|
گه‌ڵاڵه‌کردنی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی به‌په‌له‌ی
بزووتنه‌وه‌ی کورده
به‌بۆنه‌ی
ساڵتێوه‌رسووڕانی پلاتفۆرم

ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر
کۆمه‌ڵێک رووناکبیری سیاسی کورد بیرۆکه‌ی
گه‌ڵاڵه‌کردنی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌ییان، دوای
هاوفکری و راوێژ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ که‌سایه‌تی
سیاسی، ئاراسته کرد و به‌م شیوه ئه‌و پلاتفۆرمه
توانی فۆرمێکی دامه‌زراوه‌یی به خۆیه‌وه بگرێ.
ئه‌و پلاتفۆرمه له چوارچێوه‌ی کۆمیته‌یه‌کی
ئاماده‌کاریدا ده‌رفه‌تێکی بۆ ساز بوو تا به
شێوه‌یه‌کی رێکخراوه‌یی و کۆیی هه‌ول بدات رێگا و
ئیمکاناتی گه‌ڵاڵه‌کردن و ساخبوونه‌وه له سه‌ر
بنه‌مای پلاتفۆرمێکی گشتی خۆش بکات. دیاره
بیرۆکه‌ی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی یان یه‌کگرتوویی
نه‌ته‌وه‌یی شتێک نه‌بوو که
ته‌نیا لای ئه‌و
که‌سانه‌دا
له دایک بووبێ.
ئه‌و فکره هه‌ر ئه‌وکات و پێش ئه‌و کاتیش لای زۆر
که‌سی دیکه هه‌بوو و خه‌ڵکانێکی زۆر خۆیان به‌م
ئه‌رکه پیرۆزه ماندوو کردبوو و کردووه. به‌ڵام
کاری کۆمیته‌ی پلاتفۆرم له یه‌ک رووه‌وه جیاوازی
له گه‌ڵ هه‌ولی خه‌ڵکانی دیکه‌دا هه‌بوو: ئه‌وان
وێڕای ئه‌و بانگه‌وازه بۆ پلاتفۆرمێکی
نه‌ته‌وه‌یی گه‌ڵاڵه‌یه‌کی پێشنیاریشیان ئاراسته‌ی
رای گشتی کرد و هاوکات هه‌ولیان داوه هه‌ندێ له‌و
باسه گرینگانه‌ی پێوه‌ندییان به پلاتفۆرمێکی
گشتییه‌وه هه‌یه، بێننه به‌ر باس و
لێکدانه‌وه. ئه‌و پلاتفۆرمه‌ی که ئاراسته کرا،
پێشنیارێک بوو و تا ئێستاش هه‌ر وه‌ک پێشنیارێک
ماوه‌ته‌وه، واته ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و
پێشنیاره‌یان ئاراسته‌ی خه‌ڵک کرد هه‌م ئه‌و کات و
هه‌میش ئێستا ئاگاداری که‌موکوڕی و لاوازییه‌کانی
ئه‌و پێشنیاره بوون و هه‌ن و بۆیه‌ش هه‌میشه
داوای یارمه‌تیان له لایه‌نه‌کانی دیکه کردووه.
له‌م وتاره‌دا حه‌ز ده‌که‌م به بۆنه‌ی
ساڵتێوه‌رسووڕانی پلاتفۆرم هه‌ندێ له بیروراکانی
شه‌خسی خۆم وه‌ک که‌سێک که له نزیکه‌وه هاوکاری
ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سه‌ی کردووه، ده‌رببڕم.
بیرۆکه‌ی پلاتفۆرمی
نه‌ته‌وه‌یی له هاوینی 2003دا فۆرمی گرت، واته له
سه‌روبه‌ندێکدا که پاشخانه سیاسییه‌که‌ی بۆ هه‌موو
کوردێک ئاشنایه. له‌و کاتدا هه‌م ئه‌گه‌ری له‌ناکاوی
ئاڵوگۆڕێکی سیاسی هه‌بوو و، هه‌میش ته‌جرووبه‌ی باشووری
کوردستان وه‌ک نموونه‌یه‌ک ئه‌و مه‌ترسییه‌ی زه‌ق
کردبووه‌وه که ساخ نه‌بوونه‌وه و یه‌کنه‌گرتن له
چوارچێوه‌ی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێ له ئاستی
سیاسی‌دا زیانێکی فره گه‌وره‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌بێت.
واته له لایه‌که‌وه چاوه‌ڕوانی ئاڵوگۆڕێکی سیاسی ده‌کرا
و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و چاوه‌ڕوانییه،
هێزه سیاسییه‌کانی کوردی ئاماده‌یی قۆزتنه‌وه‌ی ئه‌و
هه‌له‌یان نه‌بوو. ئه‌وه دیاره به‌و مانایه نییه که
ئه‌و کات ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌گه‌ڵ پلاتفۆرمدا بوون پێیان
وابوو که هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه‌که به مانای رووخانی
کۆماری ئیسلامییه، به‌ڵکو ئه‌وان خودی هاتنی ئه‌مریکا و
لابردنی سه‌ددامیان وه‌ک هێمایه‌ک ده‌بینی بۆ ئاڵوگؤڕێکی
فره به‌رفره‌وانتر و ئاڵۆزتر که ماوه‌یه‌که ده‌ستی
پێکردووه و به‌تایبه‌ت دوای کۆتایی هاتنی شه‌ری سارد
ره‌هه‌ندی جیاوازی به خۆیه‌وه گرتووه. باسه‌که‌ی
پلاتفۆرم له راستیدا به‌ر له‌وه‌ی پێوه‌ندی به هاتنی
ئه‌مریکا بۆ ناوچه‌که‌وه هه‌بێ، پێوه‌ندی به‌و ره‌وته
نوێیه و به ڕواڵه‌ت ناته‌با سیاسییه‌وه هه‌بوو که
جیهان ئێمرۆ له به‌رده‌میدا راوه‌ستاوه و به
ده‌سته‌واژه و چه‌مکی وه‌ک به‌جیهانیبوون و لاوازبوونی
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وه‌سف ده‌کرێن. ره‌وتێک که له
ئاستێکی گشتیدا هیژمۆنی و باڵاده‌ستی زلهێزه‌کان و
به‌تایبه‌ت ئه‌مریکای له جیهاندا زیاد کردووه، به‌ڵام
له هه‌مان کاتیش‌دا مه‌ودایه‌کی بۆ هه‌ندێ نه‌ته‌وه و
وڵاتی بچووک ره‌خساندووه که ببنه به خاوه‌نی
سه‌روه‌رییه‌کی رێژه‌یی سیاسی و کیانێکی نه‌ته‌وه‌یی.
دیاره لێکدانه‌وه‌ی گشتی
ئه‌وه بوو که ئه‌و ره‌وته ناته‌بایه که به‌گشتی له
قازانجی وڵاتانی هه‌ژاردا نه‌بووه و نییه، ده‌یتوانی و
ده‌توانێ بۆ کورد سوودی هه‌بێ. به‌ڵام کورد ته‌نیا به
مه‌رجێ ده‌توانی سوود له‌و هه‌لومه‌رجه وه‌رگرێ که
هه‌ڵسه‌نگاندنێکی شیاوی له‌و بارودۆخه هه‌بێ و بتوانێ
سیاسه‌تێکی له‌بار دابڕێژێ. به ڕای من ته‌جرووبه‌ی
باشووری کوردستان تا ئێستا ئه‌وه‌ی نیشان داوه که هێزه
ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کورد تا ئێستا نه‌یانتوانیوه به
شێوه‌یه‌کی شیاو و وه‌ستایانه که‌ڵک له‌و ئیمکاناته
وه‌رگرن و ئه‌و به‌رهه‌م و ده‌ستکه‌وتانه‌ی کورد تا ئێستا
له پله‌ی یه‌که‌مدا ئه‌نجامی بارودۆخه‌که و هه‌ندێ
رێکه‌وت و تا راده‌یه‌ک تاکتیکی ئه‌مریکا بۆ راگرتنی
هاوسه‌نگی سیاسی له ناوچه‌دا بووه تا ئه‌نجامی
به‌ته‌نیای سیاسه‌ت و کارزانی سه‌رکرده‌کانی کورد. به
بڕوای من یه‌كی له هه‌ڵه کوشنده‌کانی سیاسیی ئێمه تا
ئێستا له باشووری کوردستان نه‌بوونی سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ
و متمانه‌نه‌کرن به هێزی خه‌ڵک بووه؛ له کرده‌وه‌دا تا
ئێستا هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی کورد زۆرتر په‌یرو و پاشکۆ
سیاسه‌تی ئه‌مریکا بوون تا لایه‌نێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن
به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی. ئێمه له‌م دۆخه‌دا زۆر شتمان
دۆڕاند و له‌وان پرستیژی سیاسی کورد له ئاستێکی جیهانیدا
به بڕوای من تا راده‌یه‌کی زۆر دابه‌زیوه و پێموایه
زیانه‌کانی نه‌بوونی سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له داهاتوودا
باشتر ده‌رده‌که‌وێ. کێشه‌ی کورد ده‌بوایه هه‌ر نا له
سه‌ره‌تادا کرابایه به کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له پێناو
ئاسایشی ناوچه‌دا، به‌ڵام ئێمه سیاسه‌تێکی مه‌رجدارمان
هه‌ڵنه‌بژارد به‌ڵکو به پێچه‌وانه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه
له به‌رانبه‌ر بڕیاره‌کانی ده‌زگایی ئیداری ئه‌مریکا
ده‌ستمان هه‌ڵبڕی و ته‌نیا چه‌ند که‌ڕه‌تێک ژێستێکی
سه‌ربه‌خۆمان گرت که ئه‌ویش له راستیدا قازانجی خۆی
هه‌بوو.
هه‌ندێ که‌س ئێستا دوای ئه‌و
یه‌کساڵه پێیان وایه جه‌ماعه‌تی پلاتفۆرم له
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیاندا تووشی هه‌ڵه هاتن. دوای ساڵێک
نه کۆماری ئیسلامی رووخاوه و نه هێزه سیاسییه‌کانی
کوردی یه‌کیان گرتووه. به‌ڵام ئێمه نابێ ئه‌وه‌مان
له‌بیر بچێته‌وه که گه‌ڵاڵه کردنی پلاتفۆرم نه به
یه‌کگرتوویی هێزه‌کان و نه به رووخانی کۆماری ئیسلامی
به‌سترابۆوه و به‌ستراوه‌ته‌وه. پلاتفۆرم پێی وابوو که
چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد به رووخانی کۆماری ئیسلامی
نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، دیاره بوونی ئه‌و رژێمه
ته‌گه‌ره‌یه‌کی جیددییه له سه‌ر رێگای وه‌دیهاتنی
مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌ڵام لاچوون و رووخانی ئه‌و
رژێمه هیچ ده‌سته‌به‌رێک نییه بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌و
مافانه. سه‌باره‌ت به یه‌کگرتنی هێزه‌کانی کوردیش که‌س
ئه‌وه‌نده ساکار نه‌بووه که پێیوابێ ئه‌و هێزانه
هه‌موو رابردوو و کێشه‌کان و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و
به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان فه‌رامۆش ده‌که‌ن و یه‌ک
ده‌گرن. بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌ش جه‌خت کرایه سه‌ر
ئه‌و خاڵه که مه‌به‌ستی پلاتفۆرم پێکهێنانی به‌ره نییه
وه‌ک هه‌ندێ که‌س پێیان وابوو، به‌ڵکو باشتر وایه به‌ر
له هه‌موو شت بیر له پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش بكڕێته‌وه و
دوایی باسی یه‌کگرتن بکرێت. جیاوازی نێوان گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش و پێکهێنانی به‌ره له‌وه دایه که
له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا هێزه سیاسییه‌کانی کوردی ده‌توانن
له سه‌ر یه‌ک یان چه‌ند خاڵێک بۆ داهاتووی کوردستان ساخ
ببنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌ک پێک بێنن، به‌بێ
ئه‌وه‌ی مه‌رجێ بۆ شێوه‌ی دابه‌شینی ده‌سه‌ڵات یان شێوه‌ی
کاری داهاتوویان دابڕێژن.
له‌و روویه‌وه به‌راستی
جێگای داخه که کاری پلاتفۆرم تا ئێستا به هه‌موو
پیوانه‌یه‌ک یه‌كێ له‌و ده‌گمه‌ن کاره گه‌ڵاڵه‌کراوانه
بووه که له چوارچێوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئاراسته‌ی
خه‌ڵک کراوه. ده‌ڵێم به‌داخه‌وه، چونکو ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ی
ئه‌و که‌سانه پێشنیاریان کردووه هه‌م له باری سیستماتیک
بوون و هه‌میش ناوه‌رۆکه‌وه که‌موکوڕیی یه‌کجار زۆره.
به‌ڵام تا ئێستا سه‌ره‌ڕای هه‌موو باس و دروشمی هێزه‌کانی
سیاسی و خه‌ڵکانی دیکه، هیچ کارێکی فکری شیاوی ئه‌و
باروۆخه و له ئاستێکی پێویستدا نه‌کراوه. کۆنگره‌ی
حیزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانیش ته‌نیا له
ئاستی به‌رنامه‌یه‌کی گشتیدا باسی فێدرالیزمیان کردووه و
تا ئێستا بنه‌ماکانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، کاراکته‌ری ئه‌و
فێدرالیزمه و هۆکاری هه‌ڵبژاردنی فێدرالیزم له‌بڕی
سه‌ربه‌خۆیی تا ئێستا به وردی له لایه‌ن هیچکام له‌و
هێزانه‌وه نه‌خراوه‌ته به‌ر لێکدانه‌وه و
هه‌ڵسه‌نگاندن. بۆیه‌ش ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه تا ئێستا
کاری پلاتفۆرم و ئه‌و چه‌ند وتارانه‌ی له ده‌ورانپشت و
سه‌باره‌ت به لایه‌نه جیاوازه‌کانی پلاتفۆرم نووسراون،
سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌مووڕییه‌کانی یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه
پێکدێنن که سه‌باره‌ت به داهاتووی کوردستانی رۆژهه‌ڵات
که خراونه‌ته به‌رده‌م رای گشتییه‌وه.
من به رای شه‌خسی خۆم
پێموایه یه‌کێ له هه‌ڵه‌کان له داڕشتنی پلاتفۆرمدا تۆن
یان له‌حنێک بوو که به‌داخه‌وه ته‌وازوعی که‌م تێدابوو و
هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که زۆر که‌س به هه‌ڵه
له‌م کاره تێگه‌یشتن. که‌سانێکی زۆر ئه‌و ره‌خنه‌یه‌یان
ئاراسته‌ی پلاتفۆرم کردووه که پلاتفۆرم بایه‌خێکی زۆریان
به توانایی فکری خۆیان دا و پێیان وابوو ده‌توانن به
ته‌نیا پلاتفۆرمێک دابڕ‌ێژین. له‌م روویه‌وه من به رای
شه‌خسی خۆم پێموایه به‌شێک له‌و ره‌خنه‌یه به‌هه‌قن،
به‌ڵام به‌شێکی راست نین و زیاتر لێکدانه‌وه‌یه‌ک که
پێوه‌ندی به مێنالیته‌ی سیاسی ئێمه‌وه هه‌یه. که‌س له
پلاتفۆرمدا باسی ئه‌وهه‌یان نه‌کردووه كه ئه‌و
پلاتفۆرمه خۆی له خۆیدا ھیچ كه‌موكوڕییه‌كی
نییه و بۆیه‌ش ھه‌موو ھێزه سیاسییه‌كانی دیكه
ده‌بێ بێنه ژێر باڵی ئه‌م پلاتفۆرمه و له ژێر
ئاڵای كۆمیته‌ی پلاتفۆرمدا یه‌ك بگرن. ئه‌و فکره
هه‌رگیز لای پلاتفۆرم نه‌بوو که ھێزه سیاسییه‌كان یان
که‌سایه‌تییه و کۆڕه سیاسییه‌کانی کوردی به مه‌رجی
پلاتفۆرم و له ژێر ئاڵای ئه‌ودا یه‌ک بگرن. پلاتفۆرم نه
ئاڵایه‌کی هه‌بووه و، نه مه‌رجێکی بۆ که‌س داناوه نه
ئه‌و هه‌قه‌ش به‌خۆی داوه که به که‌سان و هێزه‌کانی
دیکه بڵێ که وه‌رن له چوارچێوه‌ی پلاتفۆرمدا یه‌ک بگرن.
ئه‌و تێگه‌یشتنه له لایه‌که‌وه پێوه‌ندی به‌و
بارودۆخه‌وه هه‌بوو که زۆر که‌س مه‌ترسی ئه‌وه‌یان
هه‌بوو که له به‌رانبه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێکدا، تووشی هه‌ژانکی
نه‌ته‌وه‌یی بین و بۆیه‌ش له‌حنی نوووسراوه و
بانگه‌وازه‌که هه‌ندێ ره‌نگی به‌په‌له‌یی و نیگه‌رانی
پێوه دیار بوو. لایه‌نێکی دیکه ئه‌وه بوو که
به‌داخه‌وه له مه‌یدانی سیاسه‌تی کوردی‌دا هیچ کام له
هێزه سیاسییه‌کان رانه‌هاتوون گوێ له که‌سانی دیکه بگرن
و بۆیه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌ی پلاتفۆرم له لایه‌ن هه‌ندی
که‌سه‌وه به گومانه‌وه سه‌یری کرا.
ئێستا ساڵێک دوای ئه‌و
هه‌نگاوه روون بۆته‌وه که پلاتفۆرم نه مه‌به‌ستی
سازکردنی حیزبێکی سیاسی بوو و نه پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی
سیاسی. من پێموایه مه‌به‌ستی پلاتفۆرم هه‌م ئه‌و کات و
هه‌میش ئێستا ئه‌وه‌یه که هه‌ول بدرێ کورد له
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌نی ویست و داخوازێکی یه‌که بێت
و وه‌ک هێزێکی یه‌کگرتوو داخوازییه‌کانی خۆی بێنێته
ئاراوه. دیاره ئه‌و کاره نه هاسانه و نه به یه‌ک
شه‌و ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کگرتنێک مومکین بێت،
بۆ ئه‌وه‌ی ئیئتلاف یان به‌ره‌یه‌ک مومکین بێت، ده‌بێ
ئێمه پێشتر له سه‌ر هه‌ندێ لێکدانه‌وه و لایه‌نی
ستراتێژی ساخ بووبینه‌وه. داڕشتنی پلاتفۆرمێک ئه‌و ئه‌رک
و ئامانجه ده‌پێکێ. من پێموانییه که‌س له خه‌ڵکانی
ده‌ورانپشتی پلاتفۆرم پێی وابێ كه پلاتفۆرمی پێشنیاری
ئه‌وان خاوه‌نی كه‌موكوڕی نییه؛ به پێچه‌وانه،
ئه‌وان بۆیه گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیاری پلاتفۆرمیان
ئاراسته‌ی ھه‌موو لایه‌ك كردووه و داوایان له
ھه‌موو لایه‌ك کرووه كه له گه‌ڵاڵه كردنی
پلاتفۆرمێكی نه‌ته‌وه‌ییدا ھاوكاری و ھاوفكری بكه‌ن،
چونكو پێیان وایه ئه‌م كاره به لایه‌نێك و به
چه‌ند كه‌س ناكرێت. كه وایه پلاتفۆرمی پێشنیاری،
ھه‌نگاوێكه بۆ داڕشتنی پلاتفۆرمێكی پوخت و ھه‌مه
لایه‌نه. به‌ڵام كاتێك ئه‌م پلاتفۆرمه وه‌ك
پێشنیارێك ئاراسته كرا، كه به‌داخه‌وه پلاتفۆرمێكی
گه‌ڵاڵه‌كراوی دیكه له ئارادا نه‌بوو كه ببێته
بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌ستپێكی ھه‌نگاوێكی ھاوبه‌ش بۆ
ھاوكاری. بۆیه وا به باش زاندرا که له بڕی
پێداگرتن له سه‌ر پێداویستی ھاوكاری و ھه‌روه‌ھا
جه‌ختكردن له‌سه‌ر ناسكی بارودۆخه‌كه، ئه‌و
که‌سانه به پێشنیارێكه‌وه بێینه مه‌یدان و ھه‌ول
بده‌ین له‌م ره‌وته‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ھێزه‌كانی
دیكه، پلاتفۆرمێكی پوختتر و گشتی‌تر ئاماده بكه‌ین.
تا ئێستا ھه‌موو ھێزه
سیاسییه‌كان و زۆربه‌ی كۆڕوكۆمه‌ڵانی كوردی له
سه‌ر چه‌ند خاڵی سه‌ره‌كی ھاوفكرن: ھه‌موویان باسی
كوردستانێكی سێكوله‌ر و دێمۆكراتیك ده‌كه‌ن و
ھه‌موویان باسی لابردنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی
ده‌كه‌ن و زۆربه‌شیان له سه‌ر فێدرالیزم ساخ
بوونه‌ته‌وه. دیاره رێگای گه‌یشتن به‌و ئامانجانه و
ناوه‌رۆکی ئه‌و ئامانجانه هه‌ندێ جار هه‌ر روون نییه
هه‌ندێ جاریش له‌یه‌کتر جیاوازه، به‌ڵام جیا له‌و
جیاوازییانه، ئێمه ده‌توانین له سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه
واته کوردستانێکی سێکوله‌ر، دێموکرات و فێدراڵ باسێکی
تێروته‌سه‌لتر بکه‌ین و بزانین له کوێ هاوفکر و له کوێ
تێگه‌یشتنی جیاوازمان له‌م کێشانه هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و
ساخبوونه‌وه‌یه به‌داخه‌وه له ئاستی درووشمێکدا سه‌ر
ناگرێ، به‌ڵکو ده‌بێ ناوه‌رۆکی ئه‌و دروشمانه بێنه به‌ر
باس و له سه‌ر ئه‌و ناوه‌رۆکه یه‌کگرتنێک سه‌ر بگرێ.
پلاتفۆرمێک له‌م روویه‌وه ده‌توانێ سوودی هه‌بێ که
ده‌بێته سه‌کۆیه‌ک بۆ ئه‌و یه‌کگرتنه فکرییه و بۆ
ساخبوونه‌وه له سه‌ر چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کی که ویست و
داخوازی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زراوه‌یی
ده‌کات و به ده‌نگێکی یه‌کگرتوو و له سه‌ر بنه‌مایه‌کی
تۆکمه‌ی سیاسی و فکری به‌رنامه و رۆژه‌ڤی ئێمه
ده‌چه‌سپێنێ.
کورد له‌وانه‌یه بتوانێ
به‌بێ یه‌کگرتن و به‌بێ پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی به
هه‌ندێ له مافه‌کانی خۆی بگات؛ له‌وانه‌یه به‌شی له‌و
هێزه سیاسییانه له موعادله‌یه‌کی سیاسی‌دا هه‌ندێ
ده‌سه‌ڵات بگرن، به‌ڵام بێگومان ئه‌و ئیمکانه ته‌نیا
کاتێک مه‌یسه‌ره که سیاسه‌تێک خۆی به سه‌ر ئێمه و
هێزه‌کانی دیکه‌دا بسه‌لمێنێ. له بارێکی ئاسایی سیاسی و
له کێشه و خه‌باتێکی ئاسایی‌دا، یه‌کگرتووییه‌کی
نه‌ته‌وه‌یی پێشمه‌رجی وه‌دیهاتنی خه‌ونه‌کانی
نه‌ته‌وه‌که‌مانه و بۆیه‌ش ده‌بێ له‌سه پلاتفۆرمێکی
نه‌ته‌وه‌یی پێداگرترێ. ئێمه ده‌بێ بتوانین ویسته‌کانمان
و ناوه‌رۆکی ئه‌و ویستانه‌مان له پێشدا و به‌ر له روودان
و هاتنی گۆڕانکارییه‌کان دیاری کردبێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین
له هاوسه‌نگی هێزه‌کاندا به پێشده‌ستخه‌ری و هێزێکی
زیاتره‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بپارێزین
و به‌دی بێنین.
|
پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد و ئاراسته‌کانی
به‌رده‌م
جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز
پێوه‌ندی نیوان سه‌روه‌ری سیاسی و نه‌زم
...
میکانیزمه ده‌رهاوێژه‌ره‌کانی دێمۆکراسی
ژۆرژ سۆرێل و پرسی زه‌بروزه‌نگ
سه‌باره‌ت به سه‌روه‌ری سیاسی
له کۆتایی مێژووی فوکویامه‌وه بۆ
...
پیکدادانانی شارستانییه‌ته‌کانی هانینگتۆن...
ته‌نیا رێگای پاراستنی ده‌سه‌ڵات...
ژن له دیسکۆرسی ناسیۆنالیستیدا
ژن له نێوان سروشت و کو‌لتوور
نیشتمانی ناسیۆنالیزم ژنێکه پیاو مانای...
کێشه‌ی کورد و پرسی سه‌روه‌ری سیاسی
دووی ڕێبه‌ندان و به‌پاشکۆبوونی پرسی کورد
سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی و فێدرالیزم
ناڕوونی ستراتێژی سیاسیی له
جووڵانه‌وه‌ی..
کێ سیاسه‌ت و سیاسی
پێناسه ده‌کا؟
مه‌ترسییه شاراوه‌کانی به‌رده‌م
جووڵانه‌وه...
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد ده‌توانێ روخسارێكی
فێمینیستی به‌خۆیه‌وه بگرێ؟
گه‌ڵاڵه‌کردنی
پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی ....
ئایا ناسیۆنالیزمی كورد
ده‌توانێ روخسارێكی
چه‌مکی
پێشڕه‌و و بیرۆکه‌ی سه‌نترالیزمی دێمۆکراتیک
|