|
یادداشت
سەبارەت بە چەمکی ئێرانیبوون
یەکێ لەو
خاڵانەی کە کورد بەردەوام لە دانیشتن و دیالۆگ
لەگەڵ ناسیۆنالیستەکانی فارسدا لەگەڵیدا
رووبەڕوویە، چەمکی ئێرانیبوونە وەک پێناسەیەکی
نەتەوەیی. ئێرانیبوون لە بنەڕەتدا، ئەگەر بکرێ وەک
پێناسەیەکی نەتەوەیی بناسین، وا لە سەر نکۆڵی و
دەرهاوێژەری دانیشتووانی غەیرفارسی و غەیری شیعەی
وڵاتی ئێران ساز بووە. ئەم پێناسەیە شتێک نییە جگە
لە پێناسەی نەتەوەی فارس و دەسەڵاتی سیاسی ئەمان
بە ناوی دەسەڵات و پێناسەیەکی گشتگر بۆ هەموو
دانیشتووانی ئێران. ئێرانیبوون بەر لەوەی
پێناسەیەکی نەتەوەیی بێت، هێمایەکە بۆ هێژمۆنی و
باڵادەستی کولتوری و سیاسی نەتەوەی فارس بە سەر
نەتەوەکانی دانیشتووی ئێراندا.
بۆ ئێمەی کورد،
ئەگەر باس لە پیناسەی نەتەوەیی بێت، وا کوردستانی بوون و
کوردبوون، ناوەرۆکی ئەم پێناسەیەی نیشان دەدات. پێناسەیەکی
نەتەوەیی هەمیشە بە مانای،یان خود گرێدراوی بوونی دەوڵەت
ـ نەتەوەیەک نییە، ئەم پێناسەیە هەم دەتوانێ بەرهەمی
دەوڵەت ـ نەتەوەیەک بێت و هەمیش ئەنجامی جووڵانەوەیەکی
ناسیۆنالیستی و بەم مانایەش سەرچاوەیەک و هۆکارێکی
پێکهێنان و سازدانی دەوڵەت ـ نەتەوە. پێناسەی نەتەوەیی
کورد گرێدراوی دەوڵەتانی ناوچە نییە کە کورد تێیدا دەژین،
چونکو ئەم دەوڵەتانە هیچکامیان لە دەستوور و یاسای
بنچینەییدا، بوونی کوردیان وەک بەشێکی پێکهێنەری ئەم
پێناسەیە نەناساندووە وپەسند نەکردووە (دەستووری نوێی
ئێراق، تا رادەیەک دانی بەم فاکتە داناوە). ئەمە دیارە بە
مانای نکۆڵی لەم فاکتە حقوقی و یاساییە نییە کە کەسێک
دەتوانێ خەڵکی تورکیا بێت، یان خەڵکی ئێران بێت بە بێ
ئەوەی پێناسەی نەتەوەیی ئێرانی یان تورکبوونی هەبێت.
ئێرانیبوون
دەتوانێ دوو مانای هەبێت، لە لایەکەوە ئێرانبوون دەتوانی
بە مانای نیشتەجێبوون و دانیشتوویی یان مافی شاروەندێتی
وڵاتی ئێران بێت و بەم پێیەش کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان
دانیشتووی وڵاتێکن لە لە ئاستی حقوقی و پێوەندییە
نێونەتەوەییەکاندا وەک ئێران بە رەسمی ناسراوە (من باسی
نیشتمان ناکەم، بەڵکو مەبەستم یەکەیەکی جۆغرافیایی
بەرەسمییەتناسراوە). لە لایەکی دیکەش، ئێرانیبوون، وەک
پێناسەیەکی نەتەوەیی بەکار دێت. لە راستیدا لە گووتار و
نووسراوەکانی سیاسیدا، ئەم ناوەرۆکەیە کە باسی لێ دەکرێت،
واتە کاتێ باسی ئێرانبووین دەکرێت، کەس مەبەستی لەم چەمکە،
یەکەیەکی جۆغرافیایی نییە، بەڵکو ئەم چەمکە هێمایەکە بۆ
پێناسە و بۆ دیاریکردنی وابەستەیی فەرهەنگی و کولتووری و
هەستی ئەندامێتی لەلای نەتەوەیەک. بەم مانایە وەڵام بەم
پرسیارە دەگەڕیتەوە سەر ئینتخاب و جوابی شەخسی کەس یان
کەسان. ئەگەر کەسێک خۆی وەک ئێرانی پێناسە دەکات، کەس
ناتوانێ بەتۆبژی ئەم پێناسەیەی لێ بستێنێتەوە. بەڵام هیچ
کوردێک ئێمڕۆ ناتوانێ هەم کورد بێت و هەمیش ئێرانی، چونکو
هەر وەک باسم کرد، پێناسەی ئێرانیبوون لەسەر بنەمای نکۆڵی
و دەرهاوێژەری ئەو ماکانە (زمان، فەرهەنگ، ئاینزا،
کولتوور، مێژوو ...) دامەزراوە کە کورد پێناسە دەکەن. کە
وایە کاتێ بەشی لە هێزە سیاسییەکانی ئێمە بە شانازییەوە
باسی ئێرانیبوون دەکەن، یان بە ئەنقەست و بە مەبەستێکی
سیاسی ئەم چەمکە بەکار دێنن یانیش لە راستیدا جیاوازی ئەو
دووفاقەییەی ناوەرۆکی چەمکەکە لەبیر دەکەن یان دەشێوێنن.
ئەگەر لە داهاتوودا پێناسەیەکی نوێ لە ئێران وەک وڵات و لە
ئێرانیبوون وەک کۆنەتەوە یان وەک بەشپێناسەیەکی نەتەوەیی
ئاراستە بکرێت کە ئەم چەمکە هەم فارسبوون و هەم کوردبوون و
هەم ئازەریبوون هتد لە خۆیدا کۆ بکاتەوە، دەکرێ ئەوکات
کوردبوون و ئێرانیبوون دژایەتیییەکیان لەگەڵ یەکتردا نەبێ،
بەڵام ئێمڕۆ ئێمە گەلێ لەم پێناسەیە دوورین. گرفتی سەرەکی
فارسەکانە لەگووتارە سیاسییەکانیاندا ئەوەیە کە ئەم دوو
لایەنە (نیشتەجێبوون لە وڵاتێک و پێناسەیە نەتەوەیی) لێک
جیا ناکەنەوە. بۆ فارسێک ئاساییە بڵێ ئێرانییە، چونکو
ئیرانیبوون لە ئاستی پێناسەیەکی نەتەوەییدا، لە ئەساسدا
هیچ مانایەکی نییە جگە لە فارسبوون؛ چونکو ئێرانیبوون و
فارسبوون هاوجووتن و هێچ ناتەباییەکیان بەیەکەوە نیییە.
بەشێ لە هێزە
سیاسییەکانی کورد ئەوە دەکەنە بیانوو کە ئێمە لە سیاسەت و
درووشمەکانماندا داوای سەربەخۆییمان نەکردووە و تەنیا
فێدرالیزمان باس کردووە، هەر بۆیەش ناتوانین نکۆڵی لە
ئێرانیبوون بکەین. بەڵام لە راستیدا ئەمە هەمان
هەڵەتێگەیشتنێکە لە ئیرانیبوون کە فارسەکان دەیکەن. کاتێ
کەسێ یان لایەنێ ئەم شتە دەلێ، وادیارە ناتوانێ ئەو دوو
ناوەرۆکە جیاوازەی لە سەرەوە باسم کرد، لێک هەڵاوێرێ. ئەو
کوردەی کە سەربەخۆیی دەوێ یان ئەو کوردەی داواکاری
فێدرالیزم یان خودموختارییە، دەتوانێ هاوکات زۆر بە ئاشکرا
ئەوە بڵێ کە ئێرانی نییە، چونکو بەشی نەتەوەی خۆی لە
پێناسەیەدا نابینێ و چونکو ئێرانیبوون لە تاریفی رەسمی ئەم
وڵاتەدا بە مانای نکۆڵییە لە کوردبوون. بە هەمان مانا
هێزێکی کوردی دەتوانێ خۆی نەکاتە پاشکۆی سیاسەتێکی ئێرانی،
بەڵام داوای جیابوونەوە و سەربەخۆییش نەکات. جیانەکردنەوەی
ئەم دوو لایەنە یەکێک لەو هەڵە گەورانەیە کە زۆربەی هێزە
سیاسییە کوردییەکانی کوردۆتە بە پاشکۆیەکی سیاسەتی
ئێرانییەکان. ناگووتن بە ئێرانیبوون مەرج نییە هەمیشە بە
مانای داواکاری دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان جیابوونەوەش بێت.
ئێمە دیاردەیەکمان بەناوی ئێرانیبوون وەک پێناسەی نەتەوەیی
لە مێژووی ئێراندا نەبووە و خودی ناوی "ئێران" لە سەردەمی
رەزاشا (لە ساڵی ١٩٣٥دا) بۆ ئەم وڵاتە هەڵبژێردرا کە پێشتر
بە ناوی پارس دەناسرا. (با لێرە لەوەش گەڕێین کە
هەڵبژاردنی ناوی ئێران لە لایەن رەزاشادا بەر لە هەموو شت
نزیکبوونەوەیەک بوو لە هیتلەر و ئالمانیای نازی ئەوکات، بۆ
ئەوەی بسەلمێنێ کە ئێرانی وەک ئالمانییەکان سەر بە
نژاد و رەگەزی پاکی ئارین).
بە کورتی،
ئێرانیبوون، چەمکێکە کە وەک پێناسەی نەتەوەیی ئەنجامی
سەرهەڵدانی دەوڵەتـنەتەوەی ئێرانە. لە پێکهاتنی ئەم
دەوڵەتەشدا هیچ پرسێک بە ئێمە نەکراوە و هیچکام لە
تایبەتمەندی و ناوەرۆکەکانی پێناسەیی ئێمەش وەک بەشێک لەم
پێناسە گشتییە لە خانەی ئێرانیبووندا نەگوونجێندراوە. کە
وایە ئێمە لە سەر کام بنەما دەتوانین بڵێین ئێرانین؟
|
شهماڵ کاوه
ئهم
ماڵپهرهم بۆ کۆکردنهوهی نووسراوهکانی خۆم تهرخان کردووه.
بیانوویهکیشه بۆ ئهوهی ههندێ زیاتر کات بۆ نووسینی
کوردی دابنێم.
رۆژانه وهک
ماموستا له زانستگای ستۆکهۆڵم کار دهکهم و بواری کاریشم به
پلهی یهکهم فهلسهفهی سیاسی و مێژووی ئهندێشهی
سیاسییه.
له بواری کوردیدا نووسراوهکانم زیاتر ئاراستهی
سیاسییان ههیه.
درێژه
»»
|