌وه‌ی حیزبه‌کان
نییه، به‌ڵکو چالاکییه‌که بۆ گۆڕانکاری که له هه‌موو
بواره‌کانی کۆمه‌ڵگادا ڕوو ده‌دات." هه‌ر به‌و پێیه‌ش
جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که به پێی
لێکدانه‌وه‌یه‌کی وا " نابێ ئاراسته‌ی سیاسه‌ت ته‌نیا
دژایه‌تیکردن بێت له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی که له
ده‌وڵه‌تدا چڕ بۆته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێ ئاراسته‌ی ئه‌و
سیاسه‌ته گۆڕانکارییه‌ک بێت له سه‌رتاپای ئه‌و
ساختارانه‌ی ده‌سه‌ڵات، که خۆیان له هه‌موو که‌لێن و
قوژبنێکی پێوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا خزاندووه.
سیاسه‌ت، نه‌شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته و نه شه‌ڕ بۆ له‌ناوبردنی
ده‌سه‌ڵات. سیاسه‌ت، کردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌ش و ده‌راوه‌یه
که له‌ودا ئیمکانی گۆڕانکاری و دێمۆکراتیزه‌کردنی
دامه‌زراوه و ساختاره‌کانی ده‌سه‌ڵات مه‌یسه‌ر ده‌بێت."
ئه‌و باسه له ڕوانگه‌ی منه‌وه بۆیه گرینگه، چونکو
ئێمڕۆ هێزه سیاسییه‌کان ته‌نیا چاوه‌ڕوانی موعجیزه‌یه‌کن
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات بگه‌ن، له حاڵێکدا ده‌سه‌ڵات و
توانستی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بۆ گۆڕانکاری فه‌رامۆش کراوه.
ئه‌وه له‌و پێوه‌ندییه‌دایه که له درێژه‌ی ئه‌و
بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌ولم داوه مه‌به‌ستم له‌و
گووته‌یه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆییدا
شی بکه‌مه‌وه و بۆ وێنه نووسیومه که "راسته که
سه‌روه‌ری سیاسی ته‌نیا به درووشمێک به‌دی نایه‌ت. راسته
که ئه‌م ئامانجه ته‌نیا پێوه‌ندی به ویستی ئێمه‌وه
نییه و ئێمه ناتوانین ئیراده‌گه‌را بین و خه‌ون و
خه‌یاڵی خۆمان به سه‌ر واقیعدا بسه‌پێنین. به‌ڵام
سه‌روه‌ری سیاسی ویستێکه که له‌م دواییانه‌دا له زۆر
وڵاتی دیکه به‌دی هاتووه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه،
ئه‌گه‌رچی ئێمه ناتوانین واقیع ته‌نیا به درووشمێک
بگۆڕین، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک ئه‌گه‌ر ببن به پشتیوان
و هه‌ڵگری ماددی ئه‌م درووشمه، ئه‌وسا ئه‌و واقیعه تووشی
گۆڕان دێت. واقیع شتێکه له ده‌ره‌وه‌ی ویستی ئێمه،
به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که پێی ده‌گووترێ واقیع، شتێکی نه‌گۆڕ
و قه‌تیسماو نییه، به‌ڵکو ئه‌نجامی ده‌یان و سه‌دان
پێوه‌ندی و ره‌وتی جیاوازه."
که دێته سه‌ر کۆماری ئیسلامی، من نازانم کێ گووتوویه‌تی
کۆماری ئیسلامی چیکڵدانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌ربه‌خۆیی
پێشکه‌شی کوردان بکات؟ ئێمه هه‌موومان ده‌زانین که ئه‌و
حکومه‌ته ته‌نانه‌ت ئاماده نییه بچووکترین مافی
فه‌رهه‌نگی کوردیش بدات، چ ده‌گات به سه‌ربه‌خۆیی. رژێمی
کۆماری ئیسلامی یه‌کێک له دواکه‌وتووترین و
کۆنه‌په‌رستترین ڕژێمه‌کانی سه‌رده‌مه و تاوان و
جینایا‌تی ئه‌و ڕژێمه شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته. که‌م ڕژێمی
سیاسی له دونیای ئێمڕۆدا هه‌ن که به شێوه‌ی کۆماری
ئیسلامی سیاسه‌تی داپڵۆسین و سه‌رکووتیان به سه‌ر هه‌موو
کۆمه‌ڵگادا ڕه‌یاڵ کردبێت، که ده‌گاته کوردیش، ئیتر که‌س
نییه تاوانه‌کانی ئه‌و ڕژێمه به‌رانبه‌ر به
نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌زانێ.
که وایه له‌وه‌دا پێموانییه من و کاک ئه‌حمه‌د جیاوازی
فکریمان هه‌بێ، جیاوازی من و کاک ئه‌حمه‌د ڕه‌نگه
له‌وه‌دا بێت که من پێم وانییه هێزه‌کانی دیکه‌ی
ئۆپۆزیسیۆنیش کاتێک بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، به‌رانبه‌ر به
نه‌ته‌وه‌ی کورد، له کۆماری ئیسلامی باشتر ده‌بن.
ئه‌وانه به چه‌پ و ڕاستیانه‌وه، له کرده‌وه‌دا دژی
نه‌ته‌وه‌ی کوردن. هه‌موویان له کرده‌وه‌دا پاراستنی
ته‌واوێتی خاکی ئێران به پیرۆزترین ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن.
من پێموایه له‌م ڕووه‌وه ئێرانییه‌کان زۆر ساغن و هیچ
گرفتێکیان نییه. ئه‌وه به‌شێک له ئێمه‌ی کورده که
هێشتا ساغ نه‌بۆته‌وه؛ ئه‌وه کاک ئه‌حمه‌ده که هێشتا
ساغ نه‌بۆته‌وه. ئه‌گه‌ر کاک ئه‌حمه‌د هه‌ندێ سه‌رنجی
وتاره‌که‌ی منی دابا، ده‌یزانی که درووست ئه‌و خاڵه‌یه
که جه‌وهه‌ری وتاره‌که‌ی منی پێکهێناوه. کاتێک من
ڕه‌خنه له ناڕوونی ستراتێژی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان ده‌که‌م، ئاماژه‌ی من ڕاسته‌وخۆ به‌و فکره‌یه
که ناتوانی کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ سه‌یر
بکات. با ئه‌وه‌ش بڵێم سه‌ربه‌خۆبوونی کێشه‌ی کورد ته‌نیا
له گره‌وی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تیدا نییه. ئێمه بۆ
ئه‌وه‌ی بتوانین داوای سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ین؛ بۆ ئه‌وه‌ی
ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه خۆش بکه‌ین، ده‌بێ به‌ر له
هه‌موو شت، کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی
سه‌ربه‌خۆ بێنینه ئاڕا و بخه‌ینه ئه‌جێندای سیاسه‌تی
ناوخۆیی و جیهانییه‌وه.
سه‌رشاری باسه‌که‌ی منیش راست ئه‌وه‌یه: ئێمه وه‌ک کورد
و وه‌ک خاوه‌نی کێشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نابێ هه‌موو وزه‌ی
خۆمان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ته‌رخان بکه‌ین و نابێ
دڵمان به هاتنه سه‌رکاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م یان ئه‌و
حیزبه ئێرانییه خۆش بکه‌ین. ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌وه
ناتوانین پێشبینی بکه‌ین که داخوا دوای کۆماری ئیسلامی
وه‌زعی ئێمه باشتر ده‌بێ یان نا. که وایه کێشه‌ی کورد
به ڕووخان یان نه‌ڕووخانی ئه‌و یان ئه‌م ڕژێمه ئێرانییه
چاره‌سه‌ر نابێت. بۆیه‌شه که ئێمه ده‌بێ هه‌ندێ دوور
بڕوانین و ستراتێژییه‌ک گه‌ڵاڵه بکه‌ین که له گره‌وی
ڕووخاندن و نه‌ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی یان هه‌ر
حکومه‌تێکی ئێرانی‌دا نه‌بێ. له ته‌یمووری شه‌رقیدا
سه‌ربه‌خۆیی به بێ ڕووخانی حکومه‌تی ئه‌ندۆنێزیا،
وه‌رگیرا. له ئێران حکومه‌تی ره‌زا شا ڕووخا، به‌بێ
ئه‌وه‌ی کورد به شتێک بگات. باسی من ئه‌وه‌یه که کێشه‌ی
کورد نابێ ببێته به کێشه‌ی ئێران و ئێرانییه‌کان و،
بۆیه‌ش مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی ئێمه نابێ ڕووخان و نه‌ڕووخان
یان دێمۆکراتیزه‌کردنی ئێران بێت، به‌ڵکو ئاڕاسته‌ی شه‌ری
ئێمه ده‌بێ بۆ سه‌روه‌ری سیاسی کورد و گه‌یشتن به
کیانێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی بێت. ئایا سیاسه‌تێکی وا له دژی
رووخاندنی کۆماری ئیسلامییه؟ نا. ئایا مومکینه کورد
سه‌روه‌ری سیاسی خۆی به‌بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی
وه‌چه‌نگ بخات؟ من ئه‌وه زۆر به دوور ده‌زانم، به‌ڵام
به شتێکی مه‌حاڵی نازانم. ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به ناوه‌رۆک
و سروشتی کۆماری ئیسلامییه‌وه نییه، به‌ڵکو پێوه‌ندی به
بارودۆخێکه که له‌وانه‌یه کۆماری ئیسلامی ناچار بکات بۆ
ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ته‌نانه‌ت به جیابوونه‌وه‌ی
کوردستانیش ڕازی بێت. دیاره من وه‌ک گریمانه‌یه‌ک باسی
ئه‌و خاڵه ده‌که‌م، نه‌ک وه‌ک ئیمکانێک. هیوادارم کاک
ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌ش به خراپ وه‌رنه‌گرێ و تۆمه‌تی لایه‌نگری
له حکومه‌تی ئیسلامیم نه‌خاته پاڵ.
چه‌پبوون
دوایین ته‌وه‌ری
ڕه‌خنه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د
پێوه‌ندی به چه‌پبوونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام نه‌ک به چه‌مکی
چه‌پ، به‌ڵکو به لێکدانه‌وه‌یه‌کی
بێ‌بنه‌مای
ده‌روونناسانه‌ی
کاک ئه‌حمه‌د له که‌سایه‌تی من و ئیدیعای چه‌پبوونی من.
کاک ئه‌حمه‌د نووسیوێتێ: "حکومه‌تی چه‌پی شه‌ماڵ کاوه له
حکومه‌تی مائۆ و پۆلپۆت دیموکراتیانه‌تر نابێ و من هه‌ست
به‌و مه‌ترسییه ده‌که‌م که له حکومه‌تی چه‌پی ئه‌ودا،
خه‌ڵکی به کراوته‌کانیان هه‌ڵواسرێن. دیعایه‌کانی شه‌ماڵ
کاوه زۆرتر بۆنی ژێستی ڕۆشنبیرانه و ڕێکلامیان لێدێ که
سه‌رپۆشیکه له‌سه‌ر تووڕه‌ییه‌کی ده‌رنه‌بڕاو." دوایش ده‌نووسێ
که ئه‌و شتانه‌ی من باسیان لێوه ده‌که‌م رۆژئاواییه‌کان
له کانادا، سوید و هه‌ندێ وڵاتی دیکه له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی
ریفاه دایانبه‌زاندووه. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و قسانه‌ی من ده‌یانکه‌م
زیاتر قسه‌ی به ڕواڵه‌ت ئاکادیمیکین و بۆ ئه‌وه‌ن من
جێگایه‌ک بۆ خۆم له کوردستاندا بکه‌مه‌وه.
جارێ من نازانم چم کردووه که کاک ئه‌حمه‌د پێی وایه
خه‌ریکی جێخۆش کردنم له له کوردستاندا، ئه‌گریش وابێ خۆ
تاوانێکم نه‌کردووه. به‌ڵام من نازانم ئه‌وه چ
پێوه‌ندییه‌کی بۆ نووسراوه‌که‌ی من و ئیدیعای چه‌پبوونی
منه‌وه هه‌یه.
من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م له کاک ئه‌حمه‌د نه‌بوو که له وتارێکی
سیاسی‌دا دابه‌زێته سه‌ر که‌سایه‌تی من. دیاره هه‌ر لێره‌ش
ده‌بێ سوپاسی کاک مه‌جید
ئه‌حمه‌دی، به‌ڕیوه‌به‌ری
ماڵپه‌ڕی دیمانه، بکه‌م که هه‌ندێ له‌و ڕسته و ده‌سته‌واژانه‌ی
لابرد که
له‌ودا کاک ئه‌حمه‌د
به
شێوه‌یه‌کی ناشیرین هێرشی به من کردبوو.
من و کاک ئه‌حمه‌د کۆنه براده‌رین
و
نان و نمه‌کمان پیکه‌وه خواردووه.
جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه شێوه‌ی دیالۆگی دۆستانه بێت، خوا ڕه‌حم
به ناحه‌زانی کاک ئه‌حمه‌د بکا.
ئه‌وه دیاره گله‌ییه‌ک بوو که پێم خۆش بوو له دڵمدا نه‌مێنێته‌وه
و زۆر به‌په‌رۆشم بۆ کاک ئه‌حمه‌د که به تۆمه‌ت و بوختان
وتاره‌که‌ی کۆتایی پێهێناوه.
له‌وه‌ش گه‌ڕێین که
پیاوخراپبوون و پیاوچاکبوونی من نابێ ببێته پێوه‌رێک بۆ
داوه‌ری کردن له سه‌ر ناوه‌رۆکی فکری وتارێک که من
نووسیومه.
سه‌باره‌ت به چه‌پبوون هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێم که من له
وتاره‌که‌مدا نووسیومه که "له گۆشه‌نیگای نووسه‌ره‌وه
که خۆی به چه‌پ ده‌زانێ، سیاسه‌تێکی چه‌پی کوردی،
پیداویستییه‌کی زۆر گرینگی ئێمڕۆی جووڵانه‌وه‌که‌مانه.
به‌ڵام چه‌پبوون نابێ ئێمڕۆ له درووشمی سوسیالیزمدا
پوخته کرێت، به‌ڵکو ده‌بێ له‌و ئاراسته کۆنکرێتانه‌دا
ببیندرێت که کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌بێ له
به‌رانبه‌ریدا هه‌ڵوێست بگرێ: سه‌رنجدان به کێشه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، زه‌قکردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری
کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، مافی ژنان و هه‌ولدان بۆ
لاوازکردنی فه‌رهه‌گی پیاوسالارانه، روانینێکی جیاواز به
مافی مناڵان و هه‌ولدان بۆ بنکۆڵکردنی گه‌وره‌سالاری،
دژایه‌تی له گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی، په‌ره‌پێدان به کۆمه‌ڵگای
مه‌ده‌نی و تاد. به‌ڵام هه‌مووی ئه‌م ویست و درووشمانه
ده‌بێ تابع و پاشکۆی سه‌روه‌ری سیاسی بن." کاک ئه‌حمه‌د
ده‌ڵێ ئه‌و شتانه لاساییکردنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌کانی سوید و
کانادا و هۆله‌ندن. ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک ڕاسته، به‌ڵام من
پێموانییه ئێمه ده‌توانین حکومه‌تێکی وه‌ک سوید یان
هۆله‌ندمان هه‌بێ. سوید به مانایه‌ک وه‌ک حکومه‌تێکی
سوسیال دێمۆکرات، له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا به حکومه‌تێکی
چه‌پ ده‌ناسرێ. به‌ڵام باسی من ئه‌وه نییه، به‌ڵکو
مه‌به‌ستی من هه‌ڵوێست له به‌رانبه‌ر دوو بۆچوونی باودا
بووه. له لایه‌که‌وه له به‌رانبه‌ر هه‌ندێ چه‌پی
په‌ڕگیر که پێیان وایه کورد ده‌بێ باسی مافی
نه‌ته‌وایه‌تی نه‌کات تا حکومه‌تێکی کارگه‌ری داده‌مه‌زرێ
و له لایه‌کیشه‌وه، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕوانینه که پێی
وایه که‌س بۆی نییه باسی مافی ژنان و ئازادی و دێمۆکراسی
بکات تا کورد به مافه‌کانی نه‌گه‌یشتووه. له ڕوانگه‌ی
منه‌وه، مه‌سه‌له‌ی مافی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی
سه‌ره‌کی هه‌موو لایه‌ک بێت، به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا
ده‌بێ ئێمه بۆ رادیکالترکردن و دێمۆکراتیزه‌ترکردنی
جووڵانه‌وه‌ی کوردی هه‌ول بده‌ین.
خاڵی گرینگی ئه‌و بڕگه‌یه له‌وه‌دایه که من ده‌ڵێم که
کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له هه‌موو کێشه‌یه‌ک
گرینگتره، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ که‌س، پێم
وانییه ئه‌وه ده‌بێ به‌و مانایه بێت که ئیتر که‌س بۆی
نه‌بێ باسی داواکارییه‌کانی بکات؛ ژنان نه‌توانن باسی
مافه‌کانیان بکه‌ن، یان که‌س نه‌توانێ ڕه‌خنه له
ده‌سه‌ڵاتی کوردی بگرێ، یان دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی
نادێمۆکراتیانه‌ی که‌شی کوردی بکرێت. دیاره مادام کاک
ئه‌حمه‌د ئیجازه‌ی ئه‌وه به من نادات خۆم وه‌ک چه‌پ
بناسێنم، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که من به گوێره‌ی
ناسیاری خۆم له بارودۆخی کوردستان، ئێمڕۆ کرنۆش ده‌به‌م
بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی که له کرده‌وه‌دا له دژی
گه‌نده‌ڵی ڕابوه‌ستێ؛ مافی ژنان پێشێل نه‌کات؛ هه‌ولی
باشترکردنی باری ژیانی هه‌ژاران بدات، ڕێز بۆ مافه
دێمۆکراتییه‌کان دابنێ و ڕێگا له په‌ره‌سه‌ندنی
کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی نه‌به‌ستێ. ئه‌وه بۆچوونی منه،
جا ئه‌وه چ چه‌پبوون بێ، چ ژێستێکی ڕۆشنبیرانه، با
خوێنه‌ران خۆیان داوه‌ری بکه‌ن. که ده‌گاته کاک
ئه‌حمه‌د، من پۆلیس نیم و بۆیه‌ش ئه‌و ئیختیاره له
ده‌ستی خۆدی کاک ئه‌حمه‌د دایه که هه‌ر چۆنێکی خۆی پێی
خۆشه، خۆی پێناسه بکات.
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری
سیاسی و نه‌زم ...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی
دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه
بۆ ...
پیکدادانانی
شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی
ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی
ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه
پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری
سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و
به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و
فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی پێناسه
ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی
به‌رده‌م جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
له‌مه‌ر چه‌مکی پێشڕه‌و و
بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|